پێگه‌ی رۆژئاوای کوردستان له لێكگه‌یشتنی گریمانه‌كراوی دیمه‌شق و ئه‌نكه‌ره به میانگیری تاران
قامشلۆ- نۆرس پرێس
له دوای هه‌ڕه‌شه‌كانی توركیا بۆ ئه‌نجامدانی هێرشێكی سه‌ربازی له رۆژئاوای كوردستان، هێماكانی لێكگه‌یشتنێكی سیاسی له نێوان دیمه‌شق و ئه‌نكه‌ره به میانگیری ئێران ده‌رده‌كه‌وێت.
شەممەی ڕابوردو، حوسێن ئەمیر عەبد له‌هیان، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە دیمەشقی پایتەختی سوریاوە رایگه‌یاند، وڵاتەکەی کار بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسی دەکات بۆ ئەوەی تورکیا لە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لابدات.
لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ فەیسەڵ میقداد، وەزیری دەرەوەی سوریا، له‌هیان ئاماژەی بەوەدا، وڵاتەکەی ئامادەیه بۆئه‌وه‌ی چارەسەرێکی سیاسی بۆ قه‌یرانه‌كه بخاته‌ڕو.
وتیشی: “هەمو هەوڵێك دەدەین بۆ ئەوەی رێگری لە ئۆپەراسیۆنی سەربازی بكرێت”. ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی توركیاش له‌باره‌ی “چاره‌سه‌ری دیپلۆماسی” قسه‌ی كردوه.
لە کۆتایی مانگی حوزەیرانی رابوردودا وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران سەردانی تورکیای کرد‌و پێشنیاری ئەنجامدانی کۆبونەوەی سێ قۆڵی لە نێوان تاران و دیمەشق و ئەنقەرە کرد بۆ تاوتوێکردنی بارودۆخی رۆژئاوای كوردستان.
له دوای هه‌ڕه‌شه‌كانی توركیا بۆ هێرشكردنه سه‌ر ناوچه‌كانی رۆژئاوای كوردستان، له‌سه‌ر هێڵه‌كانی به یه‌كگه‌یشتنی نێوان هێزه‌كانی سوریای دیموكراتی (هه‌سه‌ده) و هێزه‌كانی حكومه‌تی سوریا له‌لایه‌ك و توركیا‌و گروپه چه‌كداره‌كانی له‌لایه‌كی تر، گرژییه سه‌ربازییه‌كان تا دێت په‌ره‌ده‌سێنن.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران به‌شێک له وتوێژه‌کانی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی توركیا له چوارچێوه‌ی ئه‌و میانگیرییه‌ی ده‌ستیپێكردوه له نێوان دیمه‌شق و ئه‌نكه‌ره‌دا ئاشكراكردوه.
ئه‌میر عه‌بد له‌هیان وتویه‌تی، “چەند رۆژێك پێش ئێستا لە ئەنقەرە بوم، و قسەم لەگەڵ بەرپرسانی توركیا كرد، ته‌ئكیدم كرده‌وه چارەسەر لە ئەنجامدانی دیالۆگدایە لەنێوان بەرپرسانی ئەمنی توركیا و سوریا‌و ئەوەی هه‌ستمپێكرد بەرپرسانی تورکیا چاره‌سه‌ری سیاسی وه‌ك ده‌ستپێك بۆ ره‌واندنه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كانیان سه‌یر ده‌كه‌ن.”
لێدوانەکانی ئەو بەرپرسە ئێرانییە پەیامگەلێکیان هەڵگرتبو به وته‌ی مسته‌فا نعێمی، توێژەر له كاروباری ئێران، پەیامی دڵنیایی بون بۆ حکومەتی سوریا له‌بارەی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تورکیا و ئەو نیگەرانییانه‌ی به‌دوایدا دێن.
لە یه‌كی ئەم مانگە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا رایگەیاند، دەسەڵاتدارانی وڵاتەكەی كار ده‌كه‌ن له‌سه‌ر ئاماده‌كارییه‌كان بۆ ئه‌نجامدانی ئۆپراسیۆنی سه‌ربازی له باكوری سوریا (رۆژئاوای كوردستان)و ئاماژەی بەوەدا، “دەكرێت هەمو شتێك لەناكاو روبدات” و وتی، “پێویست به په‌له‌په‌ل و هه‌ڵپه ناكات.”
ئایا هەوڵەکانی ئێران سەردەکەون؟
ئێران لە بەیاننامە فەرمییەکانیدا بانگەشەی ئەوە دەکات پاڵپشتی ده‌كات له پەنابردنه به‌ر رێگه‌چاره سیاسییه‌كان وه‌ك تاکە چارەسەری قەیرانەکانی ئێستا و دورکەوتنەوە لە هەمو بژاردە سەربازییەکان، بەڵام پرسیار ئەوەیه، بەرژەوەندی ئێران لە هەوڵەکانیدا چییە؟
ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان لە زاری چاودێران و چاودێرانی پرسی سوریاوە بڵاویانکردوەتەوە، هەوڵەکانی ئێران لە چوارچێوەی ترسه لە بەرژەوەندییەکانی به‌هۆی زۆربونی هه‌ژمونی توركیا له سوریا به‌هۆی سه‌رقاڵی روسیا به شه‌ڕی ئۆكرانیاوه، هه‌ربۆیه له هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه تێڕوانییه‌كان له نێوان ئه‌نقه‌ره‌و دیمه‌شق لێكنزیك بكاته‌وه.
به‌وهۆیه‌وه عه‌بد له‌هیان ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ پشتیوانی لە دانوستانەکان بە ئامانجی کەمکردنەوەی نیگەرانییە ئەمنییەکانی تورکیا لە رۆژئاوای كوردستان ده‌ربڕیوه تا رێڕه‌وی خێرایی روداوه‌كان و په‌ره‌سه‌ندنه‌كان له ئێستادا خاو بكاته‌وه.
کەمکردنەوەی نیگەرانییە ئەمنییەکانی تورکیا بەو مانایە دێت تاران-یش له‌و نیگەرانیانەدا لەگەڵ ئەنقەرە هاوبەشە کە لە رۆژئاوای كوردستان هه‌یه‌تی.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران ئه‌وه‌شی وتوه، “له‌گه‌ڵ بەرپرسانی سوری لە دیمەشق قسەیکردوە و دڵنیایی پێدان کە ئێران هەوڵەکانی خۆی دەخاتەگەڕ بۆ ڕێگری‌کردن لە ململانێی سەربازیی نێوان سوریا و تورکیا و چاوده‌خاته سەر چارەسەرێکی سیاسی دەکات”.
هه‌رچی لە دۆخی مەیدانی-شه، هەمو لایەنەکانی ململانێكه (هێزەکانی حکومەت و گروپه‌كانی سه‌ر به ئێران، هێزەکانی تورکیا و گروپه چه‌كداره‌كانی لایه‌نگری) له هه‌وڵی ئه‌وه‌دان هه‌ژمونی خۆیان له ناوچه‌كانی ژێرده‌ستی به‌ڕێوه‌به‌رێتی خۆسه‌ر به‌هێز بكه‌ن.
شەوی یەکشەممە-دوشەممە، هێزە سەربازییەکانی هێزەکانی حکومەتی سوریا گەیشتنە گونده‌كانی باشوری ڕۆژهەڵاتی کۆبانی، کە لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی خۆیانەوە لە گونده‌واری باکوری حەڵەبەوە لە ڕێگەی دەروازەی تایهه‌وه هاتبون.
بەپێی سەرچاوە سەربازییه‌كان بۆ نۆرس پرێس، ئه‌و هێزه نزیکەی چل ئۆتۆمۆبێلی سەربازی لەخۆگرتبو کە له 4 تانک و 8 تۆپهاوێژی قورس و زیاتر لە 500 سەرباز پێكهاتون و گەیشتونەتە هێڵه‌كانی به یه‌كگه‌یشتن لەگەڵ گروپه چه‌كداره‌كانی سەر بە تورکیا لە باشوری ڕۆژئاوای گرێ سپی.
هاوکات هێزەکانی تورکیا و گروپه چه‌كداره‌كانی لایه‌نگریشی، بەردەوامن لە ناردنی هێز بۆ ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی خۆیان له گونده‌واری باکوری حەڵەب و لە بە ئامانجگرتنی ناوچەکە لەڕێگەی تۆپباران و بۆردومانكردن به درۆن ناوه‌ستن.