تیپە هونەرییەکانی قامشلۆ ئامادەکاریی دەکەن بۆ پێشوازیکردن لە نەورۆز
قامشلۆ – نۆرس پرێس
لەگەڵ نزیکبوونەوەی یادی نەورۆزدا، تیپە موزیکییەکانی شاری قامشلۆ دەست دەکەن بە ئامادەکارییەکان بۆ پێشوازیکردن لەو جەژن و یادە.
زیاتر لە دوو مانگ لەمەوبەر تیپەکان دەستیان کرد بە تۆمارکردنی گۆرانی نوێ بۆ نەورۆز، ئەمە جگە لە هەڵپەڕکێ و شانۆ و گروپەکانی تر، کە خۆیان بۆ ئەم بۆنەیە ئامادە دەکەن.
دانیش بۆتان، کە بەشێکە لە گروپی موزیکی بۆتان، روونیکردەوە، نزیکەی دوو مانگ لەمەوبەر ئامادەکاریمان دەکرد بۆ پێشوازیکردن لە نەورۆز، بە ئامادەکردنی گۆرانی نوێ و تایبەت بۆ نەورۆز.

گوتیشی، “سەرەڕای بۆردومانەکانی ئەم دواییەی تورکیا کە بۆسەر ناوچەکە و بەتایبەت شاری قامشلۆ، کە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر مەشق و ڕاهێنانەکانمان هەبوو، بەڵام نەوەستاین، بەڵکو بە بەردەوامی مەشق و راهێنانمان دەکرد بۆ ئەوەی بتوانین هەموو ئەو شتانە دابین بکەین کە پێویستی، هەتا باشترین بین لە رۆژی نەورۆزدا”.
دەشڵێ، “هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکە یەکەمجار نییە، سەدان ساڵە هێرش دەکەنە سەر ناوچەکانی ئێمە بەتایبەت گەلی کورد”.
روونیشی کردەوە، “پێشتر لە بۆنەکانی رۆژئاڤادا، تیپی بۆتان تاکە گرووپ بوو کە لە جەژنی نەورۆزدا گۆرانیان پێشکەش دەکرد، بە درێژایی ساڵ بە چڕی و بەردەوامی راهێنانمان دەکرد، چونکە لە سەرەتای بۆنەی نەورۆزەوە تا کۆتایی گۆرانیمان دەگوت”.
بەڵام ئێستا دۆخەکە تەواو جیاوازە، دەیان گروپ هەن کە دامەزراون و گۆرانی و هەڵپەڕکێ و سەما و نمایشی شانۆ پێشکەش دەکەن.
ئیتر کارەکانمان تەنها بە بۆنەی نەورۆزەوە سنوردار نەماوە، جگە لە شۆڕشەکانی رۆژئاڤا، چەندین بۆنە و رۆژ هەن کە ئامادەکاری بۆ دەکەین، وەک رۆژی جیهانی ژنان و رێوڕەسمی شەهیدان و چەندین بۆنە و جەژنی نەتەوەیی دیکە.
شۆڕشی رۆژئاوا گۆڕەپانێکی بۆ زۆرێک لە گۆرانیبێژان کردەوە، هەروەها گروپی تایبەت بە ژنان دامەزراون، جگە لەوەی گۆرانیبێژیش هەن کە لە دەرەوەی وڵاتەوە دێن بۆ بەشداریکردن لە نەورۆزدا.
گوڵستان ئیبراهیم، بەڕێوبەری تیپی شەهید “سەکینە” رایگەیاند، تیپەکەیان لە کۆتایی ساڵی 2013دا دامەزراوە و تەنها بۆ ژنانە و هەموو ساڵێک بەشداریکردنێکی فراوانی باشی هەیە.
گوتیشی، لەگەڵ نزیکبوونەوەمان نەورۆز، مەشق و ڕاهێنانەکانمان چڕتر دەبێتەوە، “هەفتەی سێ رۆژ، رۆژانە دوو کاتژمێر مەشق و راهێنان دەکەین”، نزیکەی دوو مانگ لەمەوبەر دەستمان بە ئامادەکاری و راهێنانەکان کرد بۆ رۆژی جیهانی ئافرەتان، کە دەکەوێتە هەشتی مانگی ئازارەوە و نەورۆزیش بەهەمان شێوە.
پێشتر هیچ گروپێک نەبوون لە جەژنی نەورۆزدا گۆرانی بڵێن، “تەنها یەک تیپ هەبوو” ئێمە نەماندەتوانی گۆرانی بڵێین بە زمانی خۆمان یان بە تەواوی جەژنەکەمان بگێڕین، ئەمەش بەهۆی ترسی لە دەسەڵاتداریی ئەو کاتە.
بەڵام ئێستا دۆخەکە تەواو جیاوازە، دەیان گروپ هەن کە لەدوای شۆڕشی رۆژئاواوە دامەزراون و مەودای دەسەڵاتی فەرهەنگ و هونەریش فراوانتر بووە، هەروەها بەشدارییەکی بەربڵاو لە گروپەکانی گۆرانی و شانۆدا هەیە.