ئەنجوومەنی بنەماڵەی شەهیدانی قامشلۆ بەئامانجگرتنی تورکیا بۆ سەر باڵەخانەی بریندارەکانی جەنگ شەرمەزار دەکەن

قامشلۆ – نۆرس پرێس

دوێنێ یەکشەممە، ئەنجومەنی خانەوادەی شەهیدان لە شاری قامشلۆ راگەێنراوێکی سەرکۆنەکردنیان لە خۆپیشاندانێکدا دژ بە هێرشەکانی تورکیا خوێندەوە، کە ناوەندی چارەسەرکردنی ئەو بریندارانەیان کردووەتە ئامانج، ساڵانێکی زۆرە شەڕی داعشیان کردووە.

لە راگەێنراوەکەدا ئاماژەیان بەوە کردووە، کە ناوچەکە لە لایەن فڕۆکە سەربازییەکان و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە بە شێوەیەکی ترسناک دەکرێتە ئامانجی و ژێرخان و دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان دەکرێنە ئامانج و زیانی گیانی و برینداری لێدەکەوێتەوە.

بانگەوازیان لە رای گشتی و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کرد کە بە خێرایی دەستوەردان بکەن و فشار بخەنە سەر تورکیا بۆ ئەوەی دەستدرێژیەکانی بۆ سەر ناوچەکانیان رابگرێت.

لای خۆیەوە شەمسیخان کولو ئەندامی ئەنجومەنی خانەوادەی شەهیدان بە نۆرس پرێسی راگەیاند: ئێمە لەبەردەم باڵەخانەی بریندارەکانی جەنگدا وەستاوین، کە ئەمڕۆ کەوتە بەر هێرشەکانی تورکیا، ئەم باڵەخانەیە و خەڵکەکەی ناوی شەڕیان کرد بۆ ماوەی چەندین ساڵ دژی داعش و ئەو ناوچانەیان ئازاد کرد، کە لەلایەن ئەو رێکخراوەوە داگیر کرابوون.

ئاماژەیان بەوەشکرد، “بریندارەکانی جەنگ لە کاتی شەڕی داعشدا بەشێک لە جەستەیان لەدەستداوە، لەناو ئەم باڵەخانەدا چارەسەریان بۆ دەکرا، هەروەها بڕیار بوو رێکخراوە نێودەوڵەتی و مرۆییەکان پاڵپشتی و چارەسەری ئەو بریندارانە بکەن و سەردانیان بکەن بۆ پشکنینی بارودۆخیان”.

بەڵام گوتی: “بە پێچەوانەوە، دەبینین کە ئەم ناوەندانە بەبەر چاوی ئەم رێکخراوە مرۆییانەوە دەکرێنە ئامانج، ئەمە سەرەڕای بێدەنگی نێودەوڵەتی سەبارەت بەو تاوانانەی لە ناوچەکانماندا روودەدەن”.

روونیشی کردەوە، “بێدەنگی وڵاتانی ئەوروپا بەڵگەیە لەسەر بەشداریکردنیان لەو تاوانانەی تورکیا بەرامبەر بە خەڵکی ناوچەکە ئەنجامی داوە”.

هێرشی ئەمڕۆی تورکیا بۆ سەرباڵەخانەی بریندارانی جەنگ، کە بریندارانی تێیدا چارەسەر وەردەگرن، بەڵگەیەکی روونە کە تورکیا دەیەوێت ئیرادەی ئەو بریندارانە تێک بشکێنێت.

پاشنیوەڕۆی دوێنێ یەکشەممە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا باڵەخانەیەکی لە قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان بۆردومان کرد، کە بریندارانی شەڕی داعشی تێدابوو.

بینای ئامانجدار ناوەندێکە بۆ “فیدراسیۆنی بریندارانی جەنگ لە رۆژئاوای کوردستان”، سەرەتای ساڵی 2020 لە گەڕەکی ئەربەوییە لە قامشلۆ کراوەتەوە، پەیوەندی بە کاروباری بریندارەکان و چاکسازی و راهێنانیانەوە هەیە بۆ بەدەستهێنانی ئەزموونەکانی تیۆری و پراکتیکی.

یەکێک لەو بەرپرسانەی باڵەخانە بەئامانجکراوەکە بە پەیامنێری نۆرس پرێسی ڕاگەیاندووە، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا ناوەندەکەیانی بۆردومانکردووە و زیانی گیانی لەنێو بریندارانی جەنگدا لێکەوتووەتەوە، بەبێ ئەوەی زانیاریی دیکە ئاشکرابکات.

کۆتاییەکانی ساڵی رابردوو و سەرەتای ئەمساڵ ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان کەوتنە بەر زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی تورکیا کە زۆربەیان دامەزراوە خزمەتگوزاری و نەوتییەکانیان کردە ئامانج و قەیرانێکی مرۆیی و ژیانییان لە ناوچەکەدا دروستکرد.

ئامادەکردنی: نالین عەلی