دوای بۆردومانکردنی فڕۆکەخانەکانی دیمەشق و حەلەب.. ئایا کاردانەوەی جیاواز ده‌بێت؟

لەیلا غەریب – دیمەشق

جارێکی دیكه‌ ئه‌و پرسیاره دێـته‌ پێشه‌وه‌ كه‌ ئایا سوریا ده‌چێته‌ ناو شەڕی نێوان فەلەستین و ئیسرائیل، بەتایبەتی دوای بۆردومانی ئیسرائیل بۆ فڕۆکەخانەکانی دیمەشق و حەلەب و وه‌ستانی خرمه‌تگوزارییه‌كانی ئه‌م دوو فڕۆكه‌خانه‌یه‌‌. ئەم بەئامانجگرتنەش پێش سەردانەکەی حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران دێت بۆ دیمەشق.

ئیسرائیل دەستپێشخەری كرد بۆ بۆردومانکردن و کردنە ئامانجی دوو دامەزراوەی گرنگی سوریا. ئایا ئەمە ئەگەری ئەوە زیاتر ده‌كات کە سوریا بچێتە ناو شه‌ڕی حه‌ماس و فه‌له‌ستین؟

سەبارەت بەو پرسیارە كه‌ ئایا ڕژێمی سوریا دەتوانێت بیر لە کردنەوەی بەرەی سوریا بکاتەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیل؟ عەلی ڕەحمون، ئەندامی دەستەی کارگێڕی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات دەڵێت: بە متمانەوە دەتوانم بڵێم تەنانەت بیریش له‌ كارێكی له‌م شێوه‌یه‌ ناکاتەوە.

ناوبراو لە لێدوانێكدا بۆ نۆرس پرێس له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ سوریا ناتوانێت بچێته‌ ناو شه‌ره‌كه‌ ڕایگه‌یاندووه‌ ئەمە بۆ چه‌ند هۆكارێك دەگەڕێتەوە لەوانە، ڕژێم لە ساڵی ١٩٧٤ەوە پابەند بووە بە ڕێککەوتنی جیاکردنەوەی هێزەکان لەگەڵ ئیسرائیل بۆ پاراستنی سنوورەکانی ئیسرائیل و لەو کاتەوە تا ئێستاش به‌رده‌وامه‌.

بە وتەی ڕەحموون ئەو ڕاستییەش هەیە کە سوپای ڕژیم ماندووه‌ و توانای ئه‌نجامدانی هێرشی نییە.

هه‌روه‌ها هۆکارێکی دیکە ئەوەیە کە “دەسەڵات بڕیای سیاسیی نییە بۆ ئه‌وه‌ی بچێتە ناو شه‌ڕێكی لەم شێوەیە بۆیە به‌بڕوای ناوبراو دەسەڵات بێدەنگ دەبێت ، یان ده‌ڵێت لە کات و شوێنی گونجاودا وەڵام دەده‌ینه‌وه‌.

وەڵام ناداتەوە

ڕەحمون جەخت لەوە دەکاتەوە کە رێژیم وەڵامی هێرشه‌كانی ئیسرائیل ناداتەوە، بەتایبەتی ئەوەی ئێستا ڕوودەدات بە پشتیوانی و ڕێنمایی ئێرانە بۆ تێکەڵکردنی کارتەکانی ناوچەکە و هەوڵدان بۆ تێکەڵکردنی بڕیارەکەی ئەمریکا بۆ بڕینی باڵەکانی ئێران لە سوریا و لوبنان .

ڕەحمون پێی وایە، زۆرترین شت کە دەتوانرێت بکرێت، تێوەگلانی ڕژێمە لە ڕێگەی حزبوڵڵا و هەندێک میلیشیای سه‌ر به‌ ئێرانەوە و دوای درووستبوونی شه‌ڕ له‌بەرەکانی لوبنان و تەنانەت میسریش، ئەمە ڕوونادات، مەگەر ئەو سیناریۆیە بێته‌پێش كه‌ بۆ گۆڕینی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاماده‌كراوه‌.

به‌یاننامه‌كانی ئیدانەکردن

لای خۆیه‌وه‌ هەیسەم داود، كه‌ ڕۆژنامەنووسێکی پسپۆڕه‌ لە کاروباری سیاسی، ئەم ئەگەرە ڕەتدەکاتەوە، ناوبراو بە نۆرس پرێسی وت: یەکەمجار نییە ئیسرائیل لە ناوخۆی سوریا ئامانجەکانی ده‌پێكێت و رژێمیش وەک پێشتر بەیاننامەی ئیدانەکردنی ده‌بێت له‌لایه‌ن وەزارەتی دەرەوەی سوریاوه‌.

به‌بڕوای داود هەرچەندە پێشتر دەکرا چاوەڕوانی وەڵامدانەوەیه‌كی رژێم بكرێ، بەڵام ئێستا ئه‌مه‌ ناكرێ، چونکە ڕژێم دەزانێت، و ڕەنگە پەیامیشی لەو بارەیەوە پێگەیشتبێت، کە دۆخەکە ئێستا لە هەموو کاتێک هەستیارترە، هەر وەڵامێک وەڵامێکی چەندین هێندە زیاتر به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێت.

ناوبراو ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ڕوو: بێگومان ڕژێم دەزانێت کە ئیسرائیل شەممەی ڕابردوو یەکێک لە گەورەترین گورزه‌كانی مێژووی خۆی به‌ركه‌وتووه‌، بۆیه‌ ئیسرائیل ڕێگری له‌ ئێران ده‌كات لە گرتنەبەری هه‌ر هەنگاوێک لە سوریا، تەنانەت ئەگەر له‌ ئاستی سەردانێکی وەزیری دەرەوەی ئێرانیش بێت بۆ دیمەشق.

ڕەزامەندی ڕووسیا

هه‌یسه‌م داود بۆ نۆرس پرێس ده‌ڵێت، ئێستا ڕژێم خاوەن ئه‌و هێزه‌ سەربازییه‌ نییە، كه‌ توانای ڕووبەڕووبوونەوەی سوپای ئیسرائیلی هەبێت، بەتایبەتی دوای نزیکەی 12 ساڵ جه‌نگ، كه‌ هه‌موو تواناکانی سوریای لاوازکردووه‌. جگە لەوەش، بڕیارێکی لەم شێوەیە پێویستی بە ڕەزامەندی ڕووسیا هەیە. ئەمەش مەحاڵە چونکە پەیوەندی مۆسکۆ لەگەڵ تەلئەبیب لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ دیمەشق باشتره‌، هەروەها ڕەزامەندی ئێرانیش بۆ ئه‌م كاره‌ پێویستە، بەڵام بڕیاری ئێران لە سوریا، لە بڕیاری ڕووسیا لاوازترە.

به‌ وته‌ی داود ئەوەی ئەمڕۆ بڕیار دەدات بەرەی سوریا لەدژی ئیسرائیل بکاتەوە، یان وەڵامی هێرشەکانی ئیسرائیل بداتەوە، دیمەشق نییە و دەبێت ئاماژە بەوە بکەین کە هەندێک لە سوریەکان کە توانیویانە بەبێ ترس بیروڕای خۆیان دەرببڕن لە كاتژمێره‌كانی یەکەمی ئەو هێرشەی کە لەلایەن حەماسه‌وه‌ كرایه‌ سه‌ر ئیسرائیل، گونجاوترین وەڵامە، هەروەها شوێنەکەش گونجاوترینە، نه‌ك ئه‌و دەستەواژەیەی کە ڕژێم دووبارەی دەکاتەوە لە کات و شوێنی گونجاودا وەڵام دەداتەوە.

داڕشتن: تەیسر محه‌مه‌د