دێرەزوور – نۆرس پرێس
فێستیڤاڵی شانۆی میتان لە خولی پێنجەمی خۆیدا لەسەر شانۆی میتان بۆ رۆشنبیری و هونەر لە کانتۆنی شەهبا، بە بەشداری بەرفراوان لە هەموو ناوچەکان و دەرەوەی رۆژئاوای کوردستانەوە دەستیپێکرد.
زەینەب محەمەد، ئەندامی لیژنەی ئامادەکاری خولی پێنجەمی فێستیڤاڵی شانۆی میتان، بە نۆرس پرێسی راگەیاند، “فێستیڤاڵی شانۆی میتان بۆ یەکەم ساڵ لە شاری عەفرین لە ساڵی 2014دا دەستیپێکرد، بەڵام دوای ئەوەی شارەکە داگیرکرا و دانیشتووانەکەی ئاوارەبوون، دەستمان کرد بە ڕێکخستنی فێستیڤاڵەکە لە کانتۆنی شەهبا”
ئاماژەی بەوەشکرد، “فێستیڤاڵەکە لە 10ی ئەم مانگەوە دەستیپێکردووە، تا 18ی مانگ بەردەوام دەبێت، کە خولی چوارەمی فێستیڤاڵی شانۆی میتان لە کانتۆنی شەهبا بووە، بەهۆی ئەو مەرجانەی پێیدا تێدەپەڕین، ناتوانین فێستیڤاڵەکە ئەنجامبدەین ساڵانە، بۆیە ساڵێک مەودا لە نێوان هەر خولێکدا هەیە و ئەمڕۆ فێستیڤاڵی میتان پێنجەمین خولی نوێی خۆی لە ناوچەی شەهبا دەستپێدەکات”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “بەشداربووانی فێستیڤاڵەکە لە دەرەوەی رۆژئاوای کوردستانیشەوە، لە شاری کەرکوک لە باشووری کوردستان، جگە لە حەسەکە، عەفرین، کۆبانێ، رەققە، و حەڵەبەوە بەشداربوون، چالاکییەکانی فێستیڤاڵەکەش بۆ ماوەی نۆ رۆژ لەسەریەک بەردەوام دەبن”.
سەرەڕای ئازارەکانی ئاوارەیی و بارودۆخی ژیان و بەئامانجکردن و بۆردومانی رۆژانەی ناوچەکە لەلایەن تورکیاوە، “بە ئیرادەیەکی بەهێزەوە فێستیڤاڵی شانۆی میتان لە خولی پێنجەمی خۆیدا بەڕێوەدەبەین و دروشممان ئەوەیە کە ژیان دەچێنین”.
گوتیشی، “ئەمساڵ فێستیڤاڵەکە لەژێر دروشمی “گەڕانەوە نزیکە” بوو، بە هیوای گەڕانەوە بۆ شارەکەمان ‘عەفرینی داگیرکراو’ بە زووترین کات و ژیانێکی ئارام”.