دوای خۆدزینەوەی هاوپەیمانی لە بەرپرسیارێتی.. هەوڵی تاکەکەسی بۆ بنیاتنانەوەی رەققە

رەققە – نۆرس پرێس

ئیبراهیم خێزانەکەی ئاگادار کردوەتەوە کە پەیوەندی پێوە بکەن ئەگەر ستافی رێکخراوێک هاتنە ماڵەکەی بۆ نۆژەنکردنەوەی بەشێکی ماڵەکەی، کە لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندن بۆ زیانەکانی دەکەن و پێویستیەکانی نۆژەنکردنەوەی دیاری دەکەن.

سەرەتا پیاوەکە تەلەفۆنی بۆ هاوسەرەکەی کرد و پرسیاری ئەوەی لێکرد کە ئایا ستافی رێکخراوەکە هەڵسەنگاندنیان بۆ خانووەکە کردووە بۆ ئەوەی دەست بە نۆژەنکردنەوەی بکەن، بەڵام کاتێکی زۆری خایاند و هیواکەی لەبارچوو.

ئیبراهیم ئەلشولی (36 ساڵ)، خەڵکی گەڕەکی ڕۆمانیە لە بەری باکووری شارەکە، ماڵەکەی بەشێکی وێران بووە، بە هۆی ئەو بارودۆخە خراپە ئابوورییەی کە تووشی بووە، ناتوانێت نۆژەنی بکاتەوە.

راکردن لە بەرپرسیاریەتی

بەپێی زانیارییەكان، جەنگەکانی دەركردنی رێكخراوی ” داعش” لە رەققە لەسەر دەستی هێزەكانی سوریای دیموكرات “هەسەدە”، بە هاوكاری لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، رێژەیەكی بەرزی وێرانكاری بەجێهێشتووە و کە گەیشتووەتە نزیكەی 80%.

بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە نێوان مانگی شوبات تا تشرینی یەکەمی 2017 دا11  هەزار باڵەخانە وێرانبوون یان زیانیان بەرکەوتووە، کە 8 نەخۆشخانە، 29 مزگەوت، زیاتر لە 40 قوتابخانە و 5 زانکۆ، هەروەها سیستەمی ئاودێری شارەکە، بەرکەوتوون.

ئەلشولی دەڵێت، لیژنەکانی سەر بە یەکێک لە رێکخراوەکان بە کۆی دەنگ لەسەر پێویستی نۆژەنکردنەوەی خانووەکەی رێککەوتوون، کە بەهۆی بۆردومانەکەوە خانووەکەی وێران بووە و بەشێکی گەورەی زیانی پێکەوتووە.

دەشڵێت: “ئێمە و خێزانەكەم چەند جارێك سەردانی رێكخراوەكەمان كرد، بەڵام تەنیا بەڵێنمان لەوان بیست”.

پیاوەکە نەیتوانی تێچووی نۆژەنکردنەوەی خانووەکەی لە ئەستۆ بگرێت، ماڵەکەی وەک خۆی هێشتەوە، چونکە درزی دیوارەکان لە زستاندا بارگرانیەکانیان توندتر دەکرد.

ئەمڕۆ شارەکە پێویستی بە ئاوەدانکردنەوەیەکی هەمەلایەنە هەیە، دوای ئەوەی لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە لە دەستی داعش کۆنتڕۆڵکرایەوە، بە تەواوی وێران بوو، هاوپەیمانی نێودەوڵەتیش نزیکەی 10 هەزار بۆمبی بەسەر شارەکەدا هەڵدابوو، لە شەڕی دەرکردنی ئەو رێکخراوەدا.

هەوڵی تاکەکەسی

محه‌مه‌د چاوه‌ڕێی نۆژەنکردنەوەی لە رێكخراوه‌كان نه‌كرد بۆ خانووەکەی كه‌ له‌ “گەڕەکی ئەلحەرامیه‌” نزیك ناوه‌ندی شاره‌كه‌ كڕیبووی و پاش كڕینی خانووه‌كه‌ و ئاماده‌كردنی بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌یدا تیایدا بژین، پشتی به‌خۆی بەستووه‌.

محەمەد ئەلعەلوش (تەمەن 50 ساڵ)، دانیشتووی شاری رەققە، بە نۆرس پرێسی راگەیاند: “پشتیوانی رێکخراوەکان گاڵتەجاڕییە” ئەو پیاوە بودجەیەكی 400 ملیۆن لیرەی داناوە، وەك تێچووی كڕین و ئامادەکردنی خانوو. “ڕێکخراوەکان زۆرترین لە 100 بۆ 1500 دۆلار دەدەن، خاوەنی خانوویەک بەو بڕە پارەیە چی بکات؟”

“عەلواش” وەک دانیشتوانی دیکەی شاری رەققە، پشتی بە خۆی بەستووە بۆ نۆژەنکردنەوە، بەهۆی خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتیی لە لایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتیەوە لە وێرانکردنی شارەکەدا و سنووردارکردنی ئاوەدانکردنەوە دوای سەپاندنی یاسای قەیسەر بەسەر سوریادا.

یاسای قەیسەر رێگری کرد لە زۆرێک لە رێکخراوە مرۆییەکان و کۆمپانیاکانی وەبەرهێنان بچنە سوریا لە ترسی ئەوەی لە سزاکاندا جێگیر بکرێن، ئەمەش وایکرد دانیشتوانی رەققە هەوڵ بدەن بەخۆیان بە نۆژەنکردنەوە هەستن.

لە راپۆرتێکی رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیدا کە لە ساڵی 2020  بڵاوی کردووەتەوە، رەقە بە شێوەیەکی بەرفراوان بە وێرانترین شار لە سەردەمی مۆدێرندا دادەنرێت.

لە راپۆرتێكدا كە لەلایەن پنتاگۆنەوە راسپێردرابوو، ئاشكرای كرد، سوپای ئەمەریكا دەیتوانی ئەو زیانانە سنووردار بكات كە لە شەڕی رەققەدا بە خەڵكی سڤیلی گەیاندووە، كە كەوتنی داعشیان بەدواوە هات لە ساڵی 2017.

عەلوش پێیوایە “هاوپەیمانی نێودەوڵەتی شاری رەققەی وێران كرد، بەڵێنی ئاوەدانكردنەوەیان دا، زۆر رێكخراویش هەن كە بەڵێنی ئاوەدانكردنەوە یان هاوكاریكردنیان لە ئاوەدانكردنەوەدا داوە، بەڵام بەڵێنەكانیان جێبەجێ نەكرد و هیچی زیاتریان نەكرد”.

وێرانکاری لە شاری رەققە بەشێوەیەک بڵاو بوونەتەوە، بەزەحمەت “گەڕەک” لە شارەکەدا دەبینیت ، بێ نیشانەی وێرانکاری و کەوتنی سەقفەکانی، ئەمەش سەرەڕای ئەوجموجوڵە بەرفراوانەی بیناسازی کە رەققە بەخۆیەوە بینیوە.

لە کاتێکدا مالیک حەریری، هاوسەرۆکی شارەوانیی گەل لە رەققە، پێی وایە “کارەکانی بەڕێوبەری خۆسەر سنووردارە لە ژێرخانی ئابووری و دابینکردنی ئاسانکاری زارەکی بۆ ڕێکخراوەکان بۆ ئەنجامدانی کاری بچووکی نۆژەنکردنەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەندێک وڵات کە بەڵێنیان دابوو پشتگیری پێشکەش بکەن، بەڵام بەڵێنەکانیان شکاند”.

شارەوانی گەل لە رەققە ئەرکی بابەتە خزمەتگوزارییەکانی وەک تۆڕی ئاو و ئاوەڕۆ و ڕێگاوبانەکان و لابردنی داروپەردووی گەڕەک و ماڵە وێرانکراوەکانە و توانیویەتی تا ڕادەیەکی زۆر خزمەت بە شارەکە بکات.

حەریری وتیشی، “رێژەی ئاوەدانكردنەوە لە رەققە لە سەدا %65 بۆ سەدا %70 یە، ئەمەش بە هەوڵی تاکەکەسی دانیشتوان، ئەوان دوای ئەو وێرانكارییەی بەهۆی جەنگەوە تووشی بوون، ماڵ و حاڵی خۆیان دروست كردەوە.”

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: “بەشێك لە رێكخراوەكان چوونە ناو شاری رەققە، خوێندنەوە و ئامادەكارییەكانیان بۆ تەواوكردنی پرۆژەكانی نۆژەنكردنەوە و ئاوەدانكردنەوە ئامادەكرد، بەڵام ئەو پاڵپشتییانە لەلایەن هەندێك وڵاتەوە وەستا، كە بەڵێنی دابینكردنیاندا و پاشگەز بوونەوە، ئەمەش هۆكارێك بوو بۆ ئەوەی رێکخراوەکان رەققە بەجێبهێڵن.”

چاودێرانی کاری رێکخراوەکان پێیان وایە کە کارەکانیان لە رەقە پاش لەشکرکێشی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا دابەزیوە، بەهۆی راگرتنی بەخشەرەکان بۆی و نەمانی پشتیوانی بۆ ئەو رێکخراوانەی لە رەققە کاردەکەن.

ئیسماعیل ئەلمحەیمید (تەمەن 30 ساڵ)، بەڵێندەری بیناسازییە و خەڵکی شاری رەققەیە، رایدەگەیەنێت، ئاوەدانکردنەوەی شارەکە گەیشتووەتە رێژەیەکی باش، نزیکە لە 70%، هەمووی بە هەوڵی تاکەکەسی دانیشتوانی شارەکە و لە گیرفانی خۆیان ئەنجامدراوە.

لە عێراقیش موسڵ بە هەمان دەردی رەققە براوە، بگرە خراپتر، بە جۆرێک تا ئێستا جوڵەی ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنان زۆر لاوەزن لەوشارەی باکووری عێراق، حکومەتی عێراق لە2019  دا تریلیۆنێک و 30 ملیار دیناری بۆ ئاوەدانکردنەوەی موسڵ خەرجکردووە بەڵام جگە لە هەندێ شەقام دەست لە هیچ شوێنێکی دیکە نەدراوە، موسڵاوییەکان دەڵێن گەندەڵی و پارەخواردن وەک داعش مۆرانەیە بۆ شارەکە.

گەنجی موسڵ نائومید و رەشبینن بە ئایندە، بە کرێکاری ماڵەکانی خۆیان لەو وێرانەیە خاوێن دەکەنەوە کە داعش و بۆردوومانی فڕۆکەکان دوچاری کردن.

ئامادەکردنی: سامر عوسمان

داڕشتنەوەی: زانا ئەلعەلی/ بەهزاد