قوتابیانی خوێندنی باڵای زانکۆی رۆژئاڤا توێژینەوە لە زمانە کۆنەکانی ناوچەکەدا ئەنجام دەدەن

ئەڤین یوسف – قامشلۆ –نۆرس پرێس

ئەکادیمیست و سەرپەرشتیارانی زانکۆی رۆژئاڤا لە قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان پێیان وایە زیادکردنی پسپۆری زمانە ناوخۆییە کۆنەکان لەم دواییانەدا بۆ خوێندنی باڵا، هاوکار دەبێت بۆ ئاشکراکردنی راستی نوێ سەبارەت بە مێژووی کورد لە ناوچەکەدا.

زانکۆی رۆژئاڤا کە لە ساڵی 2016دا بە پێنج کۆلێژ دامەزراوە، هەوڵیداوە پەرە بە بەش و پسپۆڕییەکانی بدات کە لە ماوەی هەشت ساڵی پێشوودا گەشەی پێداون.

  لە ساڵی 2020دا زانکۆکە پەیمانگای خوێندنی باڵا (ماستەر)ی دامەزراند، لە نێو دەرچووانی بەشی زمانی کوردیدا لە زانکۆکە پێشوازیی لەو کەسانە دەکرد کە ئارەزووی تەواوکردنی خوێندنیان هەیە.

بەشەکە پێشوازیی لە دەرچووانی لقی مێژوو و شوێنەواریش دەکات، کە خوازیاری تەواوکردنی خوێندن و پەرەپێدانی زانستی ئەکادیمین.

وانەوتنەوە لە دوورەوە

جیان سەلو، هاوسەرۆکی پەیمانگای دەرچووانی زانستە کۆمەڵایەتی و مرۆییەکان لە زانکۆی رۆژئاڤا، بە نۆرس پرێسی راگەیاند، بڕیاری ئەنجومەنی زانکۆ بۆ زیادکردنی زمانە کۆنەکان لەمساڵدا بەهۆی پەیوەندییەکەی بە بوارەکانی مێژوو و شوێنەوارەوە بووە.

13 خوێندکاری دەرچووی بەشی زمانی کوردی، کە سەر بە فاکەڵتیی ئادابە لە زانکۆکە، داوای وەرگرتنی پسپۆڕییان لەو بوارەدا کردووە، دوای خستنەڕووی توێژینەوە و تاقیکردنەوە کە ماوەی شەش مانگ بەردەوام بووە، پێنج خویندکار وەرگیراون.

زانکۆکە گرێبەستی لەگەڵ 4 ئەکادیمیست کردووە، کە سیانیان خاوەنی بڕوانامەی دکتۆران لە هەرێمی کوردستانی عێراق و پسپۆڕن لە زمانەکانی (حوری، ئەکەدی و سۆمەریدا)، چوارەمیشیان خەڵکی جەزیرەی رۆژئاڤایە و نیشتەجێی بەریتانیایە و پسپۆڕییەکەی لە شوێنەوار ومێژوودایە.

ماوەی پێنج مانگە خوێندکارەکان لە دوورەوە (بە ئۆنڵاین) وانە و چاودێری وەردەگرن و هەریەکەیان ئەو زمانە هەڵدەبژێرن کە خۆی تێیدا بە سەرکەوتوو دەبینێت، بۆ ئامادەکردنی تێزی ماستەرەکەی.

بە گوتەی سەلۆ، بەشەکە خوێندن بە هەر سێ زمانی (حوری، ئەکەدی و سۆمەری) پێشکەش دەکات، کە پەیوەندییان بە کولتوور و مێژووی کوردی ناوچەکەوە هەیە.

کورد بۆ زانینی مێژووی دێرینی خۆی لە ناوچەکەدا، پشت بەو توێژینەوە و لێکۆڵینەوانە دەبەستێت کە رۆژهەڵاتناسان ئەنجامیانداوە، ئەمە جگە لە ئەنجامە بڵاوکراوەکانی هەڵکەندنی شوێنەوارییەکانی ناوچەکە.

بەرپرسی پەیمانگاکە پێی وایە، کە تا ئێستا زۆر راستییان لەبارەی مێژووی کۆنی کورد و باپیرانەوە پشتگوێ خراون.

ئەو ئەمە بە هۆکاری پەیوەست بە سیاسەتی ئەو وڵاتانەی کە رۆژهەڵاتناسەکان لێیەوە سەرچاوە دەگرن و هەڵوێستیان لەسەر ناوچەکە و مێژووەکەی دەبینێت.

بەربەست و هیواکان

گوڵبەهار ئەسعەد، کە یەکێکە لەو خوێندکارانەی خوێندنی باڵا، باس لەوە دەکات، کە ئەو حەزی لە خوێندنی زمانە کۆنەکانە، چونکە پەیوەندی بە پسپۆڕییەکەیەوە هەیە لە زمانی کوردیدا و ئێستا وەک یاریدەدەری وانەبێژ لە زانکۆ وانە دەڵێتەوە.

ئاماژە بەوەش دەکات کە زانایان و رۆژهەڵاتناسان سەدان ساڵ کاریان کردووە تا توانیویانە پیتەکانی ئەم زمانانەی ناوچەکەمان شی بکەنەوە و وەریبگێڕن.

گوڵبەهار پێی وایە ئەو زمانانەی دەستی کردووە بە فێربوونیان، چەندین راستی شاراوەیان لەخۆگرتووە، کە پێشتر تۆمار نەکراون، هەروەها شوێنەوارە ناوخۆییەکان بەڵگەی زۆری شاراوە لەخۆ دەگرن، کە ئەم زمانانە دەتوانن ئاشکرای بکەن.

خوێندکاران رووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە، چونکە تا ئێستا خوێندنەکەیان سنووردار بووە بە زانیارییە تیۆرییەکان بەهۆی سروشتی وانەوتنەوە لە دوورەوە (ئۆنڵاین)، لەکاتێکدا پسپۆڕییەکەیان پێویستی بە راهێنان هەیە لە لێکۆڵینەوە لە وێنەکێشانی نمونەیی و نووسراوەکان.

هەروەها بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕێی سەردانی مەیدانین بۆ گرد و ناوچە و شوێنەوارەکان و هاوڕێیەتی ئەرکەکانی هەڵکەندن و بەدواداچوون، بۆ ئەوەی بزانن مۆزەخانەکانی ناوەوە و دەرەوەی رۆژئاوای کوردستان چی لە دۆزینەوەکانی ناوچەکە لەخۆدەگرن.

بەڵام بارودۆخی ئەمنی و وەستانی کاری زۆربەی تیمە ناوخۆییەکانی هەڵکەندن ئەرکەکانی گەڕان لە وڵاتەکەدا گران کردووە، لە ساڵی 2011ەوە رێگری لە دابینکردنی ئەم پێداویستیانە دەکرێت.

گوڵبەهار هیواخوازە بەم زووانە بتوانێت ئەو تابلۆ گڵینە بەردەستانە بخوێنێتەوە کە هەزاران ساڵ لەمەوبەر لەلایەن باوباپیرانیەوە نووسراون.

داڕشتنەوەی: حەکیم ئەحمەد