کەمتر لە کیلۆمەترێک.. گوندە سنوورییەکانی کۆبانی لە دڵەڕاوکێیەکی هەمیشەییدا دەژین

کۆبانی – نۆرس پرێس

ئەیسلەم باقر (70 ساڵ) کە بە دارشەقێکەوە بەناو گوندەکەیدا، قەرەموغ، لە گوندەواری ڕۆژهەڵاتی کۆبانی، دەسوڕێتەوە، نیگەران و دوودڵە لەوەی دۆخی گوندەکەی زیاتر تێکبچێت و ناچار بە ئاوەرەبوون بکرێت.

ئەو خانمە حەفتا ساڵانە وەسفی بارودۆخیان دەکات لە گوندەكەدا و دەڵێ “ئێمە زیاتر بەرگەمان نەگرت، دەترسین،  منداڵەكانمان دەترسن، كاتێك ئێوارە دێت دەترسین لە ماڵەكانمان بخەوین”.

لە دوورییەک کە لە یەک کیلۆمەتر زیاتر نابێت لە سنووری سووریا و تورکیا، ” ئەیسلەم “و دانیشتوانی گوندەکە و گوندەکانی دیکەی گوندەواری کۆبانی لە دۆخێکی دڵەڕاوکێی بەردەوامدا دەژین لەگەڵ پەرەسەندنی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکەیان.

دوای گەشتێکی کورت، ئەو ژنە بەساڵاچووە لەسەر بەردێک دادەنیشێت و منداڵان لە دەوری کۆدەبنەوە، دەشڵێت: خەڵکی گوندەکە لە کاتی بۆردومانەکەدا ماڵەکانیان بەجێدەهێڵن و دەچنە شوێنی کراوە و هەندێکجاریش لە زەوییە کشتوکاڵییەکان دەخەون و دوای وەستانی بۆردومانەکە دەگەڕێنەوە.

بە شێوەزاری ناوخۆیی خۆی، ئاماژەی بەوەشکردووە، “بۆردومانی تورکیا بە شێوەیەکی هەڕەمەکییە، تەنها چانس شوێنی گولەبارانکردن و ئەو کەسە دیاری دەکات کە تۆپەکە لێی دەکەوێت.”

بۆردومانەکەی تورکیا بۆ سەر شاری کۆبانی و گوندەوارەکانی، لە 16ی ئەم مانگەدا، بووە هۆی گیانلەدەستدانی منداڵێک و برینداربوونی چوار کەسی دیکەی سڤیل، کە لەنێویاندا منداڵێک و ژنێک هەبوون، ئەمە جگە لە گیانلەدەستدانی سێ ئەندام لە سوپای سوریا، و برینداربوونی 6ی دیکە.

لە گوندەکەی “ئەیسلەم” شەش کەس لە خێزانێک کە سێ منداڵ و سێ ژن بوون، بەهۆی بۆردومانی تورکیاوە برینداربوون، یەکێک لەو بۆردومانانە بووە هۆی بڕینەوەی قاچێکی منداڵێک بە ناوی عەبدۆ حەنیفی (4 ساڵ) لە 8ی کانوونی دووهەمدا.

لە بەرامبەر ئەم دۆخەدا، جوتیارانی قەرەموغ و گوندەکانی تری سنوور، ناتوانن کار لەسەر زەوییەکانیان بکەن، بە تایبەت لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی دروێنە بۆ هەندێک بەرهەمی هاوین.

موسلیم نەعسان تەمەن 35 ساڵ، دانیشتووی ئەو گوندەی پێشتر باسمان کرد، ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە جەندرمەی تورکیا بە چەکی قەناس و چەکی دیکە جووتیاران دەکەنە ئامانج، ئەمەش جووتیاران ناچار دەکات بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان بەبێ ئەوەی بتوانن بەرهەمەکانیان دروێنە بکەن.

هەروەها “نەعسان”یش هاوشێوەی ئەوانەی پێش خۆی لە دۆخێکی ترسدا دەژی بۆ ئەندامانی بنەماڵەکەی و ترسی ئەوەی هەیە منداڵەکانی ڕووبەڕووی هەمان چارەنووسی عەبدۆ حەنیفی ببنەوە، دەڵێ: “ڕەنگە بۆمبی داهاتوو ماڵی من بێت”.

رۆژی چواری ئەم مانگە، جووتیارێک بە ناوی ئیبراهیم محیەدین تەمەن 27 ساڵ لە گوندی گۆران لە رۆژهەڵاتی كۆبانی بە فیشەکی جەندرمەی توركی، گیانی لەدەستدا.

مانگی ئەیلولی ساڵی رابردووش، جوتیارێکی تر بە ناوی محەمەد شێخۆ، تەمەن 55 ساڵ، لە گوندی سفتك لە گوندەواری كۆبانی لەكاتی كاركردن لەسەر زەوییەكانی لەلایەن جەندرمە توركییەكانەوە بە فیشەک بریندارکرا.

لە گوندی سفتک لە گوندەواری رۆژئاوای کۆبانی، عوسمان رەشۆ (تەمەن 70 ساڵ) لە ئازاری لەدەستدانی ماهر محەممەد حسێنی کوڕەزایدا دەژی، کە دوو ساڵ لەمەوبەر بە تەقەی جەندرمە تورکەکان گیانی لەدەستدا.

عوسمانی حەفتاساڵ، دەڵێت، بۆردومانەکەی تورکیا دانیشتوانی گوندەکە دەترسێنێت، “منداڵەکان هاوار دەکەن و دەگرین، بەتایبەتی لەم هێرشەی دوایدا کە بە تۆپ و تانک بووە”

ئەو بۆردومانەکەی ئەم دواییە بەبیر دێنێتەوە، کە لە گوندی “زور مەغار”ی گوندەواری دووری رۆژئاوای کۆبانییەوە دەستی پێکرد و سوپای سووریای بەدرێژایی کەرتی سنووری کردە ئامانج.

لەو کاتەدا گولەکان کەوتنە سەر “سفتک” و پارچەکان بەسەربانی ماڵەکاندا دەفڕین، لە کاتێکدا گولەیەک کەوتە سەر قوتابخانەی گوندەکە کە تەنها 100 مەتر لە ماڵی “ڕەشۆ”ەوە دوورە، بە وتەی دانیشتووان.

بە هۆی بۆردومانی تورکیاوە بۆ سەر گوندی سفتک لە 16ی ئەم مانگەدا، مەروە حەمۆ، تەمەن 40 ساڵ، بە سەختی بریندار بوو.

بە وتەی “رەشۆ” ئەم بۆردومانە بووە هۆی ئەوەی خێزانەکان ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێبهێڵن و لە گوندەکانی دوور لە سنوور بژین.