برینداربوون و زیانە مادییەکان لە کۆبانی بەهۆی بومەلەرزەوە

کۆبانی – نۆرس پرێس

لە شاری کۆبانی رۆژئاوای کوردستان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، 4 هاوڵاتی سڤیل لە ئەنجامی ئەو بوومەلەرزەیەی کە سەرجەم ناوچەکانی سوریای گرتەوە برینداربوون، ئەمە جگە لە زیانی ماددی زۆر.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ، بومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.7 رێختەر ناوچەیەکی بەرفراوانی سوریا و رۆژئاوای کوردستان، تورکیا و باکووری کوردستانی هەژاند، هەروەها بومەلەرزەی دیکە بە گوڕی 4.7 رێختەر لە دیمەشقی سوریا و موسڵ لە عێراق هەستی پێکراوە.

سەرچاوەیەکی پزیشکی لە نەخۆشخانەی کۆبانی رایگەیاند، لە ئەنجامی بوومەلەرزەکەدا چوار کەس برینداربوون و سەرجەمیان برینەکانیان سوکە.

وەزارەتی تەندروستی سوریا بەرزبوونەوەی دەرەنجامی قوربانیانی بومەلەرزەکەی رایگەیاند بۆ 371 گیانلەدەستدان و 1089 بریندار لە حەڵەب، لازقییە، حەمات و تەڕتووس.

ئامادەکردنی: فەتاح عیسا – داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان