هه‌ولێر: دۆزینه‌وه‌ی ته‌رمی ئه‌یوب دوای 13 رۆژ له‌ دیار نه‌مانی

هه‌ولێر – نۆرس پرێس

دوای 13 رۆژ لە ونبوونی رۆژی یه‌ك شه‌ممه‌، تەرمی ئەیوب ئەحمەدی تەمەن 13 ساڵان لە ناحیەی کەسنەزان دۆزرایەوە.

 پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ تەرمی منداڵێک لە ناحیەی کەسنەزان دۆزرایەوە، بۆ دڵنیابوونەوە لە ناسنامەکەی رەوانەی پزیشکی دادی هەولێر کراو توێکاری تەرمەکە دەریخستووە کە ئەیوب ئەحمەدی تەمەن 13 ساڵانە، کە ماوەی 13 رۆژە لە هەولێر ونبووە.

پۆلیسی هەولێر لە دوای دۆزینەوەی تەرمی ئەیوب پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ رووداوەکە کردووەتەوە، بۆ ئەوەی بزانن کە ئاخۆ ئەیوب خنکاوە یان خنکێندراوە.

له‌و باره‌یه‌وه‌ عەمید دلێر نەجاڕ، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر رایگه‌یاند، “باوکی ئەیوبمان هێنایە شوێنی رووداوەکە، دڵنیابوویەوە کە تەرمی کوڕەکەیەتی و لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەستیپێکردووە بۆ ئەوەی بزانین چۆن خنکاوە، ئەوکات هەموو لایەک لە ئەنجامەکەی ئاگادار دەکەینەوە”.