لە کامپی هۆڵەوە بۆ زیندانی سوکایەتی.. کیژێکی رەققە چیرۆکی خۆی دەگێڕێتەوە

رەققە – نۆرس پرێس

ئەحلام پێی وابوو کاتێک لە کامپی هۆل دێتە دەرەوە، رزگاری دەبێت لە ئازارە درێژخایەنەکانی ناو کامپەکە، و دەگەڕێتەوە بۆ ژیانی خۆی لە رەققە.

کاتێک گەڕایەوە شارەکەی، هیچ کام لە برا و خوشکەکانی و تەنانەت بنەماڵەی هاوسەرەکەشی پێشوازییان لێ نەکرد، بۆیە بڕیاریدا لە ژێر ڕۆشنایی خراپبوونی بارودۆخی ژیاندا رووبەڕووی سەختی ژیان ببێتەوە، کاتێک هەمووان وازیان لێهێنا.

ئەحلام ئەلمحەمەد (31 ساڵ) خاوەنی پێنج منداڵە، لە کۆتایی ساڵی 2019 کامپی هۆلی بەجێهێشتووە، لە ژوورێکی بێ دەرگادا دەژین، چونکە زۆربەی خاوەن نوسینگەکانی بەکرێدان و خاوەن ماڵەکان رازی نین خانووی پێبدەن بە کرێ.

“ئەوان دەترسن و روو لە کەسانی دیکە دەکەن، هەمووان دەست دەکەن بە پرسیارکردن و پرسیارێکی زۆرم لێدەکەن، هەندێک جار بێمانا، کەس هیچ بە ژنی داعشێک بەکرێ نادات.”

بە دەنگێک کە لە داخدا دەلەرزێت، دوای ئەوەی بنەماڵەکەی و کۆمەڵگاکەی رەتیان کردۆتەوە، دەڵێت: “کاتێک لە هۆل دەرچووم، پێم وابوو کە لە زیندانێک دەرچووم، ئێستا لە زیندانێکی گەورەدام، چۆن گلەیی لە خەڵکانی نامۆ بکەم، لە کاتێکدا کەسوکارەکەم وازیان لێهێنام “.

ئەحلام لە رێگەی واتس ئەپەوە بۆ نۆرس پرێس قسەی کرد، دەنگی زۆری نارد، لە هەموویاندا کەمێک بێدەنگ دەبوو؛ پێش ئەوەی درێژە بە قسەکانی بدات، گریان بەسەر قسەکانیدا زاڵ بوو.

ژنەکە دەگری، هەندێک جار لەداخدا، هەندێک جاریش لەبەر خراپی بارودۆخی خۆی و ئەو سوکایەتییانەی کە منداڵەکانی تووشی دەبن، کە هیچ کەس نایەوێ “بەرکەوتەی” لەگەڵ “منداڵانی داعش” هەبێت.

ئەو سێ ساڵە لەگەڵ منداڵەکانی لە کامپ دەرچووە، بەڵام هیچ رێکخراوێکی نەدۆزیوەتەوە کە پشتگیری بکات، تەنانەت منداڵەکانیش ناچنە قوتابخانە.

ئەو دەپرسێت، بە دەربڕینێکەوە و بەدوایدا گرێیەک دێت، “خەتای منداڵەکانم چییە، ئەمانە منداڵن و تاوانی دایک و باوک هەڵناگرن”.

لە رەققە چەندین رێکخراوی مرۆیی هەن، بەڵام کەمیان لە بواری پاڵپشتی دەروونیدا کاردەکەن و تەنانەت ئەوەشی کە هەیە ئامانجەکەی بەخشینی پشتیوانی تێناپەڕێنێت، هەروەها رەققە ناوەندی چاکسازی بۆ ئەو منداڵانە نییە کە لە هۆلەوە دەگەڕێنەوە، بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئایدیۆلۆژیای توندڕەو.

لە مانگی یەکی ئەمساڵدا، عومەر دیاب، ئەندامی فەرمانگەی پەیوەندییە گشتییەکانی ئەنجوومەنی مەدەنی شاری رەققە لە باکووری سووریا رایگەیاند، ژمارەی ئەو خێزانانەی کەمپی هۆلیان بەجێهێشتووە، لە ماوەی ساڵی 2021 دا بەرەو رەققە و گوندەوارەکانی رۆیشتوون، گەیشتووەتە نزیکەی 272 خێزان، کە بە سێ کۆمەڵەی یەک لە دوای یەکدا دابەشکراون.

منداڵان و ئەو ژنانەی لە کامپی هۆل دەگەڕێنەوە رووبەڕووی ناڕەزامەندی کۆمەڵایەتی و قسەکردن و هەراسانکردنی زارەکی و هەراسانکردنی ژنان و منداڵان دەبنەوە و بەرەنگاربوونەوەی ئەمەش پێویستی بە هەوڵی هاوبەشی بەڕێوبەری خۆسەر و رێکخراوە مرۆییەکان هەیە، بۆ بەرەنگاربوونەوەی قسەی رەق و کینە و سوکایەتی لە دژی ئەوان.

دوای ئەوەی منداڵەکانی گلەیییان لە سوکایەتی پێکردنیان کردووە، دایکەکە پێی وتوون پێشینەی باوکیان ئاشکرا نەکەن، هەر جارێک کە دەچێتە ماڵێکی نوێ، دڵنیا دەبێتەوە لەوەی بە دراوسێکانی ناڵێت کە لە هۆلەوە گەڕاوەتەوە.

منداڵانی داعش

“منداڵانی داعش” دەستەواژەیەکە بۆ سوکایەتیکردن بە منداڵەکانی بەکار دەهێنرێت، ئەحلام دەگێڕێتەوە، دۆخێک کە لەگەڵ منداڵەکانیدا روویداوە، کە “گەنجێک سوکایەتی بە منداڵە 10 ساڵانەکەی کردووە، بەوەی ناوی خۆی و باوکی لەسە کاغەزێک نوسیووە و هەڕەشەی کردووە کە ئەگەر دوو هەزار لیرەی پێنەدەن، حەیای خۆی و دایکی دەبات”.

منداڵەکە نەیوێراوە بە دایکی بڵێت، بەڵام براکەی پێی وتووە کە هەڕەشەیان لێکردووە و منداڵەکەیان هانداوە قسە بکات، لەو کاتەدا ئەو منداڵە نەیتوانی وەڵام بداتەوە، “هەستێکی سەیر و سەمەرە، گەورەترە لە بێدەسەڵاتی ئەوەیە کاتێک خێزانەکەت و کۆمەڵگاکەت سوکایەتیت پێبکەن”.

لە نەبوونی رێکخراوەکانی یارمەتی منداڵاندا، ئەحلام وەک هەر دایکێک بەردەوامە لە فێرکردنی منداڵەکانی لە خوێندن و نووسین، بەڵام شکستهێنانیان لە ناونوسکردنیان لە قوتابخانەکانی بەڕێوبەری خۆسەر تووشی دەستوەستانی کردووە.

ناتوانێت منداڵەکانی لە قوتابخانەکان تۆمار بکات، چونکە خانووی هەمیشەیی نییە و هەمیشە لە جوڵەدایە، هەروەها هەر جارێک خۆی و منداڵەکانی لە شوێنی نیشتەجێبوونەکەی دەردەکرێن دوای ئەوەی دراوسێکان دەزانن کە لە کامپی هۆلەوە هاتووە، ئێستا لە ژوورێکدا دەژی کە دەرگا و پەنجەرەیان نییە.

ئەو بەردەوام دەبێت و دەڵێت “خێزانەکەم رەتیان کردەوە، خزمەکانم، براکانم، کەسیان لەمنیان نەپرسیوەتەوە، رەنگە لە خۆیان بترسن”. دەشڵێت، کە خێزانەکەی مەرجیان داناوە کە دەستبەرداری منداڵەکانی بێت بۆ ئەوەی وەریگرنەوە.

ئەحلام لە سەرەتای گەڕانەوەی بۆ رەققە، هەوڵی داوە تێکەڵ بە کۆمەڵگا بێت، بەڵام کۆمەڵگاکەی رەتیدەکاتەوە، ئەو و منداڵەکانی تووشی سوکایەتی و قسەی ناشرین و ئازاربەخش دەبنەوە، جگە لە ئەحلام و منداڵەکانی زۆرێک لە گەڕاوەکانی کامپی هۆل، پێویستیان بەوەیە کۆمەڵگا لە باوەشیان بگرێت و رێکخراوەکان پشتیوانییان بکەن، ئەحلام لە کۆتایی قسەکانیدا دەڵێت: “پەروەردگار دەستبەرداری کەس نابێت”.

مانگی نیسانی ساڵی رابردوو، ئەمیرە حەسەن، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پاراستنی منداڵان لە ئەنجومەنی مەدەنی رەققە رایگەیاند، نووسینگەکە بە هاوکاری لەگەڵ کۆمەڵە و رێکخراوە ناوخۆییەکان کاردەکات بۆ جێبەجێکردنی پلانێک بۆ چاککردنەوەی ئەو منداڵانەی کە کامپی هۆلیان بەجێهێشتووە .

بۆ نۆرس پرێس لەو کاتەدا رایگەیاند: “بڕیاروایە لە داهاتوویەکی نزیکدا بەرنامەی کاری فەرمانگەکە بۆ چاکسازی منداڵانی کەمپی هۆل دەست پێبکات و پلانەکە بەرنامەی پشتگیری دەروونی و چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان و بەدواداچوونی دۆخی منداڵەکان، لەخۆدەگرێت، هەتا  بەسەر ئەو کێشانەدا زاڵ دەبن کە لە کامپی هۆلدا تووشی بوون”.

ئامادەکردنی: سامر عوسمان – داڕشتنەوەی : زانا ئەلعەلی