هەولێر – نۆرس پرێس
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، لە ئەنجامی بوومەلەرزەیەک لە هەرێمی عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان، زیاتر لە 50 کەس گیانیان لەدەستدا و سەدانی دیکەش برینداربوون.
سەرچاوەیەکی مەیدانی بە نۆرس پرێسی راگەیاند، بەهۆی رووخانی باڵەخانەکانی نیشتەجێبوونەوە لە عەفرین زیاتر لە 50 کەس گیانیان لەدەستداوە و سەدان کەسیش برینداربوون.
بەهۆی بوومەلەرزەکەوە ناحیەی جندیرس لە عەفرین روخانی زۆرێک لە باڵەخانەکانی بەخۆوەبینی و هیچ زانیارییەکی دروست لەبارەی ژمارەی قوربانیانەوە دەستنەکەوتووە و سەرچاوەکەش ئاماژەی بەوەشکردووە، تا ئێستا دانیشتووانەکەی لە ژێر داروپەردوودا گیریان خواردووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، نەخۆشخانەکانی جندیرس و عەفرین بانگەوازێکیان دەستپێکرد بۆ بەخشینی خوێن لە هەموو جۆر و گروپەکان، بۆ هاوکاریکردنی بریندارانی بوومەلەرزەکە.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، شەقامی ڤێلاکان و شەقامی مازوت لە شاری عەفرین زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە، بە هۆی داڕمانی باڵەخانەکانی نیشتەجێبوونەوە، تا ئێستا هەوڵەکان بەردەوامن بۆ دەرهێنانی قوربانیان لەژێر داروپەردووی خانووە روخاوەکاندا.
هاوکات دەزگای بەرگری شارستانی سەر بە ئۆپۆزسیۆن لە عەفرین داوای کۆکردنەوەی تواناکانی کرد بۆ کۆنتڕۆڵکردنی زیانەکان.