ژووری هەواڵ – نۆرس پرێس
سێزدە ساڵ بەسەر شەڕی سوریادا تێپەڕدەبێت، كە لە شاری درعا هەڵگیرسا کاتێک منداڵێکی سووری بە ناوی موعاویە سەیاسنە دروشمی دژی حکومەتی سوریا نووسی، بەڵام بە خێرایی دروشمەكەی زۆربەی ناوچەکانی سوریای گرتەوە.
لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا هەموو ساڵێک سورییەکان یەکەم ڕۆژەکانی دەستپێکردنی ناڕەزایەتییەکان لەو وڵاتە وەبیردێننەوە، کە دواتر بووە هۆی گیانلەدەستدانی هەزاران کەس و کۆچکردنی ملیۆنان کەس، هەروەها وێرانکردنی ژێرخان و پاشان هاتنە ناوەوەی وڵاتان و گروپە چەکدارەکان بۆ ئاڵۆزکردنی پرسەکە و ئەنجامدانی کۆبوونەوەی بێشومار بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە، کە هەموویان شکستیان هێنا.
ناکرێ بە دابڕان لە “بەهاری عەرەبی” باس لە دەستپێکی ناڕەزایەتییەکان لە سوریا بکرێت، کە گۆڕا بۆ دۆزەخ ئەو ناڕەزایەتیانەی لە تونس دەستیان پێکرد، دواتر ڕووخانی ڕژێمی میسر و لیبیا، کە ئاسۆی بۆ سوریاییەکان فراوانتر کرد دەربارەی ئەگەری هێنانەدی گۆڕانکاری سیاسی ڕاستەقینە.
ڕۆژی 15 ی ئادار، هێزە ئەمنییەکانی حکوومەت لە شاری درعا، لە باشووری سووریا، کۆمەڵێک منداڵیان بە تاوانی نووسینی دەستەواژە لەسەر دیواری قوتابخانەکەیان، وەک “خەڵک دەیەوێت ڕژێم بڕووخێنێ” و “نۆرەی تۆیە دکتۆر ” دەستگیركرد، منداڵەکان بران بۆ لقی ئەمنی سیاسی لە درعا، ئەشکەنجە درون.
ئەو ڕووداوە ڕێگەی خۆشکرد بۆ خۆپیشاندانی جەماوەری لە درعا بۆ ئەوەی داوای زانینی چارەنووسی منداڵەکانیان بکەن و ئەو وەڵامەی لە بەرپرسی لقی ئاسایشی سیاسی، عەتیف نەجیب وەریان گرت، کە داوای لێکردن بگەڕێنەوە و منداڵەکانیان لەبیربکەن و منداڵی دیکەیان هەبێت .
پانزەی مانگی ئادار بە ڕۆژی “دەستپێکردنی شۆڕشی سوریا” ناسرابوو، کاتێک یەکەمین خۆپیشاندان لەلایەن چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنییەوە لە بازاڕی “حمیدیە” لە ناوەڕاستی دیمەشق ڕێکخرا، لەو کاتەدا خۆپیشاندەران دروشمیان دەوتەوە بۆ ئازادی، هێزە ئەمنییەکان پەلەیان کرد بۆ هێرشکردنە سەر خۆپیشاندانەکە و بڵاوەپێکردنی و دەستگیرکردنی ژمارەیەک چالاکوانی بەشدار لە خۆپیشاندانەكە.
لە ١٨ی ئاداردا لە ژێر دروشمی “هەینی کەرامەت”، پەیجەکانی پشتیوانی لە ناڕەزایەتییەکان داوای خۆپیشاندانیان کرد لە شارەکانی سوریا، کە لە دیمەشق، حومس، بانیاس، دێرەزوور، درعا و چەندان شوێنێكی تر بەڕێوەچوو.
شار و شارۆچکە و گوندەکان یەک لە دوای یەک پەیوەست بوون بە خۆپیشاندانەکانەوە و پرسە بۆ ئەو کەسانەی لە ناڕەزایەتییەکاندا گیانیان لەدەستدا، گۆڕا بۆ خۆپیشاندانی هێمنانە کە داوای ئازادی و گۆڕانکارییان دەکرد.
دەزگا ئەمنییەکانی سوریا بە فیشەک و دەستگیرکردن ڕووبەڕووی خۆپیشاندانەکان بوونەوە، هەروەها هەڵکوتانە سەر خۆپیشاندەران و دەستگیرکردنی خۆپیشاندەرانیان ئەنجامدا و بەربەستیان لە شارەکان دانا، ئەم ڕێوشوێنانە بووە هۆی بەرزکردنەوەی ئەو دروشمانەی کە لە خۆپیشاندانەکاندا لە ئازادی و داوای گۆڕانکارییەوە بەرز دەکرانەوە، بۆ داوای “ڕووخاندنی ڕژێم”.
خۆپێشاندانەکانی ناوچە کوردنشینەکانیش بێ دەستێوەردانی دەزگا ئەمنییەکان و تەقەکردن نەبوون، کە بووە هۆی ئەوەی خەڵکی سڤیل گیانی خۆیان لەدەست بدەن و کەسانی دیکەش بریندار و دەستبەسەر کران.
لە ساڵی 2014 داعش ناوچەیەکی بەرفراوانی خاکی سوریا و عێراقی کۆنترۆڵکرد و هێرشی توندوتیژی بۆ سەر هاوڵاتیانی مەدەنی لەو ناوچانە دەستپێکرد.
لە 22 ی ئەیلولی 2014 ئەمریکا، بەحرەین، ئوردن، قەتەر، سعودیە و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی شەڕی داعشیان لە عێراق و شام لە ناوخۆی سوریا دەستپێکرد.
شاری کۆبانێی رۆژئاوای كوردستان گۆڕەپانی یەکەم هێرشی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بوو بۆ سەر ئەو ڕێکخراوە توندڕەوە و تا ساڵی 2019 دوای چەندین ساڵ لە ئۆپەراسیۆنی سەربازی هێزەکانی سوریای دیموکرات و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە خاکی سوریاوە داعشیان تێکشکاند.
هێزەکانی سوریای دیموکرات زیاتر لە 25%ی جوگرافیای سوریا کۆنترۆڵ دەکەن، کە بەشێکی زۆری دێرەزووۆر، رەققە، حەسەکە و بەشێکی حەلەب لەخۆدەگرێت.
بنکەی ئەمریکی لە سوریا هەیە، جگە لەوەی نزیکەی 900 سەرباز لە ئەرکێکی هاوبەش دان لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش.
لە ساڵی 2016ەوە تورکیا و میلیشیا ئۆپۆزسیۆنە دڵسۆزەکانی تورکیا چەندین ئۆپەراسیۆنی سەربازییان لە رۆژئاوای كوردستان و چەند شوێنێكی دیكەی سوریا دەستپێکردووە، هەروەها کۆنترۆڵی سنوورێکیان کردووە کە لە جەرابلوسەوە لە گوندەوارەكانی باکووری ڕۆژهەڵاتی حەلەبەوە تا عەفرینی داگیركراو لە رۆژئاوای كوردستان بۆ ڕۆژئاوای سووریا درێژدەبێتەوە بە شارە گەورەکانی وەک ئەلباب و ئەعزاز. هەروەها ناوچەیەکی سنووریی جیاوازی بە درێژایی 120 کیلۆمەتر لە نێوان شارە سنوورییەکانی سەرێ كانی و گرێ سپی کۆنترۆڵ کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتەکانی ڕووسیا لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا زیاتر لە 63 هەزار سەربازی ڕووسیا بەشدارییان لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە سوریا کردووە. هەروەها رووسیا بنکەی سەربازی هەیە لەو ناوچانەی کە لە ساڵی 2019 هێزەکانی ئەمریکا لێیان کشاونەتەوە.
لە لایەكی دیكەوە چەندین گرووپی سەر بە ئێران لە چەند ناوچەیەکدا هەن، کە لە گوندەوارەكانی دێرەزوور و دیمەشقی پایتەختی و ناوچەکانی دیکەدا چڕبوونەتەوە.
بە ئامانجی دۆزینەوەی ڕێگاچارەی سیاسی بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕ لە سوریا، دەیان کۆبوونەوە ئەنجامدرا کە گرنگترینیان کۆبوونەوەکانی لیژنەی دەستوری بوو لە جنێڤی پایتەختی سویسرا و ئاستانەی پایتەختی کازاخستان.
لە نێوان ساڵانی 2012 بۆ 2017، هەشت کۆنفرانس لەسەر قەیرانی سوریا لە شاری جنێڤی سویسرا، بە سپۆنسەری نێودەوڵەتی، بەبێ ئەوەی هیچ ئەنجامێک بەدەستبهێنێت، بەڕێوەچوون.
بە بۆنەی سێزدەهەمین ساڵوەگەڕی دەستپێکردنی شەڕ لە سوریا، هێشتا سوورییەکان چاوەڕێی دۆزینەوەی چارەسەرن بۆ کۆتاییهێنان بەو شەڕەی کە وڵات و گەلەکەی ماندوو کردووە.
لە دوایین ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان بەم بۆنەیەوە ئاماژەی بەوە کردووە کە ژمارەی ئەو کەسانەی کە پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی هەیە لە سوریا لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕەوە گەیشتووەتە بەرزترین ئاست و ڕایگەیاندووە، لە هەر چوار کەس سێ کەس پێویستیان بە فریاگوزاری هەیە و زیاتر لە نیوەی دانیشتووان بەدەست برسێتیەوە دەناڵێنن.