قوتلی لە قامیشلۆ.. شەقامی عەشق و جەنگ

قامیشلۆ – نۆرس پرێس

دوای لابردنی ئەو بەربەستە کۆنکرێتیانەی کە لە سەرەتای دەسپێکردنی جەنگەوە لە سووریا، شەقامەکەیان داخستبوو، ئێستا دانیشتوانی شاری قامیشلۆ بە شەقامی “شوکری قوتلی”دا تێدەپەڕن، بەبێ ئەوەی پێویست بکات ڕێڕەوەکەیان بگۆڕن یان بسڵەمنەوە.

لە ناوەڕاستی مانگی نیسانی ئەمساڵدا، شەقامەکە بەڕووی پیادە و ئۆتۆمبیلەکاندا کرایەوە، دوای ئەوەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ئەو بەربەستانەیان لابرد کە دانیشتووانی ناچارکردبوو بەتایبەت ئەوانەی لای حکومەت داواکراو بوون بەهۆی ئەوانەوە ئاراستە خۆیان بگۆڕن.

ئەم شەقامە بەناوی یەکێک لە سەرکردەکانی سوریاوە ناونراوە شوکری قوتلی کە لە ماوەی ساڵانی (1943-1949) دا سەرۆکی سوریا بووە و بە هەڵوێستە نیشتمانپەروەرەکانی و ڕۆڵی گەورەی لە سەربەخۆیی لە فەرەنسا ناسرابوو، بەجۆرێک ژمارەیەک شەقام لە زۆربەی شارەکانی سوریا بە ناوی ئەوەوە ناویان لێنراوە، وەک لە دێرەزور، دیمەشق، حەلەب و ئەوانی دیکە.

ئەم شەقامە تەنها تایبەت نییە بەو ناوەوە، بەڵکو تایبەتمەندی و هێمایەکە بۆ نەوەکانی ئەو سەردەمە و باوک و دایکی زۆرێک لە دانیشتوانی قامیشلۆ، وەک چۆن ناوێکی تریان پێدەگوت، “شەقامی عاشقان.”

لە مانای ناوە میلییەکەوە، دەتوانیت تێبگەیت بۆچی ئەو شەقامەی کە لە گەڕەکی کۆرنیشەوە لە باشوورەوە دەست پێدەکات، بە دیاریکراوی فولکەی خۆشەویستی، تا دەگاتە بازنەی حەوت بەحرات لە باکوور، وەک چۆن ناسرابوو، هەر واش ناوی لێنرا ژوانگەی عاشقانی شار.

رێبوار کە بەوێدا تێدەپەڕێت دەبێت بە ئاسانی سەرنجی هەندێک نووسراوی سەر دیوارەکان بدات؛ کە هێشتا شوێنەواری دیارە، وەک دڵێک کە لەسەر دیواری ماڵێک کێشراوە؛ بەزەحمەت دەتوانیت ئەو ناوانە بخوێنیتەوە کە لەملاولای دڵەکەوە نووسراون؛ چونکە سەردەم هەندێک لە رەنگەکانی سڕیوەتەوە و تەنیا پیتی پەرش و بڵاوی بەجێهێشتووە.

گرنگی ئەم شەقامە لەوەدایە؛ کە هەڵگری هەمان نازناوی شارەکەیە، کە بە “شاری عاشقان” یان “پاریسی بچووک” ناودەبرێت، بەو پێیەی فەرەنسییەکان نەخشەی ڕێکخستنی شارەکەیان داناوە، تەنانەت مەسیحییەکانیش بە “زالین” ناوی دەبەن.

ماڵە چۆڵکراوەکان

هەر کە بە گەڕەکی ناوەنددا لە باکوورەوە تێدەپەڕیت، ڕاستەوخۆ دەچیتە ناو شەقامی قوتلیەوە کە بۆ سەرەوە درێژ دەبێتەوە، لەوێ ئەگەر سەرنج بدەیت بینا نزیکەکان کە هەموویان بە هەمان شێوازی ڕۆژئاوایی دروستکراون و قەرەباڵغییەکی زۆر لە ئۆتۆمبێلەکان بەدی دەکرێت؛ بە تایبەت لە فولکەی کۆرنیش، تەنیشت گەراجی گەشتیاری.

لە ساڵانی نەوەدەکاندا ئەم نهۆمانە ئەوەندە بەرز نەبوون و دوکانیان تێدا نەبوو، وەک چۆن لەو قۆناغەدا دابەشکرابوون بەسەر دوو شێوەی بیناسازیدا کە ئاماژەن بۆ تایبەتمەندی دانیشتووانەکەیان، هەندێکیان لە شێوەی بینای کۆنی ئەرستۆکراتیدا بوون، هەندێکی دیکەشیان لە قوڕ دروستکراون و وێران بوون، سەقفێکی لەسەرە کە لە زستاندا ئاودەدزێت.

لە ئێستادا زۆربەی ئەم بینایانە چۆڵن، وەک ئەوەی لە شارێکدا دانرابن کە دانیشتوانەکەی جێیانهێشتووە، بەجۆرێک لە بێدەنگیدا مۆتەکە ماڵەکان پڕ دەکات.

هەر لەوێ لەسەر شەقامەکە؛ دوو کەسی بەساڵاچوو (پیاوێک و ژنێک) کە نیشانەی تەمەن لەسەر سیماکانیان چەسپاوە، بە دەنگی بەرز بە زاراوەی خۆیان و دوور لە دەسکرد، قسەیان دەکرد.

زەحمەت نەبوو تا بزانین کە ئەوان دەچنە دادگا لەسەر هەمان شەقام بۆ وەرگرتنی کاغەزێک بۆ کوڕەکەیان کە بەم دواییە منداڵی بووە، چونکە ئەو خۆی لە  “خزمەتکردنی سەربازی ناچاریە”.

لە لایەکی دیکەوە، کوڕێک و کچێک هەوڵ دەدەن دەستی یەکتر بگرن؛ بۆ بڕینی شەقامی قەرەباڵغ بە ئۆتۆمبێل، و لە ئەڵقەکانیانەوە، دەتوانرێت بە ئاسانی بزانرێت کە لە قۆناغی دەستگیرانداریدان.

لەبەرامبەردا ژنێک حیجاب وعەبایەکی ڕەشی لەبەردایە؛ منداڵێکی بچووک لەسەر شانیەتی، جانتایەکیش لەسەر شانەکەی دیکەی؛ کە درێژ دەبێتەوە بۆ دەستێک، پەنجەکانی منداڵە بچووکەکەی تری بە توندی گرتووە و پیاوێک کە وا دەردەکەوێت مێردەکەیەتی یان خزمەکەیەتی، پێی دەڵێت تەنها پەلە بکە، بەبێ ئەوەی یارمەتی بدات.

مزگەوتێک و کڵێسایەک بە هەنگاوێک لەیەکتر جیایان دەکاتەوە

کەمێک بەرەو پێشەوە بچین، کڵێسایەکی کاسۆلیکی ئەرمەنی هەیە، بینایەکی تایبەت بە دیزاینێکی کۆن و جوان و پیشەیی، حەسارێکی گەورەی هەیە کە گەنجەکان سەرقاڵی پاککردنەوەین، لەوانەشە ئەوان خوێندکاری قوتابخانەی تایبەتی ئەرمەنی بن.

لە لایەکی دیکەوە، لە کۆتایی شەقامەکەدا مزگەوتی “زەین عابیدین” هەیە کە قوبەیەکی سەوزی هەیە.

چەند مەترێک پێش ئەو؛ قوتابخانەی “زەکی ئەرسوزی”ە، راستەوخۆ دوای کۆمەڵگا حکومیەکە، بە هۆی پشووی هاوینەوە چۆڵە.

کاتێک دەگەیتە گەڕەکێک کە سەردەمانێک ناوی “شەهیدان” بووە، بۆت دەردەکەوێت کە قەرەباڵغییەکە بە ڕێژەیەکی زۆر زیادی کردووە و دەنگی هۆڕنی ئۆتۆمبێلەکان گوێچکەکانت هەراسان دەکەن، رۆربەی ئۆتۆمبیلەکان بەو رێگادا تێدەپەڕن، کە دەرگای چوونە ژوورەوە و دەرچوونی بازاڕی ناوەندییە.

دیمەنی ئەو گەنجە سی ساڵانە لەبیرنەکەین، کە جل و بەرگێکی سادەی لەبەردایە، چەند میزەڵدانێکی سوور و زەردی لە شێوەی دڵدا بەدەستەوەیە، بە پەتێک گرتوونی تا با نەیانباتە ئاسمان.

ئامادەکردنی: نالین عەلی – داڕشتنەوەی: رەهەف یوسف