ساتەکانی چاوەڕوانی دەرچوونی کوڕەکەی گۆڕدران بۆ کارەساتێکی ناخهەژێن.. چۆن ئالان بە بۆردوومانێکی تورکیا شەهیدکرا؟

قامشلۆ – نۆرس پرێس

شیرین لە گۆشەیەکی ژوورێکی بچووکی ماڵەکەیدا دانیشتووە و تەماشای هەندێک وێنەی تاقانە جگەرگۆشە شەهیدەکەی دەکات، لەگەڵ هەندێک لە کەلوپەلەکانی، کە وەک یادگارییەک بۆ خێزانەکەی ماوەتەوە.

شێرین داوود (43 ساڵ)، دایکی ئالان ئەلعەلی، بەهۆی بۆردومانێکی تورکیاوە، کە لە 9ی تشرینی یەکەمی رابردوودا کرایە سەر ئەکادیمیای هێزەکانی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، لە ناحیەی دێریکی رۆژئاوای کوردستان، شەهید بوو.

ئەو ژنە لەبەردەم کامێرای نۆرس پرێسدا، کە بە زۆر فرمێسکەکانی راگرتووە دەڵێت “ئەو تاقە کوڕی من بوو، تا ئێستاش ناتوانم لە لەدەستدانی تێبگەم، ئەو کوڕە گەورەی ماڵەکە بوو و پشت و پەنا بوو بۆ خوشکە گەنجەکانی، خوێندکارێکی زیرەک و تێکۆشەر بوو لە قوتابخانەکەیدا، بە درێژایی خوێندنەکەی و لە هەموو ئاستەکاندا سەرکەوتوو بوو”.

لای هەمووان خۆشەویست بوو

شەهید ئالان، کەسێکی نزیک لە دڵ و خۆشەویستی هەمووان بوو، هەرکەسێک دەیناسی باسی دەکرد، جێپەنجەیەکی جوانی لە ژیانی هەرکەسێکدا بەجێهێشتووە کە ناسیبێتی.

لە تەمەنی هەرزەکاریدا جگە لە خوێندن دەستی بە کاری شوشتنی ئۆتۆمبێل کردووە، تا ڕادەیەکی زۆر پشتی بە خۆی دەبەستێت.

دوای بەدەستهێنانی بڕوانامەی خوێندنی ناوەندی، خوێندنەکەی بەجێهێشت و دەستیکرد بە کارکردن لە دامەزراوەی خۆراکی سەر بە بەڕێوبەریی خۆسەریی و بۆ ماوەی نزیکەی 7 مانگ لەوێ کاریکرد.

دوای ئەوە تا ئەمساڵ چەندین کاری جیاوازی کردووە، تا دوو مانگ پێش ئەوەی دەست بە کارکردن بکات لە هێزەکانی روبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، دوای ئەوە ماوەی مانگێک مەشقی ئەنجامدا.

راهێنانەکان لە گوندەکانی سەر بە قەزای دێریک ئەنجامدراون، بڕیار بوو خولەکەیان لە 10ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا تەواو بێت.

شیرینی دایکی دەڵێ: “سەرەتا ڕازی نەبووم بچێتە مەشق و راهێنان، بەڵام سوور بوو لەسەر ئەوەی لەگەڵ هاوڕێکانیدا بەشداری ئەم خولە بکات، تا دوای ئەوەی زانیمان، تەنها راهێنانی تیۆری و وانەی کۆنترۆڵکردنی ماددە هۆشبەرەکانە”.

دەشڵێ: “لە ماوەی راهێنانەکاندا لە هەفتەی یەکەمدا پەیوەندی پێوەکردین، چونکە لە خولەکەدا تەلەفۆن قەدەغە بوو، لە هەفتەی دووەمی مەشق و راهێنانەکاندا، بۆردوومانەکان لە ناوچەکە دەستیان پێکرد و تورکیا ناوچەکانی کردە ئامانج.

چاوەڕێی دەرچوونی بووم، بەڵام نەهاتەوە

“لەو رۆژانەدا لە کاتی بۆردومانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکە چاوەڕێی پەیوەندییەکی کوڕەکەم بووم، پێی دەگوتم کە باشە و هیچ زیانێکی پێنەگەشتووە، چاوەڕوانییەکە زۆر بوو و نە گوێم لە دەنگی نە لە پەیوەندیەیەکی نەبوەووە.”

بڕیار بوو خولەکە لە 10ی ئۆکتۆبەر تەواو بێت، بەڵام شەوی 9ی ئۆکتۆبەر تورکیا بۆردومانی ئەکادیمیای هێزەکانی دژە ماددە هۆشبەرەکانی کرد و ئالانیش یەکێک بوو لە قوتابییە شەهیدەکانی ئەو بۆردوومانە.

“لەو کاتەدا نەمدەزانی کوڕەکەم شەهید بووە، پرسیارم لە باوکی کرد و پێم گوت ئەو شوێنەی کە کراوەتە ئامانج ئێستا شوێنی مەشق و راهێنانە، بەڵام وەڵامی دامەوە کە ئەو شوێنەی بۆردومان کراوە خاڵێکی سەربازی بووە، ئێستا تەنها بۆ مەشقی دژە ماددە هۆشبەرەکان بەکار دەهێنرێت”.

“لە دێریک پرسیارمان لە بارەی ئەوەوە کرد و وردەکارییەکانمان بۆ چەند کەسێک نارد، هەمووان دەیانزانی کوڕەکەم شەهید بووە، بەڵام کەس نەیتوانی ئەم هەواڵە دڵتەزێنەمان پێ بڵێت”.

شیرین بەردەوام بوو و گوتی: “رۆژی دواتر کاتژمێر حەوتی ئێوارەی تەواو، گوێمان لێ بوو کە یەکێک لە کەسانی ناو ئەکادیمیاکە لە کاتی خۆیدا لە ماڵەکەی خۆیدا بریندار بووە، چووینە ئەوێ و پرسیارمان لێکرد، بەڵام نەیتوانی هیچمان پێ بڵێت”. دەیانگوت “شەو بوو و کەسمان نەبینی و لەوێ رۆشتین، هیوادارین سۆراخێکی هەبێت و هیچ رووی نەدابێت”.

“رۆژێک دوای ئەوە هەواڵێکی “ناخهەژێن”مان بیست: کوڕەکەم بەهۆی بۆردومانەکەی تورکیادا گیانی لەدەستداوە.”

شیرین دەپرسێت: تورکیا چی لێمان دەوێت؟، چیمان کردووە؟ بۆچی بۆردومانی گەنجان و منداڵەکانمان دەکات؟.

 داوا لە وڵاتانی پەیوەندیدار دەکات دەستوەردان بکەن و رێگری لە تورکیا بکەن کە هێرشەکانی ئەنجام بدات و خوێنی هاووڵاتییانی بێتاوان بەفیڕۆ بدات.

داشڵێ: “جگە لە یادەوەری و وێنە و قسەکانی، کە بۆ هەمیشە لە رۆحماندا هەڵکەندراون، هیچی دیکەمان نەماوە”.

هاوڕێکەی هاجەر ئیبراهیم دەڵێت: “ئەو تەنها هاوڕێی من نەبوو، بەڵکو لە منداڵییەوە پەروەردەی کردین و فێری کردین، پاڵپشت و برا بوو بۆ من”.

دەشڵێ: “ئەو لە دڵمانەوە نزیک بوو، هەر ئەو کەسە بوو کە خۆشی و پێکەنینی لە نێو هاوەڵەکانماندا زیاد دەکرد، لەدەستدانی بۆشایییەکی گەورەی لە ڕۆحماندا بەجێهێشت”.

“تەنها یادگاری جوان و ساتەکانی پێکەوە ژیانمانی بۆ بەجێهێشتین کە هەرگیز لەبیرمان ناچێتەوە”.

ئامادەکردنی : دەلال ئەحمەد – داڕشتنەوەی: نالین عەلی