قوتابییە سەرکەوتووەکانی قامشلۆ باس لە گرینگی خوێندن بە زمانی دایک دەکەن

قامشلۆ – نۆرس پرێس

خوێندن بە زمانی دایک (کوردی) هەزاران ساڵە خەونێک بووە بۆ گەلی کورد، لە هەر چوار پارچە داگیرکراوەکەی، ئەم خەونەش لە بەشە جیاوازەکان و لە کاتە جیاوازەکاند ابەدی دێت.

ئەمڕۆ نەوەی نوێ لە رۆژئاوای کوردستان بە زمانی شیرینی دایکی خۆیان، زمانی کوردی دەخوێنن و خوێندکاران دەخوازن شارەزای مێژووی و زمان و جوگرافیای خۆیان بن، ئەمە جگە لەوەی لە پاڵ ئەمانەشدا گرینگی بە زمانەکانی دیکەش دەدرێت، وەک زمانی ئینگلیزی و عەرەبی.

قوتابیانی سەرکەوتووی شاری قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان لە رێگەی نۆرس پرێسەوە پەیامی خۆیان دەنێرن، دەربارەی گرینگیدان بە زمانی کوردی و خۆشحاڵییان بە تەواوکردنی قۆناغێکی خوێندن بە زمانی دایک و شارەزابوون لە مێژوو و کەلتوور و زمان و وێژەی کوردیدا دەربڕی.

بێگومان بەدەستهێنانی بڕوانامەکانیان زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ خۆشەویستییان بۆ زمانی کوردی و ئەمەش بەپلەی یەکەم هۆکاری سەرکەوتووتنیان بووە، وەک “نورشان مەحمودە” دەڵێ، کە هاوڵاتییەکی خەڵکی  شاری حەسکەیە، لە ئێستادا لەبەر قەیرانی ئاو، شارەکەی خۆیانیان جێهێشتووە و روویانکردووەتە قامشلۆ، لە ئێستادا لەگەڵ خێزانەکەیان لە گەڕەکی “ئەربەوییە” لە شاری قامشلۆ دەژین.

نورشان وەک هەزاران خوێندکاری دیکە، خەونەکەی منداڵیی هاتووەتە دی و توانیوویەتی بە زمانی دایکی خۆی (کوردی) بخوێنێت، بە نۆرس پرێسی وت: “بێگومان لە سەرەتادا هەندێک سەختی هەیە، چونکە پێستر بە زمانی عەرەبی خوێندنمان دەست پێکردووە، پاشان لە ساڵی دووەمی خوێندندا، هەموو قوتابخانەکانمان بوون بە کوردی”.

نورشان وتی: “بەڵام سەرەڕای هەموو ئەم گۆڕانکاریانە و سەرەڕای سەختییەکان، خۆشحاڵ بووین بە خوێندن بە زمانی کوردی، چونکە ئەمە وادەکات لە منداڵیمانەوە مێژووی خۆمان بزانین”

نورشان یەکێکە لە خوێندکارە سەرکەوتووەکانی پۆلی نۆ، کە توانیوویەتی لە کۆی 100نمرە، کۆنمرەی 97 بەدەستبهێنێت، دەربارەی چیرۆکی سەرکەوتنەکەی بە خوێندکاران دەڵێ: “ئەوە پێویستی بە بەڕێوەبردنی کات هەیە، بۆیە رۆژانە ئەرکەکانت ئەنجام بدە”.

دەشڵێ: “من کاتژمێرێکی زۆر خوێندوومە و لە ئەنجامدا 97 نمرەم لە کۆی  100 بەدەستهێناوە”.

هەروەها رێوین عومەر، کە خوێندکارێکی خەڵکی شاری قامیشلۆیە، لە قۆناغی ئەزموونی پۆلی نۆدا لە کۆی 100 نمرە 99ی بەدەستهێناوە.

رێوین خەونی ئەوەیە کە لە داهاتوودا ببێتە رۆژنامەنووسێکی کارامە و مێژووی کورد بە جیهان بناسێنێت و گوتی: “بەهۆی ئارازووم بۆ راگەیاندکاری و هەواڵسازی، پێم خۆشە بەشی راگەیاند بخوێنم، بۆ ئەوەی بتوانم زیاتر بزانم و مێژوو و کۆمەڵکوژی و ئازارەکانی گەلی کورد بە جیهان بناسێنم”.

رێوین دەربارەی ئاستەنگییەکانی خوێندن لە رۆژئاڤا دەڵێ:” لەبەر ئەوەی ئێمە بە سەردەمی شەڕدا تێدەپەڕین، زۆرجار قوتابخانەکان دادەخرێن، قوتابیان و مامۆستایان دەستگیر دەکرێن، ئەمەش کاریگەری لەسەر خوێندکار و مامۆستاکانمان دەبێت”.

دەشڵێ; “بەڵام ئێمە لەو کاتەشدا خوێندنمان رانەگرتووە، ئێمە بە جۆش و خرۆشەوە بەردەوام بووین لە خوێندن، چونکە پێویستە بەردەوام بین”.

“بە زمانی خۆت بخوێنە و بدوێ”، ئەمە قسەی لاڤەی تەمەن16 ساڵانە،کە خەڵکی گەڕەکی قەنەستیوەی شاری قایشلۆیە

لاڤە دەشڵێ; “بێگومان سەختی لە ژیاندا هەیە بەڵام کاتێک یارمەتی لە لایەن دۆست و هاورێ و کەسوکارەوە هەبێت، سەختییەکان ئاسانتر دەبن.”

هەروەها ئەم ئاواتەکەی هاتووەتەدی، کە دەڵێ “لە سەرەتاوە خەونمان بەوە دەبینی و ئاواتمان دەخواست، کە بە زمانی کوردی بخوێنین، و ئەمەش بە هاوکاری ئەوانەی دەوروبەرمان هاتەدی”.

لاڤە دەڵێ: ” ئەو گەلانەی کە لە مەترسیدا دەژین، پێویستە ئاگاداری زمانەکەیان بن، بۆیە گرینگە ئێمە بە کوردی بخوێنین”.

دەربارەی ئاستەنگەکان دەڵێ; “لە رابردوودا بەهۆی بوومەلەرزەوە، هەندێک جار گرفتمان بۆ دروست بوو، هەروەها بارانبارینی بەخوڕ بووە هۆی داخستنی قوتابخانەکانمان، بەڵام سەرەڕای هەموو شتێک، سەرەڕای سەختییەکان، بەردەوام بووین لە خوێندن و هەمیشە بۆ خەونەکانمان تێکۆشاوین، تا بتوانین وەک گەنجێک سەری خۆمان و بنەماڵە و وڵاتەکەمان بەرزکەینەوە”.

ئامادەکردنی: نەسرین قادر