راوێژکارێکی سوودانی: بەهای دینار بەرامبەر دۆلار دەگەڕێتەوە بۆ ئاستی پێشووی

هه‌ولێر – نۆرس پرێس

فادی شەمەری، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق لە تویتێکدا رایگەیاند: “کۆبوونەوەی ئیستەنبووڵی نێوان بانکی ناوەندیی عێراق و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سەرکەوتوو بوو. بانکی ناوەندیش ژمارەیەک رێکاری نوێی راگەیاند کە کاریگەریی گەورەیان دەبێت لەسەر دابەزینی بەهای دۆلار، ئەوە وێڕای رێکارە تووندە ئەمنییەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەوانەی دۆلار بە قاچاخ دەبەن و یاری بە نرخەکەی دەکەن“.

شەمەری ڕاشیگه‌یاند: “بۆ گەندەڵکاران و ئەوانەی یاری بە نرخ دەکەن، لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا بەهای دینار دەگەڕێتەوە نرخی سرووشتی خۆی“.

ئێواره‌ی دوێنێ هه‌ینی عەلی موحسین عه‌للاق پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق و برایان نێلسۆن یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا لە ئیستانبوڵ کۆبوونەوە.

دوای کۆبوونەوەکە بانکی ناوەندیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی هاریکاری و هاوئاهەنگیی نێوان هەردوولا کرا لەپێناو بەدەستهێنانی سەقامگیری لە ئاڵوگۆڕی دراو لە عێراق و میکانیزمە پەیوەندیدارەکانی.

دوای ئەو راگەیێندراوە، بەهای دیناری عێراقی بە خێرایی بەرامبەر دۆلار بەرزبووەوە و لە ماوەیەکی کەمدا 100 دۆلار گەیشتە 163 هەزار دیناری عێراقی لە کاتێکدا کە رۆژی پێنجشەممە 100 دۆلاری ئەمریکی 175 هەزار دیناری تێپەڕاندبوو.

لە 8ی ئەم مانگە، بڕیاره‌ محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی ئەمەریکا بکات و گرفتی دابەزینی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی له‌گه‌ل به‌رپرسانی ئه‌مریكا تاوتوێ بكات.