چۆن بۆردوومانەکانی تورکیا بوونە هۆی بڕینی ئاو لە دانیشتووانی قامشلۆ؟
قامشلۆ – نۆرس پرێس
کاردانەوەی بۆردومانەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان و ئەو وێرانکارییەی کە بەسەر ژێرخانی ناوچەکەیدا هێناوە، لەنێویاندا ئاو، باروودۆخی هاووڵاتیانی قامشلۆ و لە نێویاندا “عەلی”، 50 ساڵ بۆ دواوە بردەوە.
نزیکەی 50 ساڵ لەمەوبەر، ئاو لە بیرەوە بە بەکارهێنانی سەتڵێک دەردەهێنرا و تورکیاش بە بەئامانجگرتنی ژێرخانی رۆژئاڤا، ئەم واقیعەی گەڕاندەوە بۆ ناوچەکە.
عەلی عەبدوڵڵا (تەمەن 65 ساڵ) دانیشتووی گەڕەکی “حلکۆ” لە شاری قامیشلۆ لە رۆژئاوای کوردستان، بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند: “دۆخی ئاوی گەڕەکەکە باش بوو، پێش ئەوەی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکە دەستپێبکات”.
بەڵام ئێستا عەبدوڵڵا ناچارە چەندین کاتژمێری سەخت بەسەر ببات بۆ راکێشانی ئاو لە بیرە کۆنەکەی ماڵەکەیدا، ئەمە جگە لەوەی تێچووی کڕینی ئاو لە تانکەرەکانەوە لە ئەستۆ دەگرێت.
ئەو پیاوە بە نۆرس پرێسی گوت: ماوەی هەفتەیەکە گلەییمان لە پچڕانی ئاوی شارەکە هەیە، دوای هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکەمان، کە وایکرد کارەبا و ئاو ببڕدرێن.
“عەبدوڵڵا” ناتوانێت ئاو لە تانکەرەکان بکڕێت، “ئێمە توانای کڕینی ئاومان لە تانکەر نییە، تاکە بژاردە راکێشانی ئاوە، بە شێوەیەکی سەخت لە بیرەکەمانەوە”.
لە هەفتەی رابردووەوە تورکیا هێرشی توندی بۆ سەر ناوچە جۆربەجۆرەکانی رۆژئاوای کوردستان دەستپێکردووە و دامەزراوە و ژێرخانەکانی کردۆتە ئامانج، لەوانە سەرچاوە گرنگەکانی نەوت و گاز و ئاو و کارەبا.
بەپێی ئامارەکان لە بەشی چاودێری و بەبەڵگەنامەکردنی نۆرس پرێس فڕۆکە جەنگییەکان و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و تۆپخانەکانی تورکیا 224 شوێنیان بۆردومانکردووە.
عەبدولعەزیز تەلاع (تەمەن 43 ساڵ)، وەک کەسانی دیکە، دانیشتووی گەڕەکی کۆرنیشە لە شاری قامیشلۆ، بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ئاو بۆ خێزانەکەی، رۆژانە ناچارە ئاو لە تانکەرەکان بکڕێت.
ناوبراو بە نۆرس پرێسی گوت: “تانکی ئاوەکە پڕ دەکەم بە 30 هەزار لیرەی سوری لە تانکەرەکانەوە، هەندێکجاریش پارەمان نییە بۆ کڕینی”.
دەشڵێت: “هێرشەکانی تورکیا و بەئامانجکردنی شوێن و دامەزراوە وزەییەکانیان کاریگەری زۆریان لەسەر ئێمە هەبووە. پێشتر دۆخەکە لەڕووی ئاو و کارەباوە باشتر بوو، بەڵام ئەم هێرشانە دووبارە نەهامەتییەکانیان هێنایەوە”.
واسڵ ئەسعەد، هاوسەرۆکی بەشی ئاوی قامیشلۆ، بە نۆرس پرێسی راگەیاند: “پاش هێرشەکانی ئەم دواییەی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی رۆژئاڤا، بەتایبەتی کردنە ئامانجی ژێرخانی ناوچەکە و زیانگەیاندن بە کۆمپانیای وزە و سەرجەم وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، ئەمەیش رەنگدانەوەی هەبووە لەسەر وێستگەکانی ئاو لە شاری قامشلۆ”.
ناوبراو بۆ نۆرس پرێس گوتی: “لە ئێستادا پشت بە کارپێکردنی مۆلیدە گازییەکان دەبەستین بۆ دابینکردنی ئاو بۆ گەڕەکەکانی شاری قامشلۆ و ئەمەش وایکرد باری نائاسایی لەو شارە رابگەیەنین”.
چوار تانکەر بۆ دابەشکردنی ئاو بەسەر گەڕەکەکانی شاری قامشلۆدا تەرخانکراوە، بەبێ بەرامبەر، “هێرشەکان زیانێکی زۆر و زیانی ماڵی گەورەیان بە دامودەزگاکانی کارەبا و وێستگەکانی کارەبای ناو تۆرباینەکانی سوەیدییە گەیاندووە”.
“واسڵ” ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە توانای بەرهەمهێنان بەڕێژەی 50% کەمیکردووە، “لەئێستادا پشت بە مۆلیدە گازییەکان دەبەستین بۆ دابینکردنی وزەی کارەبا و دابینکردنی وێستگەکان، بەڵام لەوەدا رووبەڕووی ئاستەنگی دەبینەوە، چونکە ناتوانین مۆلیدەکان 24 کاتژمێر کار پێبکەین”.