مه‌سرور بارزانی ئامادەیی هه‌رێمی كوردستانی بۆ هاوكاری زیانلێکەوتوانی بومەلەرزەکە راگەیاند

هەولێر – نۆرس پرێس

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان په‌یامێكی له‌باره‌ی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی به‌یانی ئه‌مڕۆی توركیا و باكووری كوردستان و بەشیک لە سوریا و رۆژئاوای کوردستان، بڵاوكردوه‌.

سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ تویتێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیە بۆ یارمەتیدانی‌ هەوڵەکانی رزگارکردن و بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووان.

مه‌سرور بارزانی ده‌شڵێت: هاوخه‌مم لەگەڵ کەسوکاری قوربانی و بریندارەکانی ئەو بومەلەرزەیەی ناوچه‌كه‌مانی هه‌ژاند.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، بومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.8 پلەی رێختەر 10 شاری تورکیا و باکووری کوردستانی هەژاند، دواتریش نزیکەی 50 پاشلەرزە روویاندا، کە بەهۆیانەوە زیاتر لە 70 کەس لەو شارانە گیانیان لەدەستدا و سەدان کەسی دیکەش برینداربوون.

بومەلەرزەی سەرەتا لە هەردوو پارێزگای دهۆک و هەولێر هەستی پێکرا و بەشێك لە هاووڵاتیان لەترسی دووبارەبوونەوەی بومەلەرزە لە ماڵەکانیان چوونە دەرەوە.

زنجیرە بومەلەرزەکەی تورکیا و باکووری کوردستان، باکووری سووریا و بەشێک لە رۆژئاوای کوردستانی گرتەوە، وەزارەتی تەندروستی سووریا لەوبارەیەوە رایگەیاند، لانیکەم 111 کەس لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەت لە سوریا گیانیان لەدەستداوە.