شەڕی ئیسرائیل و حەماس، چۆن ڕەنگدانەوەی له‌سه‌ر هێرشه‌كانی تورکیا هه‌بووه‌ دژی رۆژئاوای كوردستان ؟

روبین عومه‌ر – نۆرس پرێس

تۆم گارێت، ئه‌ندامی پێشووی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی ئەمەریکا پێی وایە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس بووەتە جێگای سەرنجی ڕۆژئاوا و له‌ پێشینه‌ی ڕووماڵی هەواڵەکان، ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر پێشێلکاریی و بۆردومانەکانی تورکیا بۆ رۆژئاوای كوردستان هەبووە، كه‌ بوونه‌ته‌ هۆی لەناوبردنی ژێرخانی ئابووری.

جارێت دەڵێت، ئه‌و كاره‌ساته‌ی له‌ ئیسرائیل و غەززە هه‌یه‌، سەرقاڵی كردووین لەوەی بزانین چی لە رۆژئاوای كوردستان ڕوودەدات.

لە ٧ی ئه‌م مانگه‌وه‌ بزووتنەوەی حەماس هه‌زاره‌ها مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد و له‌ ڕێگه‌ی ئۆپه‌راسیۆنێكه‌وه‌ چووه‌ ناو خاكی ئیسرائیل، له‌به‌رامبه‌ردا ئیسرائیل وەڵامی دایەوە و کەرتی غەززەی کردە ئامانج، به‌ پێی دوایین ئامارەکانی ڕاگەیەندراو، لە دوای هێرشه‌كه‌ی حەماس بۆ سەر باشووری ئیسرائیل نزیکەی 1300 هاووڵاتی ئیسرائیلی كوژراون و لانی کەم 3400 کەسی تر بووە بریندار بوونه‌.

له‌ دژە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە لانیکەم 2329  فەلەستینی کوژراون و زیاتر لە 9714 کەسی دیکەش بریندار بوونه‌.

پەراوێزخستنی رۆژئاوای كوردستان

تۆم گارێت لە چاوپێکەوتنێكدا لەگەڵ بەرنامەی واشنتن ئۆنلاین کە لەلایەن ئاژانسی نۆرس پرێس‌ لە واشنتنەوە پەخش دەکرێت، وتی: نیگەرانم لە شێوازی گرنگیدانمان بۆ رۆژئاوای كوردستان و تەنانەت بۆ هەرێمی کوردستانیش ، ئاماژەی بەوەشکردووه‌، تورکیا، ئارەزووی ڕۆژئاوا بۆ ئه‌ندامبوونی فینلاندا و سوید لە ناتۆ لە دژی ئەمریکا بەکاردەهێنێت ، له‌مباره‌یه‌وه‌ به‌هۆی نه‌رمی نواندن به‌رامبه‌ری، تورکیا توانیویه‌تی هەندێک ده‌ستكه‌وت بەدەستبهێنێت له‌ ڕێگەی هێرش و دامەزراندنی ئەو ناوچەیە کە ئەردۆغان پێی دەڵێت ناوچەی ئارام.

لە پێنجی ئه‌م مانگه‌وه‌، تورکیا زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی لە دێرکەوە   بۆ قامشلۆ، حەسەکە، کۆبانی و گونده‌واری حەلەب لە باکوری سوریا دەستپێکردووە و دامەزراوەکانی غاز و کارەبای بەتەواوەتی په‌كخستوه‌.