كۆبونه‌وه‌ی بانكی ناوه‌ندی عێراق و وه‌زاره‌تی گه‌نجینه ئه‌مریكا كۆتایی هات و دینار به‌رزبۆوه
هه‌ولێر – نۆرس پرێس
ڕۆژی هه‌ینی، كۆبونه‌وه‌ی شاندی بانكی ناوه‌ندی عێراق و له گه‌ڵ وه‌زاره‌تی گه‌نجینه ئه‌مریكا له توركیا كۆتایی هات و ده‌ست به‌جێ به‌هار دیناری عێراقی به‌رامبه‌ر به دۆلار به خێرایی به‌رزبووه‌وه
نووسینگەی راگەیاندنی بانکی ناوەندیی عێراق له به‌یاننامه‌یه‌كدا ئاشكرایكرد، کۆبوونەوەی شاندی بانکی ناوەندیی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلی موحسین ئیسماعیل، پارێزگاری بانکەکە لەگەڵ براین نیلسن، یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا و شاندی یاوەری لە تورکیا کۆتاییهات.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، له کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ كرا سه‌باره‌ت به سەقامگیری ئاڵوگۆڕی دراو لە عێراق و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا جەختی لە پشتیوانیی خۆی بۆ گەیشتن بە سەقامگیریی ئابووری لە عێراق دووپاتکردەوە و ئاماژەی بە بایەخی ئەو بنەمایانە کرد کە لەمیانی پەیوەندیی تەلەفۆنییەکەی دوێنێ پێنجشەممەی نێوان سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆکی ئەمریکا باسکرابوون.
راگەیێندراوەکە ئه‌وه‌شی ئاشكراكرد، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ئامادەیی پێویستی خۆی دەربڕیووە لەپێناو بەجێگەیاندنی ئامانجە هاوبەشەکان؛ هەروەها لایەنەکان رێککەوتن لەسەر بەردەوامبوون لەسەر هاریکاری و هاوئاهەنگیی نێوانیان لەمیانی ئەو کۆبوونەوانەی کە بڕیارە پێش نێوەڕاستی ئەم مانگە لە واشنتن بەڕێوەبچن.
دوای به دوای راگه‌یاندنی هه‌واڵه‌كه، بەهای 100 دۆلاری ئەمریکی بۆ 163 هەزار دینار دابه‌زی، لە کاتێکدا کە دوێنێ پێنجشەممە 100 ئەمریکی 175 هەزار دیناری تێپەڕاند.
دوێنی پێنج شه‌ممه، جۆ بایدن، سه‌رۆكی ئه‌مریكا و محه‌مه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆکوه‌زیرانی عێراق په‌یوه‌ندیه‌كی ته‌له‌فۆنیان ئه‌نجامدا و لەوباریهوه كۆشكی سپی له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاندبوو، بایدن پابه‌ندیی ئه‌مریكای بۆ هاوكاریكردنی عێراق دووپاتكردووەته‌وه.
له به‌یاننامه‌كه‌دا ئاماژە بەوەشکرابوو، له پهیوهندیهكهدا باسیان لە کارنامەی ئابووری سەرۆکوەزیران و ئەو سیاسەتانە کرد کە ئەمریکا ئامادەیە بە تەواوی پشتگیریی بکات، بایدن پێشوازی لە سەردانەکەی هه‌فته‌ی داهاتووی فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و شاندێکی یاوەری کرد بۆ واشنتۆن به مه‌به‌ستی تاوتوێکردنی زیاتری ئەم بەرنامانە.