بۆردومانی ئیسرائیل و وه‌ستانی گه‌شتی فڕۆکەخانەکان.. ئایا دیمەشق دەتوانێت داوای کشانەوە له‌ تاران بکات؟

ژووری هەواڵ – نۆرس پرێس

لە ٧ی تشرینی یه‌كه‌مه‌وه‌ کە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە فەلەستین توندتر بوو. هه‌موو هه‌فته‌یه‌ك ئیسرائیل فڕۆکەخانه‌ یان ئەو خاڵانەی کە هێزەکانی لایەنگری ئێرانی تێدایە له‌ سوریا، بۆردومان كردووه‌.

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، سوپای ئیسرائیل چەند خاڵێکی لە دەوروبەری دیمەشقی پایتەخت بۆردومان کرد. شەممەی ڕابردووش، سەرچاوەیەک لە هێزەکانی حکومەتی سوریا بۆ نۆرس پرێس ئاشکرای کرد لە ئەنجامی بۆردومانێکی ئیسرائیل بۆ سەر خاڵە سەربازییەکانی سەر بە هێزەکانی سوریا و حزبوڵای لوبنان لە گونده‌واری ڕۆژهەڵاتی شاری حومس، حەفت ئەندامی حزبوڵای لوبنان و چوار ئەندامی هێزەکانی حکومەت کوژراون.

ئەنەس شەواخ توێژەری سیاسی بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاندووە، ئاستی پەیوەندی و هاوبەشی و هەماهەنگی نێوان ڕژێمی سوریا و ئێران وا دەکات دیمەشق نەتوانێت داوای لە تاران بکات هێز و میلیشیاکانی لە ناوچەکانی سوریا بکشێنێتەوە.

ئەوەی وایکردووە داواکارییەکە “مەحاڵ” بێت، بە وتەی ئەو توێژەرە سیاسییە، بریتییە لە پەیوەندی مێژوویی و ستراتیژی، وەک ئەو گرێبەستانه‌ی وەبەرهێنان‌ كه‌ هەردوولا لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا واژۆیان کردووە و بۆ دەیان ساڵ به‌رده‌وام ده‌بێت هه‌روه‌ها میلیشیاکانی ئێران ئاماده‌ییان هه‌یه‌ له‌ زۆرێك له‌ دامودەزگاكانی رژێم و بڕیاردان لەو دامەزراوانە و کۆنترۆڵیان هه‌یه‌ بەسەر بەشێکی ئه‌و داموده‌زگایانه‌.

شەواخ ڕوونی کردەوە، لەم دۆخەدا ڕاستترە بڵێین ڕژێمی سوریا ناتوانێت داوای کشانەوەی ئێران لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بکات.

بە وتەی ئه‌م توێژەرە. ئێران بوونی خۆی لە سوریا بە “پێویستییەکی ستراتیجی بۆ درێژەدان بە پرۆژەی میحوەری خۆی کە لە تارانەوە تا بەیروت درێژ دەبێتەوە” دەزانێت و پێناچێت وەڵامی هەر بانگەوازێک بداتەوە بۆ وازهێنان لەو دەستکەوتانەی کە لە ساڵانی ململانێدا لە سوریا بەدەستهێناوە.

ئەو توێژەرە سیاسییە ڕایگەیاندووە، ئیسرائیل خۆی کێشەی لەگەڵ بوونی ئێران لە سووریا نییە، بەڵام بە هاوبەشی لەگەڵ ڕووسیا و ئەمەریکا کار بۆ کۆنتڕۆڵکردن و چاودێریکردنی ئەم ئامادەبوونەى دەکات.

ده‌شڵێت: ئەم کۆنتڕۆڵە تیشک دەخاتە سەر ڕێگریکردن یان نه‌هێشتنی بڵاوبوونەوەی ئەو میلیشیایانە لە ناوچەکانی باشوور و دڵنیابوون لەوەی چەکی تایبەت نەگوازرێتەوە بۆ ئەو میلیشیایانە، تا دژی ئیسرائیل بەکارنه‌هێنرێت.

ناوبراو ڕایگەیاندووە، سەرنجی زۆربەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر فڕۆکەخانە و دەروازە سنوورییە وشکانییەکانه‌ کە ڕەنگە بۆ گواستنەوەی ئەم چەکانە بەکاربهێنرێن.”

بەپێی ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان مانگی ڕابردوو هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل، گه‌شتی فڕۆکەخانەکانی حەلەب و دیمەشقی ڕاگرت، ئەمەش ڕێگر بوو لە بەردەوامبوونی نیشتنەوەی فڕۆکەی هێزەکانی ئێران بۆ دابینکردنی هێزی سەربازی لە شارەکانی سوریا.

سێشەممەی ڕابردوو، ئەفسەرێک لە هێزەکانی حکومەت بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاندبوو، فڕۆکەیەکی بارهەڵگری هێڵی ئاسمانی ئێرانی گەیشتە فڕۆکەخانەی ته‌دمور، ژمارەیه‌ك سەرکرده‌ی ئێرانی هەڵگرتبوو کە لە سوریا کاردەکەن.

چەند ڕۆژێک له‌مه‌وبه‌ریش، سەرچاوەیەکی فەرمی لە هێزەکانی حکومەت بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاندبوو، هێزی ئاسمانی سوپای پاسدارانی ئێران ئەو فڕۆکەخانە سەربازییە به‌كارده‌هێنن. کە له‌ مانگی ئاداری ساڵی ٢٠٢١ رادەستی هێزەکانی ڤاگنەری ڕووسی كرابوو.

ئەو توێژەرە سیاسییە جەخت ده‌كاته‌وه‌، ڕوونە کە ئیسرائیل بەردەوامە لە ئۆپەراسیۆنەکانی بۆ چاودێری و کۆنترۆڵکردنی بوونی ئێران لە سووریا و بێگومان ئەمەش پەیوەستە بە بەردەوامی بڵاوبوونەوەی میلیشیاكانی سه‌ر به‌ ئێران له‌ سوريا.

ئامادەکردن و داڕشتنه‌وه‌ی: محه‌مه‌د قازی