ژووری هەواڵ– نۆرس پرێس
وڵاتانی ئەوروپی ترسی زۆر دەهێننەوە کە ناتوانن هاووڵاتییەکانیان لە کامپەکانی هۆل و رۆژ لە رۆژئاوای کوردستانەوە بگەڕێننەوە بۆ وڵاتەکانیان، کە گرنگترینیان هۆکاری ئەمنی و سیاسییە، ئەمە جگە لە هۆکاری یاسایی و مافی مرۆڤ و بابەتی دیکەی پەیوەست بەوەوە.
کامپی هۆل نزیکەی 55 هەزار کەس لەخۆدەگرێت، لەنێویاندا دوو هەزار و 423 خێزانی ئەندامانی داعش کە لە نزیکەی 60 وڵاتی بیانییەوە هاتوون، بەپێی ئامارە فەرمییەکانی ئیدارەی کامپەکە.
کامپی رۆژیش یەکێکە لەو چەند کامپانەی کە لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا بنەماڵەی ئەو کەسانەی کە پەیوەندییان بە داعشەوە هەیە، تێدا راگیراون، لە ئێستادا نزیکەی 3 هەزار کەسی تێدایە کە 65%یان منداڵن، بەپێی راپۆرتێکی پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان.
نیگەرانییەکانی ئاسایشی ئەوروپا
زانا عومەر، ڕۆژنامەنووس و پسپۆڕی کاروباری تیرۆر بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، ڕەتکردنەوەی وڵاتانی ئەوروپی بۆ گەڕاندنەوەی هاوڵاتییەکانیان، لەوانەش منداڵ و ژنانی خێزانی داعش، پەیوەستە بە نیگەرانییە ئەمنییەکانەوە لە پلەی یەکەمدا، بەو پێیەی ڕێکخراوەکە ژنان و منداڵان بەکاردەهێنێت بۆ ئەنجامدانی کردەوەی “تیرۆریستی” لەناو ئەو وڵاتانەدا، کە لێیەوە هاتوون لە ئەگەری گەڕانەوەیان بۆی.
ئەو ڕۆژنامەنووسە هۆکاری سیاسیشی خستۆتە ڕوو، لەوانەش ڕەتکردنەوەی وڵاتانی ئەوروپی بۆ وەرگرتنەوەی هاووڵاتییان، ژن و منداڵی ئەو ڕێکخراوە، “چونکە ئەمە کاریگەری لەسەر دەنگدەرانیان لە هەڵبژاردنەکانیان لە چوارچێوەی وڵاتەکانیاندا جێدەهێڵێت”.
وڵاتانی ئەوروپا ڕووبەڕووی ئاستەنگی دەبنەوە لە دووبارە گێڕانەوە ناو ژیانی ئەو منداڵ و ژنانە، “بەرنامەکانی چاکسازی لەم وڵاتانەدا تاڕادەیەک نامۆیە و ئەمەش بۆ هۆکاری یاسایی دەگەڕێتەوە، واتە یاسا نیشتمانییەکانی ئەو وڵاتانە پەراوێزێکی گەورە بۆ جوڵەی ئەو منداڵ و ژنانە درووستدەکەن، ئەمەش هەڕەشەیەکی ئەمنی بۆ سەر کۆمەڵگاکانیان پێکدەهێنێت” بەپێی ئەو پسپۆڕە.
مانگی ئازاری ساڵی رابردوو، مایکل کۆرێلا، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) هۆشدارییدا لە مەترسیی دەستبەسەرکردنی ئەندامانی ڕێکخراوەکە لە سووریا و عێراق و پێیوابوو کە ئەوان “سوپایەکی دەستبەسەرکراوی ڕاستەقینەن، ئەگەر ئازاد بکرێن، ئەوا مەترسییەکی گەورە دروست دەکەن”، روونیشی کردەوە کە ئەم کێشەیە بە سەربازیی چارەسەر ناکرێت.
گرتەئەستۆی لێپسراوێتی
خالد ئیبراهیم، ئەندامی دەستەی کارگێڕی لە پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوبەریی خۆسەریی رۆژئاڤا ڕایگەیاند، خۆپارێزیی لە زۆرێک لەو وڵاتانەوە هەیە، بەو پێیەی وڵاتانێک هەن ڕەتیدەکەنەوە هاووڵاتییان وەربگرنەوە و ئەوانی دیکە داوای منداڵەکان دەکەنەوە، بێ دایکەکانیان و ئەم ترس و ڕەتکردنەوەش بۆ ئەو وڵاتانە دەگەڕێتەوە”.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ نۆرس پرێس، ئیبراهیم باوەڕی خۆی دەربڕی کە ئەم خۆبەدوورگرتنە “لایەنێکی ئەمنی و ترسی هەیە لە دەرئەنجامەکانی گەڕاندنەوەیان و دادگاییکردنیان و لێکۆڵینەوەیان، ئەمەش بێتوانایی ئەو وڵاتانە پیشان دەدات لە بەرگەگرتنی ئەو دەرئەنجامانە و ڕادەی قبوڵکردنی کۆمەڵگاکانیان ناوخۆییەکان بۆ ئەم کەسانەی هەڵگری بیرۆکەی توندڕەوین”.
لە لێدوانێکی پێشوویدا نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاندووە، “دەبێت دەوڵەتەکان بەرپرسیارێتی هاووڵاتیانی خۆیان لە ئەستۆ بگرن، ئەگەر بە پێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان لە سووریا دادگایی نەکرێن”.
زۆرێک لە وڵاتان ئامادە نەبوون ئەو کارە بکەن، ئەمەش بەهۆی نیگەرانی لە ڕای گشتی لەو وڵاتانە و ئالنگاری یاسایی مامەڵەکردن لەگەڵ کێشەکانی هاووڵاتییان کە پەیوەندییان بەو ڕێکخراوەوە کردووە.
“ئیبراهیم” دەشڵێت: “ڕەنگە خۆپارێزی و خۆبەدوورگرتنی ئەم وڵاتانە بەهۆی هۆکاری سیاسی و یاساییەوە بێت، بەم پێیە هەموو ئەم پرسانە دەبێت پلان و بەرنامەی ستراتیژییان هەبێت بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی ڕیشەیی و نابێت بەڕێوبەریی خۆسەریی بە تەنها ئەم بارگرانییە لە ئەستۆ بگرێت”.
ستانداردە یاساییە نێودەوڵەتییەکان
سەرەڕای چەندین جار بانگەوازی نەتەوەیەکگرتووەکان و هۆشداریی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە بارودۆخی “کارەساتبار” لە کەمپی هۆل، زۆرینەی وڵاتان پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە هاووڵاتییەکانیان وەرنەگرنەوە، هەروەها وەڵامی بانگەوازی بەڕێوبەریی خۆسەریشیان نەداوەتەوە بۆ دامەزراندنی دادگایەکی نێودەوڵەتی و دادگاییکردنی ئەندامانی داعش کە لە زیندانەکانی هێزەکانیدا لە دۆخێکی شڵەژاندان.
چەند وڵاتێک پێشوازیان لە ئەندامانی بنەماڵەکانی “داعش” کردەوە کە لە رۆژئاوای کوردستان دەستبەسەرکرابوون، لەنێویاندا هەندێک وڵاتانی ئەوروپی ڕازی بوون بە وەرگرتنەوەی ژمارەیەکی سنووردار لە ژن و منداڵ.
دەسەڵاتدارانی بەڕێوبەریی خۆسەری و ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمەریکا بانگەوازیان لە وڵاتانی ئەندامی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و وڵآتانی ڕۆژئاوا و عەرەبی کرد بۆ وەرگرتنەوەی هاووڵاتییانیان، بەڵام زۆربەی وڵاتان خۆیان لە وەرگرتنەوەیان بەدوور گرت، ئەمەشیان بۆ هۆکاری ئەمنی گەڕاندەوە یان هەوڵیاندا ڕەگەزنامەی وڵاتەکەیان لێ بسێننەوە.
مستەفا شێخ موسلیم، پارێزەر، ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیاربوو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ئەو وڵاتانەی پێکهێنرابوون “دادگایەکی نێودەوڵەتی لە رۆژئاوای کوردستان پێکبهێنن، چونکە تاوانەکان لێرە بە پشتبەستن بە پرەنسیپی شوێنی تاوانەکەوە وەردەگیرێن، ئەمەش بنەمایەکی یاساییە”.