یونسێف: منداڵان گەورەترین قوربانیانی بومەلەرزە وێرانکەرەکانن
دیمەشق – نۆرس پرێس
ئێوارەی دوێنێ دووشەممە، رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ منداڵان (یونیسێف) رایگەیاند، دوای ئەوەی ئەمڕۆ دوو بوومەلەرزەی وێرانکەر و دەیان دەیان لەرینەوە تورکیا و سوریای گرتەوە، هەزاران منداڵ و خێزان ژیانیان کەوتە مەترسیەوە.
کاسرین راسڵ بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یونیسێف وتی: ئەو وێنانەی لە سوریا و تورکیاوە دەگوێزرێنەوە دڵتەزێنن، ئەوەی کە یەکەم بوومەلەرزە لە بەیانیەکی زوودا روویدا مەترسییەکەی زیاتر کرد، کاتێک زۆرێک لە منداڵەکان لە قوڵایی خەودا بوون، مەترسیەکەی زیاترکرد.
لە راگەێنراوەکەی یونیسێفدا هاتووە کە ژمارەی ئەو قوربانیانەی لە سوریا و تورکیا رادەگەیەنرێن بەردەوام لەهەڵکشاندایە.
تا سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، زیاتر لە 24 کاتژمێر دوای روودانی بوومەلەرزەکە، ژمارەی قوربانیان لە سوریا گەیشتە 1515 گیانیانلەدەستدان و زیاتر لە 3605 بریندار، ئەم ژمارەیەش بە بەردەوامی لە هەڵکشاندایە.
ئەمڕۆ سێشەممە، بەشی فریاکەوتن و بەڕێوەبردنی کارەساتەکانی تورکیا رایگەیاند، ژمارەی گیانلەدەستدانی بوومەلەرزەکەی ئەو وڵاتە 3381 کەس بەرزبووەتەوە و ژمارەی بریندارەکانیش گەیشتووەتە 20426 کەس.
رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هەڵسەنگاندن بۆ کاریگەرییەکانی ئەو دوو بوومەلەرزەیە و ئامادەیی بۆ پاڵپشتیکردنی وەڵامدانەوەی مرۆیی دەکات، بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوبەشەکانیان لە سوریا، وڵاتێک کە بەدەست کاریگەرییەکانی قەیرانێکی راستەقینەی شەڕی 11 ساڵ لەمەوبەرەوە دەناڵێنێت.
رێکخراوەکە تیشکی خستە سەر ترسناکیی ئەو کارەساتە کە لە کاتی خەوتنی خێزانەکان و منداڵەکانیان روویدا، بەهۆی نزمی پلەکانی گەرما و زستانی سەختەوە.
کاسرین راسڵ ئاماژەی بەوەدا کە لەرینەوەی دوای بوومەلەرزە مەترسی بەردەوام بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
ئەو ژمارەیەی کە راگەیەندراوە کۆتایی نییە و هێشتا بەهۆی بوونی ئەو خێزانانەی کە هێشتا لە ژێر داروپەردوودان، زیاد دەکات.
یونیسێف لە ئێستادا کاری سەرەکی و پێویست بەوە دەزانێت کە دەستبەجێی دڵنیابنەوە لەوەی کە منداڵان و خێزانە زیانلێکەوتووەکان دەستیان بە هاوکاری و پشتگیرییەکان دەگات کە زۆر پێویستیانە لەم بارودۆخانەدا.
پێدەچێت قوتابخانە و نەخۆشخانە و دامەزراوە پزیشکی و پەروەردەییەکانی دیکە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان پێگەیشتبێت یان لەناوچوون، ئەمەش کاریگەری زیاتری لەسەر منداڵان دەبێت.
رێکخراوی منداڵان ئاماژەی بەوەشکردووە، منداڵان لە سوریا تا ئێستاش رووبەڕووی یەکێک لە ئاڵۆزترین بارودۆخە مرۆییەکانی جیهان بوونەتەوە لەسەر هەموو ئاستەکانی خوێندن و تەندروستی و ژیان.