قامشلۆ.. دابەشكردنی ئەنجامی وەرزی یەكەمی خوێندنی قوتابخانەكان
قامشلۆ – نۆرس پرێس
ئهمڕۆ دهستهی پهروهرده له ناوچهی جهزیره، ئەنجامی كۆتایی وەرزی یەكەمی خوێندنی قوتابخانەكانی قامشلۆی رۆژئاوای كوردستانی بەسەر قوتابیان دابەشكرد. بەم بۆنەیەوە لە سەرجەم قوتابخانەکانی شارەکە ئاهەنگ سازکرا و چالاكی هونەری بەبۆنەی کۆتایی هاتنی وەرزی یەکەمی خوێندن بەڕێوەچوو.
مەزلوم هەسام، لە دەستەی کارگێڕی قوتابخانەکانی قامیشلۆ وتی، سەرەڕای ئەو هەموو هێرش و بەئامانجگرتنانەی توركیا بۆ سەر ناوچەكانمان، کە زۆرترین کاریگەری لەسەر پرۆسەی خوێندن هەبووە و دەوامی قوتابخانەکان بۆ چەند ڕۆژێک بەهۆی بۆردومانەوە وەستان.
ئاماژەی بەوەشکرد، توانیمان بەسەر هەموو ئەو هێرشانەدا زاڵ بین و هەوڵماندا تا کۆتایی وەرزی یەکەمی ئەمساڵی خوێندن بەردەوام بین لە خوێندن و وانەوتنەوە لە سەرجەم قوتابخانەکاندا.
دەشڵێت ئەمڕۆ 18 هەزار بڕوانامەمان بۆ وەرزی یەکەمی ساڵی خوێندن بەسەر 112 قوتابخانەی قامشلۆ و گوندەکانی دەوروبەری دابەشکرد.

لای خۆیەوە بێریڤان ئیبراهیم، لە قوتابخانەی شەهید شیروان، ڕوونی کردەوە، داخستنی قوتابخانەکان بۆ سەلامەتی قوتابیان بوو، هەروەها ترسی کەڵەکەبوونی پڕۆگرامەكانی خوێندن هەبوو، بەڵام تا توانیمان هەوڵماندا قەرەبووی وانە لەدەستچووەكانی قوتابیان بکەینەوە، بۆ ئەوەی قۆناغی وەرزی یەکەم تەواو بکەین.
دەشڵێت هێرشەکانی تورکیا کاریگەری زۆریان لەسەر لایەنی دەروونی قوتابیان هەبوو.