هاوڵاتیانی قامشلۆ بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماوە روو لە ساردەمەنییەکان دەکەن

قامشلۆ – نۆرس پرێس

لە وەرزی هاویندا و بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماوە، خواست لەسەر ساردەمەنییەکان زیاد دەکات، بەهۆی ئەمەشەوە لە شاری قامشلۆ ساردەمەنی و قاوەخانە و شوێنی فرۆشتنی دۆندرمە زۆرن و بە بەردەوامی بە کراوەیی دەمێننەوە.

 دەروێش شوکری، هاوڵاتییەکی ئاوارەی خەڵکی حەڵەبە و پێش 10 ساڵ لە شارەکەی خۆی دوورکەوتووەتەوە و رووی لە قامشلۆ کردووە، پڕۆژەی کافێ شوپێکی لەو شارە دروست کردووە بە ناوی “کۆکتێل و ساردەمەنی ئەبوشوکری”،  ئەمەش یەکەم کافێی لەوجۆرەیە لە شاری قامیشلۆ بکرێتەوە، کە میوە تازە و فرێشەکان بەکار دەهێنێت بۆ دروستکردنی کۆکتێل و دۆندرمە و ساردەمەنییەکان بەشێوازێکی جیاواز و ناوازە.

میوە تازەکان لە رۆژئاوای کوردستان بەجۆرە جیاوازەکانیانەوە بەردەستن ، جگە لەوەش لە دوبەی و تورکیا و

شامەوە میوەی زیاتر هاوردە دەکرێن، ئەمەش بووەتە هۆی جیاوازی خواردنەوەکانی.

ئەو کەسانەی لەو کافێیە کار دەکەن پێکهاتوون لە هاوڵاتیانی عەرەب و کورد، بە ژن و پیاوەوە، کە بەردەوام لە کارکردندان پێکەوە.

هەروەها ئەو خواردنەوانەی کە ئەم کافێیە دروستی دەکات ناوازەن و بەهۆی بەکارهێنانی هەموو جۆرە میوەیەکەوە لە دروستکردنی ساردەمەنییە جۆراوجۆرەکاندا.

ئەمە جگە لەوەی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماش هۆکارێکی دیکەی زیادبوونی بازاڕی ساردەمەنیەکانی ئەو شارەیە و هاوڵاتیانی قامشلۆ بۆ خۆ فینک کردنەوە و بەسەربردنی کاتێکی خۆش لەگەڵ خواردنەوە بەتامەکاندا، روو لە ساردەمەنی و دۆندرمەخانەکان دەکەن.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: نەسرین قادر