بەڕێوبەری خۆسەری داوا لە حكومەتی عێراق دەكات گەڕانەوەی پەنابەرانی کەمپی هۆڵ خێراتر بكات
حەسەكە – نۆرس پرێس
کەمپی هۆڵ لە حەسەكەی رۆژئاوای كوردستان هەزاران خێزان و ئەندامانی ڕێکخراوی تیرۆریستی (داعش)ی تێدایە، چەندین جار بەڕێوبەری خۆسەری داوای لە وڵاتان كردووە هاووڵاتیانی خۆیان لەم كەمپە وەربگرنەوە، چونكە بەهۆی زۆری ژمارەیان مەترسییەكی گەورەن لەسەر ناوچەكە بەو پێیەی پێشتر ئەندامانی نێو ئەم كەمپە هەوڵی كاری توندوتیژی و هەڵاتنیان داوە.
شێخمووس ئەحمەد بەرپرسی نووسینگەی كاروباری ئاوارەكان بە نۆرس پرێسی راگەیاند كەمپی هۆڵ كەمپێكی كۆنە، سەرەتای درووستكردنی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1990 ئەوكاتەی عێراق لەگەڵ كوەیت لە شەڕدابوو ، ژمارەیەك پەنابەری عێراقی روویان لەم ناوچەیە كرد.
دەشڵێت لە شەڕی نێوان حكومەتی عێراق و چەكدارانی داعش دەیان هەزار عێراقی روویان لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوبەری خۆسەری كرد، هەرچەندە لە ساڵی 2019 هێزەكانی سووریای دیموكرات بەهاوكاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە شەری باغۆز كۆتاییان بە دەسەڵاتی رێكخراوی تیرۆریستی داعش هێنا، بەڵام حكوومەتی عێراق لە گەڕانەوەی عێراقییەكان خەمسارد بوو تا لە ساڵی رابردووە دەستی بە گەڕانەوەی هاووتیانی خۆی كرد، لەو كاتەوە 1925 خێزان گەڕاونەتەوە عێراق.
بەوتەی شێخمووس ئەحمەد هێشتا گەڕانەوەی ئاوارەكانی عێراق وەكو پێویست نییە چونكە تا ئێستا 20 هەزار پەنابەری عێراقی لە كەمپەكە ماون، ئەمەش بارگرانییەكی گەورە لەسەر هێزە ئەمنییەكان، هێزەكانی سووریای دیموكرات و بەڕێوبەری خۆسەری درووست دەكات. بە تایبەت ئێستا رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان گەیاندنی هاوكارییەكانیان بۆ ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان بە شێوەیەكی بەرچاو كەمكردووەتەوە.
بەرپرسی نووسینگەی كاروباری ئاوارەكان داوادەكات حكومەتی عێراق و لیژنەی تایبەت بە كۆچبەران لە پەرلەمانی عێراق پەلە بكەن لە گەڕانەوەی ئاوارەكان بە رێژەیەكی زیاتر.
ئەمە لە كاتێكدایە دوێنێ دانا سترول، بەرپرسی پێشووی کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پێنتاگۆن، کەمپی هۆڵی، بە بۆمبێکی چێندراو وەسف كردبوو.
پێشتریش هێزەكانی سووریای دیموكرات چەند ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنییان لەناو کەمپەکەدا ئەنجامداوە توانیویانە دەیان چەکداری داعش دەستگیر بكەن و دەست بەسەر بڕێكی زۆر چەك و تەمەنییدا بگرن.