نائارامی و پشێوی ئه‌منی، باڵی كێشاوه به‌سه‌ر ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی توركیا له رۆژئاوای كوردستان
تەلتەمر – نۆرس پرێس
هەردو ناوچەی سەرێکانی و گرێسپی ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی تورکیا و گروپه چەکدارەکانی لایه‌نگرییان له رۆژئاوای كوردستان، لە ماوەی هەفتەی دوەمی ئەم مانگەدا ئاژاوه‌و پشێوی ئه‌منی به‌هۆی قاچاخچێتی و سه‌پاندنی هه‌ژمونه‌وه به‌سه‌ریدا زاڵبوه.
بەپێی راپۆرتەکانی مافی مرۆڤ، هێزەکانی تورکیا و گروپه‌كانی لایه‌نگری، كه لە کۆتایی ساڵی 2019 ەوە ناوچەکانی سەرێکانی و گرێ سپی-یان کۆنترۆڵکردوە، هۆكاربون بۆ ئه‌وه‌ی نزیکەی 300 هەزار کەس ئاوارە ببن.
تۆپبارانه‌كان
لە هەفتەی دوەمی مانگی تەموزدا هێزەکانی تورکیا دوجار بە چەکی قورس گونده‌واری تەلتەمر-یان بۆردومانکردوه، ئه‌وه‌ش پێشێلکردنی نوێی ئەو ڕێککەوتننامەی ئاگربەسته‌یه، تورکیا لەگەڵ ڕوسیا و ئەمه‌ریکا لە کۆتایی ساڵی 2019 دا مۆریكردوه.
لە حەوتی تەموزدا هێزەکانی تورکیا بە چەکی قورس گوندەكانی تەوێڵە و کوزه‌ڵێ-یان لە رۆژئاوای شارۆچکەی تەلتەمر تۆپبارانكردو خه‌ڵكی ئه‌و گوندانه‌یان ئاواره كرد.
دو ڕۆژ دواتر، گوندەکانی نزیک كوزه‌ڵێ و تەلـله‌بن لە ڕۆژئاوای ته‌لته‌مر تۆپبارانی هاوشێوە كران و زیانی ماددی بە موڵک و ماڵی هاوڵاتیانی سیڤیل كه‌وت.
تۆپبارانه‌كانی تورکیا له‌كاتێكدا ئه‌نجامده‌درێن هه‌ڕه‌شه‌كانی رەجەب تەیب ئەردۆگان بۆ هێرشكردنه‌وه سه‌ر ناوچه‌كانی رۆژئاوای كوردستان ناوبه‌ناو ئاراسته ده‌كرێن.
شەڕ و ململانێ
ئاژاوە و پشێوییه ئەمنییه‌كان بوه‌ته رۆتینێكی دیار و باڵی كێشاوه بەسەر ئەو ناوچانەی لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی تورکیا و گروپه چەکدارەکانی لایه‌نگریاندان.
له‌و چوارچێوه‌یه‌دا هه‌شتی تەموز لە شاری سەرێکانی شەڕ و پێکدادانێکی بەهێز لەنێوان دو گروپی فیرقەی حه‌مزه رویدا‌و جۆرەها چه‌ك له‌و شه‌ڕه‌دا به‌كارهێنران.
هۆکاری پێکدادانی نێوان ئه‌و چه‌كدارانه دەگەڕێتەوە بۆ ناکۆکی نێوان سەرکردەکانیان و هه‌وڵی جیابونه‌وه‌ی یه‌كێك له تاقمه‌كان له گروپه‌كه بەپێی ئەوەی سەرچاوەیەکی خۆجێیی بە نۆرس پرێس-ی راگه‌یاند.
لە ئەنجامی ئەو پێکدادانانەدا کوژراو و بریندار له نێوان هه‌ردو تاقمه‌كه‌دا کەوتەوە، ژمارەیەک پۆلیسی سەربازی-ش کە ویستبویان دەستوەردان بکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکه، برینداربون و بەشێکیان بەهۆی سەختی برینەکانیانەوە گواستراونەتەوە بۆ خاکی تورکیا.
لەلایەکی دیکەوە، دو منداڵی تورک لە شاری جیلان بینار لە دیوی هاوتەریبی سنور، لە کاتێکدا لەسەربانی ماڵەکانیان خه‌وتبون، له ئه‌نجامی شه‌ڕی ئه‌و چه‌كدارانه برینداربون.
دوبارەبونەوەی پێکدادانه‌كان و پشێوییه ئه‌منییه‌كان و ته‌شه‌نه‌ی تاوان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی تورکیا و گروپه‌كانی لایه‌نگری، كاره‌كته‌ره كاراكانی ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی به‌شێوه‌یه‌ك توڕه‌كردوه، ناوچەکانی “چاوگی ئاشتی” كه توركیا بۆ ئه‌و ناوچانه‌ی داتاشیوه، به “چاوگی تیرۆر” ناوده‌به‌ن.
شه‌ڕی ئه‌و چه‌كدارانه پاش ڕۆژێک له سەرهەڵدانی شەڕ و پێکدادان هات لە نێوان گروپی “شەهیدانی بەدر” له‌سه‌ر قاچاخچێتی، کە گونده‌واری ڕۆژئاوای سەرێکانی-یان له به‌رده‌ستدایه.
به‌ته‌سككردنه‌وه‌ی ئازادییه‌كان
لە ژێر ئه‌و دۆخه په‌شێوه‌دا، گروپه‌كانی لایه‌نگری ئه‌نكه‌ره بەردەوامن لە پێشێلکارییەکانیان بە سنوردارکردنی ئازادییەکانی ئه‌و ژماره كه‌مه‌ی دانیشتوانی ڕەسەنی شاری سەرێکانی-کە لە ناوچەکەدا ماونەتەوە.
سەرەتای ئەم هەفتەیە لیژنەی ئاوارەکانی سەرێکانی لە پەیجی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاویکردەوە، چەند سەرچاوەیەک لە ناوخۆی شاره‌كه‌وه نەیانتوانیوە سەردانی گۆڕی مردوه‌كانیان بکەن و لە ترسی تاڵانكردن و دزیكردن له ماڵەکانیان ڕێوڕەسمی ئایینی ئەنجامبدەن.
بەپێی لیژنەکە، بەشێک لە دانیشتوان ناڕەزایی گشتی خۆیان دەربڕیوە بە سەردان نەکردنی گۆڕەکان بەهۆی نه‌بونی ئارامی و پێشێلکاری ڕۆژانە ده‌رهه‌ق بە دانیشتوانی ڕەسەن.