کەوێ.. دێرینترین قاوەخانە و شوێنی پاراستنی یادگارییەکانی خەڵکی عامودێ
قامشلۆ – نۆرس پرێس
هەموو بەیانیەک کاتژمێر حەوت، عەبدولقادر کەوێ دەرگای ئەو قاوەخانە دەکاتەوە، کە لە باوکیەوە بە میرات وەریگرتووە، دەست دەکات بە ئامادەکردنی چا و قاوە بۆ ئەوەی پێشکەش بە میوانەکانی بکات، کە بەزۆریی بەر لە کردنەوەەی قاوەخانەکە لە بەردەرگا چاوەڕێن.
عەبدولقادر کەوێ، خاوەنی قاوەخانەی کەوێ لە شاری عامودێ، کە مێژووی درووستکردنی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1954، بە نۆرس پرێسی راگەیاند، “باوکم ئەو کەسە بوو کە ئەم قاوەخانەی دامەزراند، ناوەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ناوی داپیرەم”.
دەشڵێ، “داپیرەم ناوی کەوێ بوو، باوکمیان بە کوڕەکەی کەوێ بانگ دەکرد، قاوەش وەک ناو و نازناوێک بۆمان ماوەتەوە”.

قاوەخاناکە، کە یەکەم قاوەخانەیە لە شاری عامودێ، لە قوڕ دروستکراوە و بە یەکێک لە هێماکانی ئەو شارە کۆنە دادەنرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، “قاوەخانەکەمان هێمایەکە بۆ پێکەوەژیانی سەرجەم مەزهەب و نەتەوەکانی ناوچەکە و هومووان لێرە کۆدەکاتەوە، هەروەها ژمارەیەکی زۆر لە عەشیرەتی عەرەب و کوردیش رووی تێدەکەن دەکەن”.
روونیشی کردەوە، “سەرەڕای کردنەوەی زۆر شوێن و قاوەخانە و کافێ لە شارەکەدا، کەوێ بە شوێن و هەڵبژاردەی یەکەم دادەنرێت بۆ زۆرینەی دانیشتووان بەتایبەتی بەساڵاچووان، چونکە ئەم قاوەخانەیە یادەوەرییەکانی گەنجی ئەوانی هەڵگرتووە”.
“کەوێ لە دامەزراندنیەوە تا ئەمڕۆ شێوەی خۆی و سادەیی شوێنەکەی پاراستووە” سەرەڕای ئەو پێشکەوتنەی کە بە تێپەڕبوونی کات روویداوە، شێوەی قاوەخانەکەمان نەگۆڕاوە، هەوڵمانداوە کافێیەکە وەک باوکم دروستی کردبوو بمێنێتەوە هەر لە سەرەتای کردنەوەیەوە”.
باس لەوەش دەکات، “قاوەخانەکە بە ماڵێک دادەنرێت بۆ ئەو کەسانەی دێنە ئەوێ، بەو پێیەی لە گڵ دروستکراوە و وردەکاری ماڵە کوردییەکانی پاراستووە”.
دەشڵێ، “چەند میوانێکمان هەیە کە گواستوویانەتەوە بۆ دەرەوەی شار، بەڵام تا ئێستاش پەیوەندیمان پێوە دەکەن و داوای ناردنی وێنەی قاوەخانەکەمان لێ دەکەن، بۆ ئەوەی یادگارییەکانیان وەبیر بهێننەوە، بەو پێیەی قاوەخانەکەمان بووەتە یەکێک لە هێماکانی شوێنەواریی و مێژوویی لە شاری عامودێ”.
قاوەخانەکە لە کاتژمێر حەوتی بەیانییەوە تا دوانزە شەو کراوەیە، هیچ رۆژێک داناخرێت، تەنانەت لە رۆژانی جەژن و بۆنە تایبەتەکانیشدا، دەرگای قاوەخانەکە کراوەیە بۆ کڕیارانی، چونکە کڕیارەکان راهاتوون لەسەر دانیشتنی رۆژانە و بۆ ماوەیەکی درێژ.
قاوەخانەی کەوێ بووەتە شوێنەوارێکی دێرینی شاری عامودێ و یەکێکە لە شوێنە مێژووییەکان، خاوەنەکەی دەڵێ، “ئێمە هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ پاراستنی شێوە و دیزاینەکەی بەوشێوازەی کە دانیشتووانەکەی ساڵانێکی زۆرە پێی راهاتوون و خۆشیان ویستووە”.

حوسێن محەممەد، یەکێک لە میوانە ئاساییەکانی قاوەخانەی کەوێیە و باس لەوە دەکات: “هەموو شتێک لەم شوێنە جوانە و بە خۆشەویستی دروستکراوە، زیاتر لە 30 ساڵە بەردەوام دێمە ئێرە بۆ ئەوەی لەگەڵ هاوڕێکانم دابنیشم و کاتێکی خۆش بەسەربەرم”.
سەرەڕای گەشەسەندنی شارەکە و کردنەوەی چەندین شوێن کە بە نوێترین دیکۆرات دیزاین کراون، بەڵام حوسێن دەڵێ: “ئێمە هەر دەمانەوێت لەم کافێیە دابنیشین”، چونکە لە رۆژانی گەنجیمانەوە لای ئێمە بە شوێنی کۆبوونەوەی هاوڕێیان دادەنرێت”.
لێرەدا هەموو جۆرە کەسایەتییەک و پارێزەر و مامۆستا و ئەندازیارەکان کۆدەبنەوە، لەسەر مێزێک پێکەو دادەنیشین و گفتوگۆ لەسەر بابەتگەلێکی جۆراوجۆری پەیوەست بەو رووداوانەوە ئاڵوگۆڕ دەکەن، کە لە ناوچەکەی و جیهاندا دەگوزەرێن.