دوای پەرەسەندنی زیاتری گرژییەكان لە غەززە، ئێران لە حەلەب دەست بە جموجۆڵ دەکات

ئاردۆ جەوید – حەلەب

دوای پەرەسەندنی زیاتری گرژییەکان لە کەرتی غەززە، هێزەکانی ئێران دەستیان بە جوڵە و گواستنەوەی پێداویستی سەربازی كردووە لە شاری حەلەبی باکوری سوریا.

ڕێکخەرێکی کاری وەرگێڕان لە نێوان هاوپەیمانی ئێران و ئەندامانی هێزەکانی حکومەت کە لە ژێر ناوی چەند گروپێك چەکیان بۆ میلیشیا ئێرانییەکان لە سووریا هەڵگرتووە، وتی: هێزی ئێرانی لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا بە پێی رێڕەوی ڕووداوەکان بەردەوام شوێن و پێگەی خۆی گۆڕیوە.

ئەو ڕێکخەرە کە ئامادە نەبوو ناسنامەی خۆی ئاشکرا بکات، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ نۆرس پرێس دەڵێت: ئێران بڕیاری داوە ئامادەیی خۆی لە سووریا بەهێزتر بکات و هەوڵەکانی چڕتر بکاتەوە بۆ پشتیوانی لەو گروپانەی شەڕی بۆ دەکەن لە ناوچەكە.

گواستنەوەی هێزی سەربازی

بە وتەی ڕێکخەرەکە، لە دوای سەرهەڵدانی شەڕ لە نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل لە 7ی تشرینی یەكەم و پەرەسەندنی گرژییەکان لەسەر سنووری نێوان سوریا و عێراق، هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێران کاریان بۆ بەهێزكردنی پێگە سەربازییەکانیان كردووە لە دیوی باشووری ڕۆژهەڵاتی شاری حەلەب بەرەو ناوەڕاستی سوریا.

جەختیشی کردەوە کە سەرکردایەتی هێزەکانی ئێران لە حەلەب نزیکەی دوو هەزار چەکداری سووری کە لە چوارچێوەی ڕیزەکانیدا كۆكردووەتەوە، لەگەڵ 8000 چەكداری دیكەی لە گوندەواری شارەکانی حەما و دەشتی حومس لە چوارچێوەی ناوچەكانی سوخنە و تەیبە، تا دەگاتە خاڵەکانی لە گوندەواری دێرەزوور.

دوای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر فڕۆکەخانەکانی حەلەب و دیمەشق لە بیست و پێنجی مانگی تشرینی یەکەمی ڕابردوو، گەشتی ئاسمانی لەنێوان سوریا و فڕۆکەخانەکانی تاران ڕاگیرا.

دەشڵێت ئێران هەوڵدەدات پێگەی هێزەکانی خۆی لە سوریا بەهێز بکات لە ڕێگەی گواستنەوەی چەك و پێداویستی سەربازی لە فڕۆکەخانەی سەربازیی تەدمور كە لە لایەن گروپی ڤاكنەری رووسییەوە كۆنتڕۆڵ كراوە و گواستنەوەی کارمەندانی بۆ بنکەکانیان لە نێوان سوریا و ئێران و گەڕانەوەیان.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو هێزانەی لە شاری حەلەبەوە بۆ ناوەڕاستی سوریا لە پێدەشتەكان گواستراونەتەوە، بۆ پاراستنی ڕێڕەوی نوێی دابینکردنە لە فڕۆکەخانەی سەربازیی تەدمور لەو هێرشانەی داعش ئەنجامی دەدا.

هەفتەی ڕابردوو چەكدارانی ڕێکخراوی داعش چەندین هێرشیان کردە سەر هێزەکانی حکومەت و گروپەکانی “دیفاع وەتەنی” لە پێدەشتەكانی سوریا لە ناوەڕاستی ئەو وڵاتە و زیاتر لە 30 ئەندامیان لێ کوژران و هێرشەکانیش رۆژانە بەردەوامن.

گرژی ناوچەیی

بەردەوامی گرژییەکانی غەززە و چالاکییەکانی سەرکردایەتی ئێران لە سوریا، وایكردووە ئێران بارودۆخەكە بۆ خۆی بقۆرزێتەوە، بە هێنانی هێزی زیاتر بۆ پێدەشتەكانی شاری حومس، سوخنە و ناوچەكانی دێرەزوور لە ڕۆژهەڵاتی سوریا.

گروپەكانی سەر بە ئێران، لە كاردانەوەی بەردەوامی ململانێكانی غەززە بنکەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە ڕۆژهەڵاتی سوریا دەکەنە ئامانج. هەروەها لێدوانەکان لەلایەن چەند بەرپرسێکی حکومەتی ئێرانەوە توندتر بوون و ڕایانگەیاند کە پاڵپشتی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی غەززە بەرەی شەڕ بەرفراوان دەكات لە ناوچەکە و درێژدەبێتەوە بۆ یەمەن، سوریا، عێراق و باشووری لوبنان.

لای خۆیەوە ڕەئوف عەلی، پارێزەر و شرۆڤەکاری کاروباری سیاسی لە شاری حەلەب، رایدەگەیەنێت: هەڵکشانی گرژییەكان ترسی وڵاتانی دراوسێ، بەتایبەتی میسر و ئوردن، سەبارەت بە فراوانبوونی ململانێکان و فراوانبوونی هەژموونی ئێران، زیاتر دەكات چونكە ئیسرائیل بە هاوپەیمانێکی بەهێزی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دادەنرێت و داوای راگرتنی فراوانبوونی هەژموونی ئێران لە سوریا و وڵاتانی دراوسێ دەکات.

“ڕەئوف” بە نۆرس پرێسی وت، بەپێی ئەو پێشهاتانەی روودەدەن خوێندنەوەیەكی روون بۆ بارودۆخەكە نییە، لەژێر رۆشنایی جموجۆڵە سەربازییەکان و بەهێزبوونی پێگەی ئێران لە سوریا. ئاماژەی بەوەشکردووە، چاوەڕوانین بزانین لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دۆخەکە چۆن دەبێت و لایەنە پەیوەندیدارەکان چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم گرژییانەی ئێستا دەکەن.

ڕەئوف ئەوەش دەخاتەڕوو: بەرپرسانی ئێران بە فەرمی هیچ لێدوانێکیان لەسەر ئەم جموجۆڵانەی حەلەب نەداوە، بەڵام لە چوارچێوەی پەرەسەندنی گرژییەکانی ناوچەکەدا دێت لە دوای ڕووداوەکانی ئەم دواییەی غەززە.

لە چەند هەفتەی ڕابردوودا، گرژی توند لە نێوان فەلەستینی و ئیسرائیلییەکان روویداوە و قوربانی زۆری لێكەوتووەتەوە، لەنێویاندا خەڵکی مەدەنی لە هەردوو بەرەی شەڕەکە.

ئاماژەی بەوەشداوە، لەوانەیە هەنگاوی ئێران لە حەلەب ئاماژەیەک بێت بۆ پەرەسەندنی زیاتری ڕووداوەکان و ڕەنگە هەنگاوەکانی دیکە کاریگەرییان لەسەر دۆخی ئەمنی ناوچەکە بەگشتی هەبێت.

داڕشتنەوەی: تەیسر محەمەد