ئاو کەمە و نان بەشناکات.. دۆخی ئاوارەکانی کامپێکی رۆژئاوای حەسەکە

حەسەکە – نۆرس پرێس

هانیە شێخی تەمەن 55 ساڵ، پێكهاتەکانی ئەو سەبەتەی خۆراكییە دەخاتە ڕوو كە مانگانە جارێك وەریدەگرت، كە بریتی بوون لە هەشت لیتر رۆن، دە كیلۆ برنج، هەمان بڕی ساوەر و نیسک، پێنج كیلۆ نۆک، كیسەی مەعکەرۆنی، دوو قوتوو دۆشاوی تەماتە، و حەوت مادەی لە قوتوونراو ، زەرفێک خوێ.

لە کاتی بەراوردکردنی ئەم بڕە لەگەڵ ئەوەی کە لە سەرەتای ئاوارەبوونی بۆ کامپی واشۆکانی لە ڕۆژئاوای حەسەکە لە ساڵی 2019 وەریدەگرت، دەپرسێت “چۆن ئەم یارمەتییە بەشمان بکات لە کاتێکدا خێزانەکەمان لە هەشت ئەندام پێکدێت؟”

قورسترین شت کە بارگرانی لەسەر ئەو ژنە ئاوارەی گوندی تل حەلاف لە گوندەواری سەرێکانی دەکات، ئەوەیە کە یارمەتیە خۆراکیەکانی ئێستا پێکهاتەکانی نانی بەیانی و سەوزە و میوە و گۆشتی تێدا نییە، ئەمەش ناچاری دەکات هەندێک جار بەپێی توانای دارایی خۆی لە بازاڕی کامپەکە بیکڕێت.

ئاوارەکانی کامپی واشۆکانی گلەیی لە کەمی هاوکاری خۆراک بۆ خێزانەکانیان دەکەن، لە سەختیی کڕینیدا لە بازاڕەکان بەهۆی سنوورداربوونی دۆخی داراییانەوە

شێخ زیادی کرد: “لە هاوینی رابردووەوە بڕی پێکهاتەکانی سەبەتەی خۆراکیان کەمکردووەتەوە، بەزەحمەت بەشێکی کەم لە پێداویستییەکانمان پڕدەکاتەوە”.

ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تورکیا بۆ سەر سەرێکانی و گرێ سپی، لە مانگی تشرینی یەکەمی 2019، بووە هۆی ئاوارەبوونی نزیکەی 300 هەزار کەس لە ناوچەکانی خۆیان.

بەپێی ئامارەکانی بەڕێوبەریی کامپەکە نزیکەی 2355 خێزان لە کامپی واشۆکانی نیشتەجێن و ژمارەیان 16306 کەسە.

تەنها دوو نان

لە سەرەتای کردنەوەی کامپەکەوە تا ناوەڕاستی ساڵی 2021، ئاوارەکان بڕێکی “باش” خۆراکیان پێدەگەیشت، بەو پێیەی بەشەخۆراکی هەر کەسێک زیاتر لە پێنج نان بوو لە ڕۆژێکدا، لە کاتێکدا لە ئێستادا تەنها دوو نان وەردەگرن.

ئەو خێزانانە مانگانە سەبەتەی خۆراكیان پێدەدرا، كە بریتی بوو لە 10 كیلۆ شەكر، هەمان بڕی ساوەر، 15 كیلۆ برنج، 8 كیسە مەعكەرۆنی، 8 كیلۆ فاسۆلیا، 11 لیتر زەیت، هەروەها چەندین كەلوپەلی نانی بەیانی و زەنجەفیل، شیرینی و نۆک و زەیتوون و ماددە لەقتونراوەکان.

ئەو خێزانانەی ژمارەیان حەوت کەس یان کەمتر بووە، مانگانە ئەم سەبەتەیان وەرگرتووە، لەکاتێکدا ئەوانەی زیاتر لە حەوت ئەندامیان هەیە مانگانە دوو هێندە ئەم بڕەیان وەرگرتووە.

لە مانگی حوزەیرانی ساڵی رابردووەوە بڕی ئەو خواردنانە كەمكراوەتەوە و پلانی دابەشكردنیش گۆڕاوە، بەو پێیەی خێزانە چواركەسیەکان یان كەمتر دوو مانگ جارێك سەبەتەی خۆراك وەردەگرن.

ئەو خێزانانەی کە ژمارەیان لە نێوان پێنج بۆ هەشت خێزاندایە، مانگانە جارێک خۆراکیان پێدەگات، ئەوانەش کە ژمارەی ئەندامەکانیان لە نۆ کەس زیاترە، مانگانە سەبەتە و نیوێکە.

ئەو بڕە خۆراکانەی کە لەناو سەبەتەکەدا هەبوون، دوای کەمکردنەوەی ڕێژەکانیان، بوونەتە نزیکەی نیوە، لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی پێداویستینانی بەیانی.

ئاوارەکان پێشتر هەندێک لە هاوکاریەکانیان دەفرۆشت کە لە پێداویستیەکانیان زیاتر بوو بۆ کڕینی سەوزە یان بۆ دەرمان، بەڵام لە ئێستادا بۆ زۆربەیان ئەستەمە ئەو کارە بکەن، بەهۆی کەمییانەوە.

دۆخێکی خراپ

هەر لەو کامپەدا سەلما ئەلعەواد (43 ساڵ)، ئاوارەیەکی خەڵکی گوندی ئوم ئەلخەیرە، لە گوندەواری سەرێکانی، گلەیی لە کەمی ئاو دەکات، بەو پێیەی رۆژانە جارێک تانکەکان پڕدەکرێنەوە، کە پێداویستییەکانیان پڕناکاتەوە لەم دۆخەی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمادا.

ئەو ژنە چل ساڵانە  دۆخەکە بەم شێوەیە وەسف دەکات “خراپ، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ئاگر کەوتەوە و ئاو لەناو تانکیەکاندا نەبوو بۆ کوژاندنەوەی”.

ئاگرکەوتنەوە لە کامپەکەدا، شەشی ئەم مانگەدا دوو منداڵ گیانیان لەدەستدا و پێنج ئاوارەش بریندار بوون.

ئاوارەکان هەر سێ مانگ جارێک کەرەستەی پاککردنەوە وەردەگرن، لە هەمان کاتدا ڕێژەکانیان کەمکراونەتەوە، بەپێی زانیارییەکانی ئەلعەواد.

ئەلعەواد،هەندێك جار ئەو شتانە دەفرۆشێت لە سەبەتەی خۆراك كە زۆر پێویست نین وەك نیسک بۆ كڕینی پێداویستی تر كە پێویستترن وەك سەوزە و دەرمان.

لەبەرامبەر ئەم دۆخەدا، فاتیمە عەلی (58 ساڵ)، ئاوارەی رۆژئاوای کوردستانە لە شاری سەرێكانییە، بۆ بارودۆخی خۆی لە كامپەكەدا بێتاقەتە و دەڵێت:” ئێمە ماڵ و حاڵی خۆمانمان دەوێت و بگەڕێینەوە بۆیان، نازانین لەوەتەی ڕۆیشتین چییان بەسەر هاتووە، تا نەگەڕێینەوە بۆ ماڵەکانمان ناحەوێینەوە.”

ئاماژەی بەوەشکردووە، “ناتوانین بگەڕێینەوە، ناچارین لێرە بمێنینەوە، هیچ شوێنێکی ترمان نییە بۆی بچین”.

هەرچەندە تەنها لەگەڵ هاوسەرەکەی لە کەمپەکەدا دەژی، بەڵام هێشتا پێویستی زۆرە، و دەڵێت: “ماڵەکەمان لەدەستدا و ئێستا پێویستمان بە هەموو شتێکە”.