ترس و دڵەڕاوکێی دانیشتوانی ناوچەکانی هێڵی سنووری شاری قامیشلۆ
قامیشلۆ- نۆرس پرێس
حەمزە حسێن تەمەنی 62 ساڵە و دانیشتووی شاری قامیشلۆیە، بەردەوام بە دەست دڵەڕاوکێ و ترسی هەڵکشانی سەربازی تورکیاوە لە رۆژئاوای کوردستان دەناڵێنێت، بە تایبەت کە ماڵەکەی دەکەوێتە گەڕەکی جەرنەک لە نزیک سنووری تورکیا.
پیاوە شەست ساڵانەکە، هاوشێوەی دانیشتوانی شارەکەی ترسی ئەوەی هەیە کە بۆردومانەکە کارەساتی بۆ دروست بکات خێزانەکەی، وەک چۆن بەسەر خێزانەکانی تردا هات.
لە ماوەی ڕابردوودا بەهۆی زنجیرە هێرشەکانی تورکیاوە کە قامیشلۆیان کردووە بە ئامانج، ڕۆژانی سەختی ژیانیان بەڕێ کرد، هێرشەکان قوربانیانی مرۆییان لێکەوتووەتەوە، لەنێویاندا منداڵ هەیە.

حوسێن، دەڵێت ترسی هەیە لە منداڵەکانی و خێزان و موڵک و ماڵەکەی لە دووبارەبوونەوەی بۆردومانەکە، “نازانین چی بکەین، خودا بمانپارێزێت، هەر ئەو باشترین پارێزەرە”
پێدەچێت بۆ دانیشتووانی ئەو شارە، کە لە تەنیشت سنووری تورکیاوە نیشتەجێن، قورس بێت خۆیان لەو تۆپابارانە بپارێزن کە کەس نازانێت کەی و لە کوێوە دەستپێدەکاتەوە، ئەمەش حاڵەتێکی بەردەوامی ترس و دڵەڕاوکێیان بۆ دروست دەکات.
رۆژی شەشی ئەم مانگە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا لە گەڕەکی پیشەسازی لە رۆژهەڵاتی قامیشلۆ ئۆتۆمبیلێکی کردە ئامانج و بەهۆیەوە پێنج کەس شەهید بوون کە دوو منداڵیان تێدابوو.
دوای سێ ڕۆژ، لە بۆردومانێکی تورکیادا، کە شوێنێکی گوندی سیکرکای لە گوندەواری قامیشلۆکردە ئامانج، لە سنووری تورکیا، چوار کەس شەهید بوون.
ڕۆژێک دوای ئەو بۆردومانەی کە سیکرکای کردبووە ئامانج، درۆنێکی تری تورکیا دووبارە بۆردومانی ئۆتۆمبیلێکی لە گوندی مەلا سەبات لە باشووری ڕێگای نێودەوڵەتی (M4)، باشووری ڕۆژئاوای قامیشلی کرد و لە ئەنجامدا لانیکەم سێ کەس شەهید بوون.
لە گوندی سیكركا، موەفەق دەروێش بە نۆرس پرێسی راگەیاند، بە هۆی بۆردومانەکانی توركیاوە زیانی ماددی بەر ماڵەكەی كەوتووە، دەشڵێت چوار فیشەک چووە ناو دیواری جێشتخانەکەیەوە، سوپاسی خودە دەکات کە لەوکاتەدا هیچ ئەندامێکی خێزانەکەی لەوێ نەبووە.
لە ئەنجامی ئەو ترس و دڵەڕاوکێیە، دانیشتوانی شاری سیکرکە ئاوارە بوون بۆ گەڕەکەکانی دیکەی شارەکە و دوای وەستانی چەند کاتژمێرێک لە تۆپباران گەڕانەوە، لە کاتێکدا ترسی دووبارەبوونەوەی بۆردومانەکە بەردەوامە.
دانیشتوانی گوند و گهڕهكهكانی قامیشلۆ كه تهنیشت سنوورهكه هەڵکەوتوون، له دۆخێكی ناسهقامگیری و سڵەمینەوەدا دهژین، جارجاره فڕۆكهی چاودێری توركیاش دهسووڕێنهوه.
رۆژی سێشەممەی رابردوو، گولـەیەکی تورک کەوتە سەر گوندی تەل جەرنەک لە رۆژئاوای شارۆچکەی عامودا لە گوندەواری رۆژئاوای قامیشلۆ و مەودای تۆپبارانەکەش فراوانتر بوو و گەیشتە گوندی حەمدونه لە هەمان گوندەوار.
دوای کەوتنە خوارەوەی 8 گولەتۆپی تورکی بە دەوریاندا، ئەو دانیشتووانە کە لە دەنگی تەقینەوەکان لە ترسدا لە خەو هەڵسابوون، لە گوندەکان هەڵاتن و بەرەو دەشتەکان رێیان گرتەبەر.

دوای کەمتر لە کاتژمێرێک تۆپخانەکانی تورکیا بە چوار گولە گوندی ئەلئیبراهیمییە لە گوندەواری ناحیەی زرگان لە باکووری حەسەکە بۆردومان کرد.
ئەمەش دوای ئەوە ڕوویدا کە گەڕەکەکانی شاری کۆبانی و گوندەوارەکانی لە کاتژمێرەکانی بەیانیدا بۆردومانی قورسیان بەخۆوە بینی، هەروەها گوندەکانی گوندەواری تل تەمر لە باکووری حەسەکە و گوندەکانی دیکەش لە گوندەواری باکووری حەلەب.
نەزیر عومەر (42 ساڵ)، وەستای بینایە و لە باڵەخانەیەكی نزیك سنووری توركیا و سووریا لە قامیشلۆ كار دەكات، ناڕەزایی خۆی دەردەبڕێت لە پچڕانی كارەكانی، لە كاتی كەوتنی مووشەكەكان، لەسەر ئەو ناوچەیەی كە ئەو تێیدا ئیش دەکات.
پیاوە 40 ساڵانەکە، دەڵێ، لە کاتی بۆردومانەکەدا ناچار بووە کرێکارەکان ڕەوانەی ماڵەکانیان بکاتەوە، ئەوەش لە ترسی ئەوەی برینداربن یان زیانیان پێبگات.
ئاماژە بەوەش دەکات کە ئەمە کاریگەری لەسەر داهاتی ڕۆژانەی کرێکاران هەیە، لە کاتێکدا بارودۆخێکی سەختی ژیان بەڕێدەکەن.