لە گركێ لكێی رۆژئاوای كوردستان نەخۆشخانەیەكی سەردەمیانە كرایەوە

نەخۆشخانەی دار ئەلشیفا لە شارۆچکەی گرکێ لەكێی رۆژئاوای كوردستان، بە کەرەستەی پێشکەوتوو و بەشی پزیشکی مۆدێرن كراوەتەوە، نەخۆشخانەکە لە چوار نهۆم پێکهاتووە جگە لە ژێرزەمینێکی پزیشکی. نەخۆشخانەکە چەندین بەشی هەیە، نەشتەرگەری، تیشک، چاودێری چڕ، کلینیک .

لەمبارەیەوە دكتۆر ئەنەس بەڕێوەبەری نەخۆشخانەكە بە نۆرس پرێس راگەیاند ناوچەكەمان پێویستی بە نۆخشخانەیەكی لەو شێوە هەبوو، چونكە پێشتر بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەری و چارەسەرییەكانی تر نەخۆشەكان پێویست بوو بچنە دەرەوەی گركێ لكێ، بەڵام ئێستا ئەم نەخۆشخانەیە بە ئامێری پێشكەوتوو لە خزمەتی نەخۆشەكاندایە.

لای خۆیەوە سلڤا ئەسعەد یاریدەدەری پزیشك دەڵێت ئەم نەخۆشخانە نوێیە بۆ نەخۆشەكانی ناوچەكە پێویست بوو، چونكە پێشتر بەهۆی نەبوونی ئامێری پزیشكی پێشكەوتوو، نەخۆشەكان ناچار بوون بچنە شام و قامشلۆ بۆ وەرگرتنی چارەسەری.

هۆزان حاجی پزیشكی دڵ لە نەخۆشخانەی دار ئەلشیفای گركێ لكێ بە نۆرس پرێس راگەیاند هیوادارین خزمەتێكی باشی ناوچەكەی خۆمان بكەین بەو ئامێرە سەردەمیانەی لەم نەخۆشخانە هەیە، دەشڵێت لەمەودوا ئامێری قەستەرەی دڵیشمان دەبێت و پێشوازی لە نەخۆشانی دڵ دەكەین.

نەخۆشخانەکە ئازارەکانی هەزاران هاووڵاتی ناوچەكە كەم دەكاتەوە کە پێشتر بۆ چارەسەری هەندێک نەخۆشی یان پشکنینی پزیشکی مۆدێرن رێگایەكی دوور و درێژیان دەبڕی بۆ شارەكانی دیكەی رۆژئاوای كوردستان.

ئامادەكردنی: هاوار هەبۆ