له‌گه‌ڵ ئاواره‌بون و برینداربون، توركیا به‌رده‌وامه له گرژكردنی رۆژئاوای كوردستان
ته‌لته‌مر- نۆرس پرێس
له‌ماوه‌ی هه‌فته‌ی سێیه‌می مانگی (ئاب)دا، توركیا به‌رده‌وامیدا به تۆپباران و به ئامانجگرتنی گونده ئاوه‌دانه‌كان له‌سه‌ر هێڵه‌كانی به یه‌كگه‌یشتن له باشوری حه‌سه‌كه‌و ره‌قه، به‌وهۆیه‌وه شه‌پۆلێكی ئاواره‌بون سه‌ریهه‌ڵداوه‌و ژماره‌یه‌ك له دانیشتوانیش برینداربون، كه منداڵیان تێدایه.
ئه‌و تۆپباران و بۆردومانه‌كه‌ی توركیا ده‌ستیپێكردوه، پێشێلكردنی ئاشكرای ئاگربڕی توركیایه له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكاو روسیا كه له ساڵی 2019دا ئیمزای كردوه.
دوای گرتنی شاری سه‌رێ كانی و گرێسپی، به‌پێی راپۆرته مافپه‌روه‌ره‌كان 300 هه‌زار له دانیشتوانی ناوچه‌كه ئاواره‌بون، له ئێستادا توركیا له كه‌ناره‌كانی شارۆچكه‌كانی ته‌لته‌مر و (زرگان)ه له باكوری حه‌سه‌كه تا ده‌گاته شارۆچكه‌ی عه‌ین عیسا له باكوری شاری ره‌قه.
تۆپباران
له‌سه‌ره‌تای ئه‌م هه‌فته‌یه و به دیاریكراوی له 12ی ئاب، توركیا به تۆپی دورهاوێژ هه‌ردو گوندی ده‌رداره‌و شێخ عه‌لی له باكوری ته‌لته‌مر تۆپبارانكردو به‌وهۆیه‌وه دو شه‌ڕڤانی ئه‌نجومه‌نی سریانی شه‌هیدبون و دو سه‌ربازی حكومه‌تی دیموشق به پله‌ی مولازم گیانی له ده‌ستدا.
به رۆژێك دواتر، توركیا چوار گوندی باكور و رۆژئاوای شارۆچكه‌ی ته‌لته‌مری بۆردومانكرد كه بریتی بون له “كوزه‌ڵێ و ته‌ل له‌بن و ده‌رداره‌و شێخ عه‌لی” و زیانی مادی به موڵك و ماڵی دانیشتوانه‌كه‌یان گه‌یشت.
له 14ی ئه‌م مانگه جارێكی تر توركیا گونده‌واری ته‌لته‌مری تۆپبارانكرده‌وه‌و به دیاریكراویش گوندی شێخ عه‌لی به ئامانج گرت.
تۆپبارانی توركیا بۆ سه‌ر گونده‌واری ته‌له‌مر به‌رده‌وامی هه‌بو، به‌شێوه‌یه‌ك رۆژی سێشه‌ممه بوه هۆی ئه‌وه‌ی دانیشتوانی گونده‌كانی كوزه‌ڵێ، ته‌ل له‌بن، ئوم خێر، ته‌ل ته‌ویل، سه‌ڵماسه، قبور قه‌راجنه ئاواره ببن به‌ره‌و ده‌شتاییه‌كان و گونده ئارامه‌كان.
له تۆپبارانی ناوه‌ندی شارۆچكه‌ی زه‌رگان-یش كه ناوه‌ندی كشتوكاڵ و ناوه‌ندی هێزه‌كانی ئاسایش كرایه ئامانج، منداڵێكی 11 ساڵ به‌ناوی ته‌میم حه‌مه‌د برینداربو، چه‌ند گوله تۆپێكیش كه‌وته گوندی ئه‌سه‌دییه له گونده‌واری شارۆچكه‌كه.
هه‌مان رۆژ، تۆپهاوێژه‌كانی توركیا، به ده‌یه‌ها گوله پێنج گوندی له گونده‌واری رۆژئاوای شاری گرێ سپی كرده ئامانج كه بریتی بون له “عه‌ریزه، لقلقو، سه‌وان، خه‌ربه شه‌عیر، كوپرلك.”
دوینێ چوارشه‌ممه، درۆنێكی توركیا گوندی گێبش، 1 كلم له رۆژئاوای ته‌لته‌مری به ئامانج گرت و به‌پێی سه‌رچاوه‌یه‌ك له ئه‌نجومه‌نی سه‌ربازی ته‌لته‌مر بۆ نۆرس پرێس، كه‌سێك برینداربو.
پێشێلكارییه‌كان
به‌پێی راپۆرتی رێكخراوه مافپه‌روه‌ره‌كان، ده‌ستدرێژییه‌كانی توركیا له ناوچه‌كانی ژێر ده‌ستی توركیا‌و گروپه چه‌كداره‌كانی لایه‌نگری به‌رده‌وامییان هه‌یه.
په‌یوه‌ندی “ته‌ئازر” كه رێكخراوێكی ناحكومی قازانج نه‌ویسته‌و كار له‌سه‌ر تۆماركردنی سه‌رجه‌م پێشێلكارییه‌كان ده‌كات له ناوچه‌كانی رۆژئاوای كوردستان، گرتنی 79 كه‌سی له ناوچه‌كانی عه‌فرین و سه‌رێ كانی و گرێ سپی راگه‌یاند له ته‌موزی رابوردودا.
په‌یوه‌ندییه‌كه رونیكردوه‌ته‌وه، مانگی رابوردو له سه‌رێ كانی و گرێ سپی، 16 كه‌س ده‌ستگیركراون، هه‌شتیان ئازادكراون و هێشتا چاره‌نوسی ئه‌وانی تر نادیاره.
رێكخراوه‌كه ئاماژه‌ی به‌وه‌كردوه، حاڵه‌ته‌كانی گرتن له سه‌ره‌تای ساڵی 2019وه تا مانگی ته‌موز، كه‌متر نه‌بوه له 478 حاڵه‌ت، له‌ناویاندا 64 ژن و 36 منداڵ هه‌بو، ئه‌وه‌ی جگه له ئه‌شكه‌نجه‌دانی 293 حاڵه‌تی ئه‌شكه‌نجه‌ی گیراوه‌كان له گرتوخانه‌كانی توركیادا.