نزیکەی 50 قوربانی بومەلەرزەکەی ئەمڕۆ لە ناوچەکانی بەڕێوبەری خۆسەر
قامیشلۆ – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ دووشەممە، دەستەی تەندروستی بەڕێوبەری خۆسەری رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، نزیکەی 50 کەس بێسەروشوێن و برینداربوون لە ئەنجامی ئەو بوومەلەرزەیەی کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ سەرجەم ناوچەکانی سوریا و رۆژئاوای کوردستانی گرتەوە.
لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی بەڕێوبەری خۆسەر، جوان مستەفا، هاوسەرۆکی دەستەکە رایگەیاندووە، لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە لە شاری حەڵەب 6 کەس گیانیان لەدەستداوە و 33 کەسی دیکەش برینداربوون، هەروەها 5 کەسی دیکەش لە گوندەواری باکووری حەڵەب برینداربوون و 4 کەسی دیکە لە کۆبانی برینداربوون، جگە لە برینداربوونی دوو کەس لە مەنبیج.
مستەفا جەختی لە ئامادەیی سەرجەم نەخۆشخانەکانی بەڕێوبەری خۆسەر کردەوە بۆ وەرگرتنی سەرجەم حاڵەتە فریاگوزاریەکان، جا لە ناوەوە یان دەرەوەی ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان بێت.
پێشتر وەزارەتی تەندروستی سوریا ڕایگەیاندبوو، ژمارەی قوربانیان بەهۆی بوومەلەرزەکەوە بۆ 371 گیانلەدەستدان و 1089 بریندار لە حەڵەب، لازقیە، حەما و تەڕتووس بەرزبووەتەوە، ئەم ژمارەیەش رەنگە بەرزبێتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی بومەلەرزەزانی نیشتیمانی سوریا، بومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.7 پلە بە پێوەری رێختەر ناوچەیەکی فراوانی سوریای هەژاندووە.