ئاوارەبوون و ناسەقامگیری، ئامانجی بۆردومانەكانی توركیایە بۆ سەر ژێرخانی رۆژئاوای كوردستان
ژووری هەواڵ – نۆرس پرێس
بەرپرسانی دامودەزگا خزمەتگوزارییەکان لە رۆژئاوای كوردستان جەخت لەوە دەكەنەوە کە ئامانجی تورکیا لە بەئامانجگرتنی ناوچەکە و بۆردومانی ژێرخان و دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان ئەوەیە، ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە تێکبدات و بەم شێوەیە دانیشتووانەکەی ئاوارە بکات.
لە ماوەی سێ ڕۆژی رابردوو تورکیا دامەزراوە خزمەتگوزاری و تەندروستییەکانی ناوچەکانی رۆژئاوای كوردستانی کردووەتە ئامانج 55 شوێن لە ژێرخان و دامەزراوە خزمەتگوزارییەکانی ئەو ناوچانە وێرانبوون و زیانی گیانی لەنێو هاووڵاتیانی مەدەنی لێکەوتووەتەوە.
ئەم هێرشانە یەکەمجار نین لەمساڵدا رووبدەن، پێش ئەو هێرشانە لە مانگی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ بەهەمان شێوە ژێرخان و دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان كرابوونە ئامانج، ئەمەش دانیشتوانی رۆژئاوای كوردستانی لە کارەبا و سووتەمەنی بێبەشكرد.
لە کاتی بۆردومانەکەیدا هەردوو جار، تورکیا وێستگەی سوەیدیەی لە گوندەواری دێرک کردە ئامانج و لەكاری خست، کە تاکە دامەزراوە بوو غاز و کارەبای بۆ ناوچەکە دابین دەكرد.
لەمبارەیەوە ئەکرەم سلێمان، هاوسەرۆکی فەرمانگەی وزە لە ناوچەی جزیرە، بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند: لە 5 ی مانگی تشرینی یەکەم، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، بە دەستدرێژییەکی دڕندانە، ناوچەکەی کردە ئامانج و هەموو سەرچاوە وزە و ژێرخانەكان بۆردومان كران، ئەمە بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان بە تاوانی جەنگ دادەنرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەو بۆردومانەدا، نزیکەی 11 شوێنی سەر بە کۆمپانیای کارەبا کرانە ئامانج، لەنێویاندا وێستگەی کارەبای سوەیدیە .
هەروەها وێستگەکانی گۆڕینی کارەبا لە شارەکانی حەسەکە و ئامودێ و تێربەسپی و قامشلۆ لەناوچوون، ئەمە جگە لە لەناوبردنی تۆڕباینەکانی غاز و وێستگەکانی گۆڕینی کارەبا لە دامەزراوەی سوەیدیە.
مەترسی بۆردومانکردنی وێستگەی سوەیدیە لە بوونی غازی شلی كۆگاكراوە،وەك هاوسەرۆکی فەرمانگەی وزە لە ناوچەی جزیرە، دەڵێت: گەیشتنی بۆردومانەكان بەم گازە كۆگاكراوانە کارەساتێکی زۆر گەورەی مرۆیی لێدەکەوێتەوە،بەجۆرێك گوندەكانی نزیك ئەم دامەزراوەیە لەناودەبات.
دەشڵێت ئێستا لە کەرتی کارەبادا لە سەختترین و گەورەترین قەیرانداین هەموو شار و شارۆچکە و گوندەكانی دەڤەری جزیرە لە دۆخێکی تاریکی تەواودا دەژین، کارەبا نییە بۆ خزمەتکردنی دامودەزگا خزمەتگوزارییەكان وەک نەخۆشخانە و نانەواخانە و بیری ئاو.
لە ماوەی ڕابردوودا، لە ئەنجامی بە ئامانجگرتنەكانی تورکیا، پچڕانی کارەبا ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر نزیکەی دوو ملیۆن کەس هەبووە. سەبارەت بە کەرتی نەوت و غازیش نزیکەی پێنج ملیۆن کەس زیانیان بەرکەوتووە .
عەگید عەبدولمەجید، بەڕێوەبەری کارگەی غازی سوەیدیە ڕایگەیاندووە وێستگەی سوەیدیە تاکە وێستگەی رۆژئاوای كوردستانە غازی ماڵان بەرهەم دەهێنێت، هەروەها ڕۆژانە 500 هەزار مەتر سێجا غازی پاکی بەرهەم دەهێنا بە مەبەستی بەرهەمهێنانی کارەبا سودی لێ وەردەگیرا.
ناوبراو لە لێدوانێکی پێشوودا بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەشکردووە، تورکیا لە رێگای بە ئامانجگرتنی ژێرخانی ناوچەکە، دەیەوێت دانیشتوانی ناوچەكە برسی بكا و لە شوێنی خۆیان كۆچیان پێبكا ئەو ئەزموونە دیموکراسییەی کە بەڕێوبەری خۆسەری لە رۆژئاوای كوردستان نوێنەرایەتی دەکات.
بەگوێرەی زانیارییەكانی دەستەی ئابووری له هەرێمی ژمارەی ئەو هێرشانەی له مانگی تشرینی یەكەمی ئەمساڵەوە لەلایەن توركیاوە كراونەتە سەر ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان 582 هێرش بووه، لەو ژمارەیەش 104 هێرش كراوەتەسەر دامەزراوە نەوتی و خزمەتگوزارییەكان.