سەرەڕای هێرشەكانی تورکیا، پەنجە بچووکەکان لە کۆبانێ مۆسیقا دەژەنن
فەتاح عیسا – کۆبانی
هەر کە دەنگی بۆردومانەكانی توركیا بۆ سەر شاری كۆبانێی رۆژئاوای كوردستان دەست پێدەكەن، ئیڤا شاهین عەلی تەمەن 12 ساڵ پەلە دەکات بۆ ئەوەی ئامێری ڤیۆلۆنەكەی هەڵبگرێت و دەست بە ژەنینی مۆسیقا بکات، بۆ ئەوەی خوشک و برا بچووکەکانی لە ماڵەوە گوێیان لە دەنگی مۆسیقاکە بێت لەبری دەنگی بۆردومان.
ئیڤا كاتێك مۆسیقا دەژەنێت، هەست بە ئاسوودەیی دەروونی دەکات، ئەمەش هێزی پێدەبەخشێت بۆ تێپەڕاندنی سەختی و کێشەکانی ژیانی.
ناوبراو شەڕ و هەڕەشەکانی تورکیا و بۆردومانی سەر شاری کۆبانێ بە ئاستەنگ دەزانێت لە ژیانیدا، بە مۆسیقا و ژەنین و گۆرانی وتن ڕووبەڕووی دەبێتەوە.
ئەو کچە قوتابی پۆلی حەوتە یەکێک لە قوتابخانەکانی شاری کۆبانێی رۆژئاوای كوردستان، ماوەی چوار مانگە لە پەیمانگایەکی میوزیک مەشق و ڕاهێنان دەکات بۆ پەرەپێدانی بەهرەی ژەنینی ڤیۆلۆنەكەی.
بەهەمان شێوە ئارجین جیجان (14 ساڵ) ئامێری مۆسیقاكەی هەڵدەگرێت و لەکاتی بیستنی دەنگی بۆردومانەکاندا دەیژەنێت، بۆ ئەوەی ترس لە دڵی نەمێنێت.
ئەم منداڵە بە نۆرس پرێسی وت، زۆرێک لە منداڵان کاتێک دەنگی بۆردومان دەبیستن دەترسن، لەکاتێکدا ئەو هەوڵدەدات مۆسیقا بژەنێت بۆ ئەوەی بە ئاوازەكانی دەنگی بۆردومانەكان بخنکێنێ.
ئارجین نزیکەی ساڵێکە لە پەیمانگایەکی مۆسیقادا مەشق و ڕاهێنان دەکات بۆ پەرەپێدانی بەهرەی ژەنینی، مۆسیقا هەستی ئاسوودەیی پێدەبەخشێت.
منداڵەکە لە چەند ئێوارەیەکی مۆسیقیدا بەشداری کردووە، ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم بەشداریکردنانە زۆر دڵخۆشی دەکەن.
لای خۆیەوە ئایفەر مستەفا (13 ساڵ) هاوشێوەی منداڵە ژەنیارەكانی دیكە، بە ژەنینی تەمبور و گۆرانی وتن ڕووبەڕووی ترسی بۆردومانەكان دەبێتەوە.
ئەو منداڵە كە ماوەی ساڵ و نیوێکە مەشقی ژەنینی تەمبور و گۆرانی لە پەیمانگایەكی میوزیک دەکات، دەڵێت: فڕۆکەكانی توركیا بەسەر کۆبانێدا دەفڕن و بۆردومان دەکەن ترس دەخاتە دڵی منداڵانەوە.
پێشی وایە فێربوونی مۆسیقا کاریگەری لەسەر خوێندنەكەی نابێت، بەڵکو بە پێچەوانەوە ئارامی دەکاتەوە و هەستێکی ئاسوودەیی پێدەبەخشێت لەکاتی خوێندندا.
لای خۆیەوە هونەرمەند و مامۆستای میوزیك حوسێن خانی، پەیمانگای مۆسیقا بە شوێنێک دەزانێت کە منداڵانی ئەم شارە ئاسوودەیی تێدا بدۆزنەوە و ئامرازێکە بۆ بەدیهێنانی خەونەکانیان.
خانی بە نۆرس پرێسی راگەیاند، منداڵانی ناوچەکە بەردەوام لە ترسدا دەژین، چونکە بەردەوام گوێیان لە دەنگی فڕۆکە و بۆردومان و مووشەک دەبێت، یان گوێیان لە باسی شەڕی ناوچەکە دەبێت.
دەشڵێت هەڕەشە بەردەوامەکان بۆ سەر ناوچەکە و بۆردومانەکان هەندێک جار وا لە خێزانی منداڵەکان دەکەن ڕێگری لە ناردنی منداڵەكانیان بكەن بۆ پەیمانگاکە لە ترسی ڕوودانی هەر حاڵەتێکی لەناکاو کە مەترسی لەسەر ژیانیان دروست بکات.
ئەو هونەرمەندە دەڵێت منداڵانی سوریا و ناوچەکە، زیاتر لە دە ساڵە، لە ترس و دڵەڕاوکێدا ژیانیان بەسەر دەبەن، و تەمەنی منداڵی خۆیان بە سەلامەتی بەسەر نابەن.