ئه‌نجومه‌نی نیشتیمانی چاره‌نووسی گفتوگۆی لایه‌نه كوردییه‌كان ئاشكرا ده‌كات
قامیشلۆ- نۆرس پرێس
رۆژی یه‌كشه‌ممه، به‌رپرسێكی راگه‌یاندن له ئه‌نجومه‌نی نیشتیمانی كورد له سوریا رایگه‌یاند، ئه‌نجومه‌نه‌كه‌یان چاوه‌ڕوانی “نیكۆڵاس گراینگه‌ر”ی نوێنه‌ری باڵای حكومه‌تی ئه‌مریكا بۆ كاروباری باكووری سوریا ده‌كات، بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی دانوستانه‌كانی نێوان لایه‌نه كوردییه‌كانی سوریا.
سه‌ره‌ڕای تێپه‌ربوونی دوو ساڵ به‌سه‌ر دانشتنه‌كانی دانوستانی نێوان پارته‌كانی یه‌كبوونی نیشتیمانی كورد و پارته‌كانی ئه‌نجومه‌نی نیشتیمانی كورد، به‌مه‌به‌ستی یه‌كخستنی هه‌ڵوێسته سیاسییه‌كانیان، به‌ڵام هێشتا به‌ربه‌ست هه‌یه له گه‌یشتن به رێككه‌وتنی كۆتایی نێوان ئه‌و دوو ڵایه‌نه كوردییه.
له‌سه‌ردانێكدا بۆ باره‌گای ئه‌نجومه‌نی نیشتیمانی له شاری قامیشلۆ له 11 كانونی دووه‌می رابردوو، نیكۆڵاس گراینگهری نوێنه‌ری وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا چه‌ند دۆسییه‌كی تاوتوێكردبوو، له‌وانه‌ش گفتوگۆی نێوان كورده‌كان.
له‌و باره‌یه‌وه حه‌سه‌ن ره‌مزی به‌رێوه‌به‌ری نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی ئه‌نجومه‌نی نیشتیمانی كورد وتی: نێرده‌ی ئه‌مریكا به ئهنجومهنهكهیانی راگه‌یاندووه، واشنتن گرنگی ده‌دات به دانوستانی نێوان لاینه كوردییه‌كان.
ره‌مزی به نۆرس پرێسی راگه‌یاند: وه‌كو لایه‌نی سه‌رپه‌رشتیار، ئه‌وان چاوه‌ڕوانی نێرده‌ی ئه‌مریكان، بۆ ده‌ستپێكردنی دانوستانه‌كان.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، له دانووستانه‌كانی پێشوودا كه به‌سه‌رپه‌رشتی ئه‌مریكا ئه‌نجامدرابوو، كۆتاییهێنرا به دیدی سیاسی و مهرجیعییهتی كورد و چه‌ند كاروبارێكی كارگیری دیكه.
هه‌روه‌ها خاڵه ناكۆكه‌كان كه بوونه‌ته رێگر له‌به‌رده‌م پێشخستنی دانوستانه‌كان تایبه‌تن به، گرێبه‌ستی كۆمه‌ڵایه‌تی و خوێندن و سه‌ربازیكردنی زۆره ملێی له ناوچه‌كانی به‌رێوه‌به‌رێتی خۆسه‌ر.