محەمەد.. ئەو منداڵەی بە فسفۆری سپی لە لایەن تورکیاوە لە سەرێ کانیێ سوتێنرا چی بەسەر هات؟
حەسەکە – نۆرس پرێس
“محەمەد حەمید”، ئەو منداڵەی لە کاتێکدا لە قوتابخانەکەیەوە لە کامپی “سەرێ کانیێ” لە باشووری حەسەکە دەگەڕایەوە بۆ ماڵەوە، بڕیاری دابوو خوێندنەکەی تەواو بکات و بڕوانامەیەک بەدەستبهێنێت تا بتوانێت لە ناوچەکەی خۆی کاربکات و یارمەتی باوکی بدات.
ئەو منداڵە تەمەن 15 ساڵە تووشی شێواوی بوو لە زۆربەی جەستەیدا، بەهۆی ئەو سوتانەی کە لە ئەنجامی بۆردومانی ماڵەکەیان لە شاری سەرێ کانیێ، لە کاتی لەشکرکێشی و داگیرکردنی لە لایەن هێزەکانی تورکیاوە، لە کۆتایی ساڵی 2019دا بە بۆمبی فسفۆری سپی تورکی سوتێنرا.
دواتر محەمەد دووچاری سووتانی پلە چوار لە زیاتر لە سەدا 50ی جەستەیدا بووەوە، ئەمەش بەهۆی بۆردومانی تورکیاوە بە موشەک کە ماددەی قەدەغەکراوی نێودەوڵەتی (فسفۆری سپی)ی تێدا بوو، باوکی ناچار بوو بیگوازێتەوە بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق و لەوێشەوە بۆ فەرەنسا بەهاوکاری رێکخراوی خێرخوازی بارزانی، بۆ چارەسەرکردنی ئەو سوتاوییەی، کە ئەو ماددە فسفۆرییە گەشتبووە جەستەی.
محەمەد بە نۆرس پرێسی گوت: “بەهۆی ئەو شێواوییەی لە جەستەم و دەستەکانمدا بە تایبەتی روویداوە، لە ئێستادا ناتوانم کاربکەم و یارمەتی باوکم بدەم”.
بەهۆی باری تەندروستییەوە، باوکی لە هەندێک خولی تایبەتدا ناوی تۆماری دەکات، محەمەدیش دەڵێ، “من لە پۆلی هەشتەمم لە قوتابخانەکەم، بۆ ئەوەی بتوانم لە داهاتوودا بڕوانامە بەدەستبهێنم، تا بتوانم هاوکاری باوکم بکەم لە خەرجییەکانی ماڵەوەدا”.
لە فەرەنسا 8 نەشتەرگەری جوانکاری بۆ محەمەد ئەنجامدراوە، دواتر بەرێگەی هەرێمی کوردستانی عێراقدا گەڕایەوە و لەوێشەوە بۆ رۆژئاڤا و پاشان بۆ کامپێکی شاری حەسەکە، کە بۆ ئاوارەکانی سەرێ کانیێ تەرخانکراوە.
بنەماڵەکەی محەمەد، کە خۆیان خەڵکی کۆبانێن و پێش لەشکرکێشی تورکیا و میلیشیا چەکدارەکانی دڵسۆزیان، لە شاری سەرێ کانیێ ژیاون.
حەمید محەمەد، باوکی محەمەد، شەش منداڵی دیکەی هەیە، کە ئێستا لە کامپی سەرێ کانیێ لە باشووری شاری حەسەکە نیشتەجێن، باوکەکە لەسەر تانکەرەکەی کاردەکات بۆ گواستنەوەی ئاوی خواردنەوە بۆ کامپەکانی ناو شارەکەوە، بۆ ئەوەی بژێوی ژیانی خێزانەکەی دابین بکات.
حەمید بە دڵتەنگیەوە باس لە دۆخی کوڕەکەی دەکات، لەکاتێکدا هەوڵدەدات دڵنەوایی بدات بە خوێندن و درێژەدان بە ئاستی خوێندن، بۆ ئەوەی منداڵەکەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی بۆردومانی فسفۆری تورکیی لەبیربچێتەوە.
باوکی محەمەد بە نۆرس پرێسی گوت: “هەست بە بارودۆخی کوڕەکەم دەکەم، چونکە باری تەندروستی کوڕەکەم وای لێدەکات نەتوانێت کاری قورس ئەنجام بدات، بۆیە زۆر یارمەتی دەدەم لە خوێندندا بۆ ئەوەی سەرکەوتوو بێت و بڕوانامەیەکی باش بەدەست بهێنێت کە لە داهاتوودا یارمەتی بدات”.
حەمید گلەیی لەوە دەکات کە دەزگا و رێکخراوە خزمەتگوزاری و کۆمەڵایەتییەکان بارودۆخی منداڵەکەیان لەبیر کردووە و دەڵێت:”شەش مانگ یان زیاترە رێکخراوێکی مرۆیی یان دەزگایەکی راگەیاندن سەردانی نەکردووین بۆ ئەوەی پرسیارمان لێ بکات و دڵنیامان بکاتەوە لە بارودۆخی کوڕەکەم، ئەمەش جێگەی شەرمە، وەک ئەوەی ئەوان چیرۆکی محەمەدی کوڕم و ئەوەی بەسەریدا هاتووە لەبیرکردبێت” وەک خۆی دەڵێت.