ژووری هەواڵ – نۆرس پرێس
لە سیاسەتی جەنگیی ئەمڕۆیدا، یەکێک لە ستراتیژە گرنگەکان دوورخستنەوەی جەنگە لە ناوخۆی وڵات، لە جۆری دروستکردنی دووژمن لە دەرەوەی سنووری وڵات و هێرش کردنە بۆی، جا ئەگەر زەمینەی درستکردنی ئەو دوژمنە کارتۆنییە، زەمینەیەکی وەک هەڵکەوتەی کوردی هەبێت لە ناو چوار دەوڵەتی هەرێمیدا، ئەوە داڕشتنی ستراتیژەکە ئاسانتر دەکات بۆ دەسەڵاتێکی وەک ئەوەی تورکیا، کە بەردەوام بوونی خۆی لە سەر سڕینەوەی “کورد” پێکهێناوە.
ستراتیژی جەنگی تورکیا دژ بە کورد
هیچ کاتێک لە مێژووی نزیکی تورکیادا بە پەلاماردانی بەشە جیاوازەکانی کوردستان تێنەپەڕیووە، بەتایبەت لە پاش سەرهەڵدانی شۆڕشی چەکداری کوردەوە لە باکووری کوردستان، ئەوەش لەسەر بەهێزی و لاوازی ئەو وڵاتانەی دراوسێی تورکیا وەستاوە، کە کورد تیایاندا بوونی هەیە.
بوونی هێزە چەکدارەکانی “پارتی کرێکارانی کوردستان” لە باشووری کوردستان، هەروەها دانانی هەر کیانێکی وەک “بەڕێوبەریی خۆسەریی” بە “مەترسییەکی راستەقینە” لە سەر سنوورەکانی تورکیا، هەمیشە بیانووی تورکیا بوون بۆ پەلاماردانی ئەو دوو هەرێمە ئۆتۆنۆمییە کوردییە، بە جۆرێک کە سڵ ناکەنەوە لەو بەرژەوەندییە ئابوورییە گەورەیەی تورکیا و هەرێمی کوردستان پێکەوە دەبەستێتەوە، کە زۆربەی قازانجەکەشی بۆ لایەنی تورکیایە.
ئەمەش ئاشکرا ئەو راستییە دەخاتەڕوو، کە تورکیا بە دۆستایەتی هیچ لایەن یان دەسەڵاتێکی کوردی رازی نییە، بەڵکو ئەوەشی هەر پێ دووژمنە، کە دەستی دۆستایەتی و قازانجی بۆ درێژ دەکات، لە کاتێکدا مامەڵەی لەگەڵ لایەنەکانی دیکە جیاوازە و هەموومان لەم چەند مانگەی دواییدا ئەوەمان بینی کە چۆن سواڵی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ “رژێمی ئەسەد”دا دەکات، لە راستیشدا ئەمەشی هەر بۆ لەناوبردنی ئەو لایەنە کوردیانەیە، کە وەک “دوژمنی هەمیشەیی و نەگۆڕ” لە هزردانی نەتەوایی تورکیدا چەسپاندوونی و هەمیشە کوشتنیان وەک دەستکەوت بەسەر کۆمەڵگاکەیدا دەبەخشێتەوە.
هەر لێرەشەوە ستراتیژی جەنگ لە گەڵ “بوونی کورد” لە لایەن دەسەڵاتی تورکییەوە پەرەی پێدەدرێت، بە تایبەت سینارۆکانی بردنە دەرەوەی ئەو جەنگە بۆ ئەودیووی سنوورەکانی خۆی، یاریەکە دەگۆڕێت بۆ ئامرازێکی نەرم بە دەست میدیا ناوخۆییەکانیانەوە، تا بتوانن لەم رێگەوە و بەو شێوازەی خۆیان دەیانەوێت، “خۆراک بدەن” بە هزرە گشتییە بە دوژمن بینیەکەی کورد لە ناوخۆدا و کۆدەنگی بۆ درووست بکەن و کوشتنی هاووڵاتیانی سڤیل و وێرانیکردنی ژێرخانی ئابووری و تینووکردنی کەسانی بێدەرەتان، بە “لەناوبردنی تیرۆر” بە جەماوەرەکەیان بفرۆشنەوە.
ئاماری زیانی بۆردوومانەکانی تورکیا لە رۆژئاڤا چیمان پێدەڵێت؟
رۆژی چوارشەممە رابردوو، بەڕێوبەریی خۆسەریی رۆژئاوای کوردستان، لە راگەێنراوێکدا، ئاماری کۆتایی زیانەکانی بۆردومانی تورکیای بۆ سەر ناوچەکانی لە ماوەی 5 تا 9ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا راگەیاند، کە بە جۆرەها چەکی لەناوبەر و بەئامانجگرتنی دامودەزگا خزمەتگوزاری و گرنگەکان و ژێرخانی ئابووری رۆژئاڤایان کردەئامانج.
لەئەنجامی بەئامانجگرتنی کەرتی نەوت و غاز و سووتەمەنی، زیاتر لە 5 ملیۆن کەس زیانیان بەرکەوتووە، بەو پێیەی 17 پێگە و دامەزراوە کراونەتە ئامانج.
بەگوێرەی راگەێنراوەکە، 11 وێستگەی کارەبا لە ناوچەکانی حەسەکە، عامودا، رومێلان، ترپەسپی، قامشلۆ، دەرباسییە و سەرجەم گوندەوارەکانیان کراونەتە ئامانج.
هەروەها، دوو وێستگەی ئاو زیانیان بەرکەوتووە، لە ئەنجامدا 18 وێستگە لە هەرێمی جەزیرە وەستاون، ئەمە جگە لەوەی دوو نەخۆشخانە لە هەرێمی جەزیرە و کۆبانێ بە تەواوی لە خزمەتگوزاری دەرچوون.
هەروەها پرۆسەی خوێندن وەستاوە و هەزاران خوێندکار کاریگەرییان لەسەر بووە، لە ئەنجامی بە ئامانجگرتنی 48 ناوچەی پەروەردەیی، نەیانتوانیوە درێژە بە خوێندن بدەن. لە ئەنجامدا دوو منداڵ گیانیان لەدەستداوە و کچێکی دیکەش بریندار بوو و قاچەکانی لەدەستداوە.
سێ شوێنی دامەزراوە پیشەسازییەکان لە چەند ناوچەیەکی جەزیرە و کۆبانێ لە خزمەتگوزاری دەرچوون.
ژمارەی ئەو شوێنانەی کە بە ئامانج گیرابوون بە دامەزراوەکان و وێستگەکانی کارەبا و نەوت و پەروەردەوە گەیشتە 104 شوێن، لە وێرانبوون و زیانلێکەوتنەوە تا لە خزمەت دەرچوون، هەروەک 580 هێرشی ئاسمانی و زەمینی لە دێریکەوە تا دەگاتە گوندەواری باکووری حەڵەب ئەنجامدراوە و ئەو بۆردوومانانە هەموو ناوچەکانی بەڕێوبەریی خۆسەریی گرتووەتەوە.
تەواوی ئەم زیانانە ئەوەمان بۆ پشتڕاست دەکەنەوە، کە بە پلەی یەکەم بۆردوومانەکانی تورکیا ژیانی سڤیل و ژێرخانی ئابووری و سەرچاوە ژیانییەکانی کردووەتە ئامانج، ئەمەش دەربڕی هزری “بە دوژمن سەیرکردنی” کوردە وەک نەتەوە و کیان، نەوەک دوژمنایەتی بێت لە گەڵ لایەنێکی سیاسی یان پارت و گروپێکی چەکداریی.
بە دڵنیاییەوە هەمان ئاراستە بۆ بەئامانجگرتنەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستانیش راستن، کە بەردەم لە ناوچەی ئامێدییەوە تا کۆیە و لەوێشەوە بۆ پارێزگای سلێمانی و دەووروبەری، تا ئەوپەڕی سنووری باشووری کوردستان لە لایەن فڕۆکەکانی تورکیاوە کراونەتە ئامانج و بەگشتی قوربانییەکان سڤیلن.
بەهانەکان چین و چۆن رێگریان لێ بکرێت؟
بەهانەکانی تورکیا بۆ بەئامانجگرتنی ناوچەکان لە هەرێمی کوردستان، بوونی پارتی کرێکارانی کوردستانە لەوێ و بۆ رۆژئاڤاش مەترسییە لەسەر سنوورەکانی، ئەمە جگە لە “تەقینەوە کارتۆنییەکەی” ئەم دواییەی ئەنقەرەیان بە بێ هیچ بەڵگەیەک گێڕانەوە بۆ رۆژئاڤا و گوتیان ئەو کەسانە لەوێوە هاتووە، سەرەڕای ئەوەی دەسەڵاتدارانی رۆژئاوای کوردستان وەڵامیان دانەوە و سەرجەم ئەو تۆمەتانەیان رەتکردەوە.
بەهەمان شێوەش ئێران بوونی پارتە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان، دەکردە بیانوویەک بۆ بەئامانجگرتنەکانی، بەڵام هەوڵە هاوبەشەکانیان لە گەڵ “رژێمی ئەسەد” بۆ نانەوەی ئاژاوەگێڕیی لە رۆژئاڤا و بە تایبەت لە “دێرەزوور”، تا ئێستا ژێربەژێر بووە و بیانوویەکی روونیان بۆ نەخستووەتەڕوو.
ئەوەی دیارە ئەوەیە، کە ئەمانە تەنها بیانوون و بەڵکوو ئامانجە سەرەکییەکە ترسە لە بوونی “کورد”، بوونێک کە ئەوان لە سەر سڕینەوەی ئەوان، بوونی خۆیان پێکهێناوە.
بەڵگە بۆ ئەوەی کە ئەمانە بیانوون ئەوەیە، کە پارتی کرێکارانی کوردستان لە هەرێمی کوردستان بوونێکی دیاری هەیە و تەنها لە چیای قەندیل و چەند ناوچەیەک نزیک لێی هەن، ئەمەش هیچ بیانوویەک ناهێڵێتەوە بۆ بۆردوومانکردنی ئۆتۆمبێلێکی سڤیل لە زیک کۆیە، یان کامپێکی پەنابەران لە مەخموور.
بەهەمانشێوە روونە کە بوونی بەڕێوبەریی خۆسەریی لە رۆژئاوای کوردستان، هیچ کاتێک مەترسی نەبووە و نابێت لە سەر تورکیا و ئامانج و قوڵایی ستراتیژی کورد لە رۆژئاڤا تەنها لە ناو سووریادایە و هیچ دەستێوەردانێک، تەنانەت لە دۆخی براکانیان لە باکوور نەکراوە و ناکرێت.
هەموو ئەمانە ئەو دۆخە تاڕادەیەک تراژیدییەی کورد دەخەنەڕوو، کە بەردەوام لە ناو پیلانگێڕییەکی هەرێمایەتیدا سووڕە مێژوویەکەی دەخولێتەوە، کە لە راستیدا ئەو وڵاتانە وەک کارگەیەکی دروستکردنی بەهانەن بۆ بەئامانجگرتنی ئەو کەمە خۆسەریی یان ئۆتۆنۆمییەی کە کورد لە ناو ئەو دوو وڵاتە شڕۆڵە و ماندووەوە بەدەستی هێناوە، تەنها ئامانجی ئەوان لێدانە لەو خۆبەڕێوبەرییە و بیانووەکانیان پووچ و بێمانان.
سەرەڕای بێمانایی هەموو ئەو بەهانانە، بەڵام هێشتا بەرژەوەندی کورد لەوەدایە کە ئەوەندی بتوانێت لە هێزی ئەو بەهانانە کەمبکاتەوە، بەوەی تەنها سنووورەکانی خۆی بەکار بهێنێت بۆ خەبات کردن دژ بە دەوڵەتە سەردەستەکە.
لە بەرامبەر ئەم پلانگێڕییە بەردەوامانەدا، کە لە هەندێک جاردا دۆخی هەرێمایەتی تێدەپەڕێنێت و دەکەوێتە ناو دۆخێکی جیهانییەوە، دەبێت کورد هەم وەک نەتەوە و هەمیش وەک دەسەڵات بە هێزەوە بووەستێتەوە و بتوانێت پەیوەندی بەشەکانی لە قاڵبێکی نهێنی و ژێربەژێردا بهێڵێتەوە و هیچ بیانوویەک نەدات بە داگیرکەرانی کە بتوانن هێرشی بکەنە سەر.
جگە لەوەش دەبێت هەرێمی کوردستان لە ناوخۆی عێراقدا، هەنگاوی یاسایی بەرامبەر بە بێدەنگییەکانی “بەزاندنی سەرەوەیی خاکی عێڕاق” بگرێتە بەر و بەهیچ شێوەیەک نەهێڵدرێت ئەمانە لە ئاستی بەیاننامە و سەرکۆنەکردندا خەفەبکرێن.