حەسەکە – نۆرس پرێس
دوای شەوێکی باراناوی، حەلیمە حەمید، سەردانی بنکەی پزیشکی مانگی سووری کوردی کرد لە کامپی واشۆکانی لە گوندەواری حەسەکە، دوای ئەوەی منداڵەکەی تووشی هەڵامەت و تایەکی زۆر بوو.
ژنە چل ساڵانەکە دوای پشکنینی پزیشک، گلەیی لە بارودۆخی ژیان دەکات، “چادرەکانمان وێرانن و بارودۆخمان لەم کەشوهەوای ساردەدا زۆر خراپە”.
لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان، ئازارەکانی بنەماڵەی “حەمید” گەورەتر دەبن، هەروەک چۆن بۆ ئاوارەکانی دیکەی ناو کامپەکەش کە دەکەوێتە رۆژئاوای حەسەکەوە، بەهۆی نەبوونی گەرمکەرەوە و کەمی یارمەتییەکانەوە، بارودۆخەکە هاوشێوەیە.

کامپەکە کە زیاتر لە 16 هەزار ئاوارەی تێدا نیشتەجێیە، بەدەست ژێرخانێکی فشەڵەوە دەناڵێنێت، بەهۆی ئەوەی دوای یەکەم بارانبارین ئاو دزە دەکاتە ناو خێمەکان، هاوکات قوڕ لە شەقامەکاندا دروستبووە، ئەمەش بووەتە هۆی سەختی لە جموجوڵدا.
حەمید، دایکی پێنج منداڵە، دەڵێت “منداڵەکانمان نەخۆش دەکەون، چادرەکەش خراپ و بچووکە، چێشتخانە و حەمام و ژووری میوانمان، هەموو تێکەڵن بە یەک.”
ئاماژەی بەوەشکردووە، منداڵەکەم نەخۆشە و پیسییەکی زۆر لە دەرەوە کۆبوەتەوە و سەختە کە رێگری لە منداڵەکان بکەین کە دەرەوە یاری نەکەن.
لەبەردەم کلینیکی منداڵان لە بنکەی پزیشکی، کۆمەڵێک ژن چاوەڕێی نۆبەی خۆیان دەکەن بۆ چارەسەرکردنی منداڵەکانیان کە بەهۆی ساردی کەشوهەواوە نەخۆش کەوتوون.
لە کۆڵان و شەقامە سەرەکییەکانی کامپەکەدا، منداڵەکان یاری دەکەن، یەک بە یەک، لە کاتێکدا جلەکانیان بە قوڕ سواق دراوە، بەبێ ئەوەی پاڵتۆ لەبەر بکەن بۆ ئەوەی لە کەشوهەوای سارد بیانپارێزن.
سەرەڕای هەلومەرجی سەخت، رێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان چاوپۆشی لە دابینکردنی هاوکاری بۆ ئاوارەکان لەم کامپەدا دەکەن و بە “نایاسایی” دەزانن.
سەرەڕای زۆری ژمارەی دانیشتووانی ئەم کامپە، مانگی سووری کورد تاکە رێکخراوە لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی پزیشکی بۆ ئاوارەکان.
مەحجوب حەسۆ، کارگێڕی رێکخراوەکە لە کامپی واشۆکانی دەڵێت، لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی زستاندا حاڵەتەکانی نەخۆشیی بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە.
رۆژانە ئەو خاڵە پزیشکییە نزیکەی 200 بۆ 250 حاڵەت وەردەگرێت، کە سەرجەمیان نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسەدانن وەک پەتا و هەوکردنی قوڕگ و ئەوانی تر، بە گوتەی “حەسۆ”، کە هۆکاری زیادبوونی حاڵەتەکانی گەڕاندەوە بۆ بارودۆخی سەختی کەمپەکە و نەبوونی یارمەتی مرۆیی.
ئاوارەکان لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی زستاندا ئامرازی جۆراوجۆری گەرمکردنەوەیان نییە، وەک سووتەمەنی و گەرمکەرەوە و بەتانی، ئەمە جگە لە دڕان و نوێنەکردنەوەی ئەو چادرانەی کە لە سەرەتای دامەزراندنی کەمپەکەوە سێ ساڵ لەمەوبەر نەگۆڕدراون.
بەگوێرەی بەڕێوبەرانی کەمپەکە، 1900 چادر پێویستیان بە گۆڕین هەیە بەهۆی کۆنبوون و دڕانیان بە هۆکاری کەشوهەوا.
لەبەرامبەر ئەم مەینەتیەی ئاوارەکان تووشی دەبن، ئەو رێکخراوانەی لە کەمپەکەدا کاردەکەن، “بە بیانووی بێتوانایی خۆیان لە پڕکردنەوەی پێداویستی تەواوی کامپەکە ” ڕەتیدەکەنەوە” پاڵپشتی بکەن، بە گوتەی بەرزان عەبدوڵڵا، هاوسەرۆکی ئیدارەی کامپەکە.
زوبەیدە ئیبراهیم، ئاوارەیەکی خەڵکی گوندی لەیلان-ی سەر بە شاری سەرێکانێیە، دەڵێت، کەشوهەوای سارد و نەبوونی ئامرازی گەرمکەرەوە کاریگەری لەسەر تەندروستی باوکی هەیە، کە جەڵتەی مێشکی هەیە.
ئاماژەی بەوەشکرد، چادرەکانمان زۆر ساردە و بارودۆخمان زۆر خراپە، دایک و باوکم و منداڵەکانی برا بچووکەکەم بەدەست نەخۆشییەوە دەناڵێنن، چونکە بەشی پێویست بەتانی نییە.