رەققە.. داڕمانی بەهای دراوی سوری بارگرانی لە سەر ژیانی کارمەندانی بەڕێوبەری خۆسەری دروست دەکات

رەققە– نۆرس پرێس

حارس سەری لێ شێوا لە دابەشکردنی مووچەکەی، کە لەسەر کارەکەی وەک مامۆستا وەریدەگرت، خاوەنی دوکانی بەقاڵی داوای کرد، و ناچار بوو پارەی سەوزەفرۆشەکە بدات و نرخی ئەمپێر و ئابونەی ئینتەرنێتیش بدات، ئەمە جگە لەوەی پارەی لە یەکێک لە هاوڕێکانی قەرز کردووە و دەبێ بیداتەوە.

بیری لەمانە دەکردەوە لە کاتێکدا سەیری سەیری پارەکانی دەکرد و بە دەستی دەیژماردن،تیایدا مابوو نەیدەزانی چی بکات. بۆیە بیری لەوە کردەوە کە لە سەرەتا لە کارە لەپێشینەکانەوە دەست پێبکات، “بەڵام تەنانەت بۆ ئەوەش بەس نییە” چووە ماڵەوە و بڕیاریدا بڕێک پارە بدات بە هەریەکە لە ئەندامانی خێزانەکەی، بەو هیوایەی مانگی داهاتوو زیادکردنی مووچە رووبدات.

حارس ئەلحەسەن (28 ساڵ) دانیشتووی شاری رەققە لە رۆژئاوای کوردستان، سێ ساڵ لەمەوبەر لە یەکێک لە قوتابخانەکانی شارەکە خۆی، وەک مامۆستا دەستی بە کارکردن کردووە، کە ئەوکات بۆ ئەو دەرفەتێکی باش بوو بۆ ئەوەی بە بڕوانامەکەی بەرامبەر بە مووچەیەکی باش کار بکات.

بەڵام لەگەڵ تێپەڕبوونی کات و داڕمانی تبەهای لیرەی سوری بەرامبەر بە دراوە بیانییەکان، بەتایبەتی تێکچوونی ئەم دواییە، مووچەی ئەو مامۆستایە و هاوتەمەنەکانی کە فەرمانبەرانی دامودەزگاکانی بەڕێوبەری خۆسەرین، ناکەنە بەرامبەری زیاتر لە 50 دۆلار.

ئەو بڕە پارەیەی کە وەریدەگرن لە خوار رێژەی هێڵی هەژارییەوە دەیانهێڵێتەوە، کە نەتەوە یەکگرتووەکان دیاریی کردووە، بۆ هەر کەسێک رۆژانە 1.90 دۆلاری ئەمریکی پێویستە بۆ ژیان.

کارمەندانی بەڕێوبەری خۆسەری بەدەست کەمی مووچەوە دەناڵێنن، ئەمەش لەبەر رۆشنایی تێکچوونی بارودۆخی ژیان و ئابوری بەهۆی داڕمانی بەردەوامی بەهای لیرەی سوری بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی.

“ئەلحەسەن” بە نۆرس پرێسی گوت، مووچەکەی تەنها بەشی چەند رۆژێک ببەس دەکات، دوای ئەوەش ناچار دەبێت قەرز بکات، یان کارێکی زیادە بکات، بەو هیوایەی یارمەتیدەر بێت بۆ دەستەبەرکردنی هەندێک پێداویستی.

ئەو ناتوانێت زۆرینەی پێداویستییەکانی ماڵەکەی مسۆگەر بکات، بەو پێیەی مووچەکەی “نزم”ە، لەبەرامبەر هەڵاوسان لە بازاڕەکاندا، دوای ئەوەی دراوی سوریی بەهای خۆی لەدەستدا.

زۆربەی کەرەستە و خزمەتگوزارییەکان نرخیان بەرزبووەتەوە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ نرخی دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە لیرەی سوری، وەک ئینتەرنێت و گواستنەوە و ئەمپێر و سەوزە و کەرەستەی بەکارهێنراو.

“ئەلحەسەن” لەبەردەم واقیعی زیندوو “خراپبوو”دا، داوا لە بەڕێوبەری خۆسەر دەکات کە چارەسەرێک “لەرەگەوە” بۆ کێشەی مووچە بدۆزێتەوە و بڕیارێک دەربکەن بۆ بەستنەوەی بە دۆلاری ئەمریکییەوە.

لەگەڵ هەر داڕمانێکی دراوی ناوخۆییدا، ئەو فەرمانبەرانەی شایستەکانیان بە لیرەی سوری وەردەگرن، زیانیان پێدەگات، بەو پێیەی ناتوانن لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخەکاندا بگونجێن، لە داڕمانی ئەم دواییەدا بەهای دۆلار لە نێوان 12 بۆ 13 هەزار لیرەدا بووە، لە کاتێکدا پێشتر لە 8 هەزار لیرە زیاتر نەبوو، ئەمەش واتە داڕمان بە رێژەی نزیکەی دوو هێندە.

لە دووی ئەم مانگەدا ئەنجومەنی گشتی کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا بۆ تاوتوێکردنی بارودۆخی ژیان و ئابوری دانیشتوان و لێکۆڵینەوە لە بەرزکردنەوەی شایستەداراییەکانی کارمەندان یەکێک بوو لە دەرهاویشتەکانی.

  لە دامەزراوەیەکی تری بەڕێوبەری خۆسەریدا لە رەققە، فەهد ئەلحەمید (27 ساڵ) کار دەکات، و هاوشێوەی ئەوەی پێش خۆی، کمووچەی 520 هەزار لیرە وەردەگرێت.

“ئەلحەمید” بەهۆی نەبوونی هەلی کارەوە، ناچارە وەک فەرمانبەرێک کار بکات، هاوکات لەگەڵ سەختی دەستەبەرکردنی پێداویستییەکانی ژیان و ئەو قەیرانە ئابوورییانەی کەناوچەکە پێیدا تێدەپەڕێت.

ئەویش هاوشێوەی “حارس” دەڵێت، مووچەکەی بەشی شەش رۆژ لە مانگێکدا ناکات، ئەمەش واقیعی سەرجەم فەرمانبەرانی بەڕێوبەری خۆسەرییە، بەهۆی گرانبوونی نرخ و هەڵاوسانەوە، کە لە ئەنجامی بەردەوامی لەدەستدانی بەهای لیرەی سورییەوە دروستبووە.

دەشڵێت، دادپەروەرانە نییە ئەو فەرمانبەرانە مووچەکەیان بە لیرەی سوری وەربگرن، کە بەوشێوە داڕماوە، هاوکات سادەترین شت لە بازاڕ کە دەیکڕیت، بە دۆلاری ئەمریکی پێت دەفرۆشن.

ئەلحەمید پێی وایە کە پێویستە مامەڵە بە دۆلاری ئەمریکی بکرێت، لەبری لیرەی سوریا، چونکە لەم حاڵەتەدا هاوسەنگی لە نێوان کرێی فەرمانبەر و نرخەکانی بازاڕەکاندا بەدەست دێت.

  ویسام ئەلعیسا (28 ساڵ) کە هاوکات فەرمانبەرە، جیاوازە لە فەرمانبەرەکەی پێش خۆی، بەو پێیەی پێی وایە پێویست ناکات لە رۆژئاوای کوردستان مامەڵە بە دۆلار بکرێت، بەڵکوو زیاتر لەبەرچاوگرتنی شایستەی ئەو فەرمانبەرە بە پشت بەستن بە دۆلار لە گۆڕینەوەی نرخدا.

وە ناچارە دەستبەرداری زۆر شت بێت و تەنها پێداویستییە گرینگەکان بکڕێت، ئەمەش بەهۆی بەرزبوونەوەی بەردەوامی نرخەکان لە بازاڕەکاندا، هەروەها کۆنترۆڵکردنی بازاڕ و خراپ بەکارهێنانی لە لایەن بازرگانەکانەوە، بە بیانووی ئەوەی دۆلار 13 هەزار لیرەی تێپەڕاندووە.

دەشڵێت، دەبێت مووچە بەڕێژەی پێداویستی ژیانی دانیشتوان زیادبکرێت، ئەگەر دۆخەکە بەمشێوە بمێنێتەوە، زۆرێک لە فەرمانبەرانی بەڕێوبەری خۆسەریی ناچار دەبن کارەکانیان جێبهێڵن و بەدوای کاری دیکەدا بگەڕێن.

ئامادەکردنی: فاتیمە خالید –  داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان