هەولێر – نۆرس پرێس
پەنابەرانی سوریا و رۆژئاوای کوردستان لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، بە کڕینی جلوبەرگی دەستی دوو پێشوازی لە وەرزی زستان دەکەن، کە لە بازاڕەکانی لەنگەی شارەکەدا بڵاوبوونەتەوە یان لەو کامپانە دەیکڕن کە تێیاندا نیشتەجێن، بەو پێیەی نرخەکان هاوسەنگن لەگەڵ هێزی کڕینیان، بە پێچەوانەی جلوبەرگی نوێ لە مۆڵەکان و فرۆشگا گەورەکاندا کە بەرزبوونەوەی بەردەوامی نرخەکان بەخۆوە دەبینن، و گیرفانیان دەرەقەتی نایەت.
فاتیمە ئیبراهیم، ئاوارەیەکی رۆژئاوای کوردستانە لە کامپی کەوەرگۆسک لە هەولێر رایدەگەیەنێت، لە بازاڕەکانی لەنگە یان بالە لە هەولێر جلی زستانەی بۆ منداڵەکانی کڕیوە، چونکە نرخەکانیان هەرزانترە لە جلوبەرگی نوێ، نرخی هەر پارچەیەک جلی نوێ زیاترە لە پەنجا هەزار دیناری عێراقیی.

ئیبراهیم پێیوایە کوالێتی جلوبەرگی بەکارهێنراو کە براندە جیهانیەکان لەخۆدەگرێت زۆرجار باشترە لە جلە نوێیەکان.
بەمەبەستی پاشەکەوتکردنی کات و ماندووبوون و تێچووی گواستنەوە بۆ گەیشتن بە بازاڕی بالە لە هەولێر، پەنابەرەکە هەندێک جار جلوبەرگی دەستی دوو لەو سوریانە دەکڕێتەوە کە لەناو ماڵەکانیان لە کامپەکەدا دەیفرۆشن.
نرخی جلوبەرگی بەکارهاتووی زستانە لە بازاڕەکانی لەنگە لە هەزار دینارەوە دەست پێدەکات تا دە هەزار، هەندێک فرۆشگا سێ پارچە بە هەزار دینار دەفرۆشن، بەمەش ئاوارەکان چارەسەرێکیان دۆزیوەتەوە کە لەگەڵ گیرفانی خۆیاندا بگونجێت، لەبری ئەوەی یەک پارچەی نوێ بە بیست هەزار دینار بکڕن.
بەر لە شەڕی سووریا، زۆرینەی خێزانە سوورییەکان دەیانتوانی جلی نوێ لە بازاڕەکان بکڕن، سەرەڕای جیاوازی کوالێتی نێوان کەلوپەلی ناوخۆیی و هاوردەکراو، قسەکردن لەسەر جل و بەرگی لەنگە لەو کاتەدا “چرپە” بوو لەنێو ئەو کەسانەدا کە بەدڵیان بوو.
لە دە ساڵ لەمەوبەرەوە بۆ ئێستا، تێڕوانینی سوریەکان و کوردانی رۆژئاڤا بۆ جلوبەرگی دەستی دووی ئەوروپی گۆڕاوە، کڕیاران چەند ساڵێک لەمەوبەر هەنگاویان ناوە بۆ نمایشکردنیان، ئێستاش زۆربەیان شارەزان بە کوالێتی و پۆلێنکردنی نرخە جیاوازەکانیان .
لە كاتێكدا هەندێكیان توانای ئەوەیان هەیە تێچووی جلوبەرگی بەكارهاتوو لە ئەستۆ بگرن، هەندێكی تریش ناتوانن ئەو كارە بكەن، لەوانە ئەو پەنابەرە سوورییە، محەمەد حسێن، كە نەیتوانیوە داواكاری منداڵەكەی بەجێ بهێنێت بۆ كڕینی جلوبەرگی نوێ یان تەنانەت بەكارهاتوو بۆ وەرزی زستان.
“حوسێن” کە لە کامپی کەوەرگۆسک دەژی، بە نۆرس پرێسی وتووە، “دۆخی ژیان خراپتر دەبێت، نرخەکانیش بەرەو بەرزبوونەوە دەچن، ئەمەش وایکردووە تەنانەت نەتوانین جلی لەنگەش بکڕین”.
بازاڕەکانی لەنگەی هەولێر لای سورییەکان پەسەندن، بە گوتەی تەمام حەکیم، فرۆشیاری جلوبەرگی بەکارهاتوو لە بازاڕی کۆنی لەنگەی هەولێر، سورییەکان لەوێ دەچنە ئەو بازاڕانە، بەدوای باشترین کوالێتی و هەرزانترین نرخدا دەگەڕێن.
فاتیمە محەممەد، ئاوارەی کوردی رۆژئاڤا دەڵێت، بۆ کڕینی جلوبەرگی زستانە بۆ منداڵەکانی چووەتە بازاڕ، بەڵام ئەوەی لە گیرفانیدا بوو بەشی یەک پارچە جلی نوێ نەدەکرد، بۆیە بڕیاریداوە پەنا بۆ بازاڕی لەنگە ببات، لەوێشەوە دەستی بە پرۆژەکەی کرد، بە فرۆشتنەوەی جل وبەرگەکانی لەنگە لە کامپەکەدا.
چەند مانگێک لەمەوبەر، “محەمەد” دەستی کرد بە کڕینی جلوبەرگی دەستی دوو لە بازاڕەکانی لەنگەی هەولێر و فرۆشتنی بە دانیشتوانی کامپەکە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، “ئاوارەکان پێیان باشە جلی دەستی دوو بکڕن، بەتایبەتی جلوبەرگی منداڵان، چونکە تازەکان گرانن، بۆیە دێنە ماڵەکەم، منیش ئەوەم پێ باشترە، لەبری ئەوەی یەک پارچە بە بیست هەزار بکڕم، دەتوانم حەوت پارچە لە بازاڕی لەنگە بەو پارە بکڕم”.