كۆت و بەندە نوێیەكانی تورکیا بۆ کۆمپانیا ڕووسیەکان، چۆن کاریگەرییان لەسەر پەیوەندی نێوان هەردوو وڵات دەبێت؟

ژووری هەواڵ – نۆرس پرێس

قەیرانێکی نوێ لەم دواییانەدا لە نێوان تورکیا و ڕووسیا سەری هەڵداوە، بەڵام ئەمجارەیان لە لایەنی ئابوورییە، دوای ئەوەی بانکە تورکییەکان دەستیان کرد بە داخستنی هەژماری کۆمپانیا ڕووسیەکان و توندکردنی مەرجەکان لەسەر ئەو هاووڵاتییە ڕووسیانەی کە خوازیاری بەدەستهێنانی کارتی بانکی دەکەن.

ئەم بابەتە لەلایەن بازرگانانی ڕووسی و ڕاوێژکارانی دارایی و نوێنەری کۆمپانیا بازرگانییەکان کە مامەڵەی بازرگانی و داراییان لەگەڵ تورکیا هەیە، ئاماژەی پێکراوە. هەروەها ئەم کێشەیە لەسەر ئاستی فەرمی لەلایەن دیمیتری پێسکۆڤ وتەبێژی سەرۆکایەتی ڕووسیا تیشكی خراوەتەسەر.

ئەو بەرپرسە ڕووسییە ڕایگەیاندووە، لەسەرەتای ئەم مانگە، وڵاتەکەی ئاگاداری ئەو کێشانەیە کە کۆمپانیا و هاووڵاتیانی ڕووسیا لەگەڵ بانکەکانی تورکیا ڕووبەڕووی دەبنەوە و مۆسکۆ لەو بارەوە لەگەڵ ئەنقەرە لە پەیوەندیدایە.

بەگوێرەی ڕۆژنامە ڕووسیەکان، ئێستا داخستنی هەژمارەكان بەراورد بە ساڵی 2022 چڕتر بووەتەوە، پێشتر ئەو بابەتە بە پلەی یەکەم پەیوەندی بە کۆمپانیا ڕووسییەکانەوە هەبووە کە سزایان لەسەرە، بەڵام ئێستا پەیوەندی بە دامودەزگا و کۆمپانیاکانی تری ڕووسیا هەیە کە لە لیستی سزاکاندا نین.

تا ئەم دواییانە، بانکە ڕووسیەکان دەیانتوانی هەژمار لە تورکیا بکەنەوە بە دراوی جۆراوجۆر، لەوانە بە لیرە و دۆلار و دراوی تر. ئێستا ئەم كێشەیە بارگرانی بۆ هەناردەکارانی تورکیا درووست كردووە کە پارە لە لایەنە بەرامبەرەکانی ڕووسیا وەردەگرن.

لەمبارەیەوە دیمیتری پیسکۆڤ، سکرتێری ڕۆژنامەوانی سەرۆکی ڕووسیا بە ئاژانسی تاسی رووسی راگەیاندووە، ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی لوتکە لە نێوان سەرۆک کۆماری ڕووسیا و تورکیا بەردەوامە و كاتەكان ڕێکدەخرێن.

لە لایەكی دیكەوە بە وتەی ڤیکتۆر لاشون شارەزای ئابووری، توندکردنەوەی سنووردارکردنەکان لە لایەن بانکەکانی تورکیا دوای فەرمانەکەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە 22ی کانوونی دووەمی 2023 هات.

فەرمانەکە ڕێگەی بە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا داوە ڕێوشوێن لە دژی بانکە بیانییەکان بگرێتەبەر کە هاوکارن لە ئەنجامدانی مامەڵە لەگەڵ ئەو کەسانەی لە ڕووسیاوە سزایان بەسەردا سەپێنراوە یان ئاسانکاری بۆ دابینکردنی هەندێک کەرەستە بۆ کۆمەڵگەی سەربازی-پیشەسازیی رووسیا دەكەن.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ نۆرس پرێس، لاشۆن باسی لەوەكردووە، کاریگەرییەکانی ئەم بڕیارە لەسەر چارەسەرێک هێشتا چارەسەر نەکراوە، ئەمەش كاریگەری لەسەر هاوکاری بازرگانی نێوان هەردوو لا دەبێت، بەتایبەتی لەسەر کەرتی تایبەت.

ناوبراو پێی وایە لایەنی تورکیا بەهۆی ئەم بڕیارەوە زیانی پێدەگات لەبەر ڕۆشنایی ئەوەی کە ئەنقەرە ئارەزووی هەیە ڕۆڵی ناوەندێکی کاڵا و گواستنەوە لە نێوان ڕووسیا و ئەوروپا ببینێت، جگە لە هەناردەکردنی خۆی بۆ ڕووسیا.

لاشۆن ئەم قەیرانە نوێیە بە فشاری بێ وێنە و شەڕانگێزانە لە لایەن ئەمریکاوە وەسف دەکات.

لای خۆیەوە دیمیتری کیم پسپۆڕی کاروباری نێودەوڵەتی، ڕەهەندێکی سیاسی بە قەیرانەکە دەبەخشێت، بەهۆی ئەوەی بە ساردییەکی ڕانەگەیەندراو لە پەیوەندییەکانی دەزانێت.

بە وتەی کیم لەوانەیە ئەم قەیرانە فراوانتر ببێت ئەگەر لایەنی ڕووسیا و تورکیا نەتوانن ڕێگایەکی خێرا بۆ چارەسەركردنی بدۆزنەوە.

لەم چوارچێوەیەدا، ناوبراو ئاماژە بە گەڕانەوەی گرژییەکان دەکات لەنێوان هەردوو وڵات ، لەوانە هەڵوێستی تورکیا سەبارەت بە شەڕی ئۆکرانیا و هەروەها پەیوەستبوونی سوید بە ناتۆ کە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ڕووسیادا ناکۆکە.

جگە لەوەی ئەنقەرە هەنگاوی ناکۆکی ناوە لەگەڵ دیدگای ڕووسیا بۆ چارەسەری سیاسی لە دۆسیەی سوریادا، ئەمەش لە هێرشەكانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان دیار بوو، بە بڕوای كیم ئەو هۆکارانە مەودای ململانێکان فراوانتر دەکەن.

هەروەها دەڵێت ئەو کارانەی بانکە تورکییەکان ئەنجامی دەدەن کاریگەری نەرێنی لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات دەبێت، بەتایبەتی واشنتن هەوڵدەدات سزاکانی سەر ڕووسیا توندتر بکاتەوە، ئەمەش كاریگەری دەبێت لەسەر هەموو ئەو دۆسیانەی هەردوو وڵات پێشتر هەوڵی لێكگەیشتنیان لەسەر داوە.

داڕشتنەوەی: موعاز محەمەد