کۆنفرانسی ژینگە و دەستڕاگەشتن بە سەرچاوەکان لە هەولێر بەڕێوەچوو

هەولێر – نۆرس پرێس

دوێنێ سێشەممە، بە هاوبەشی لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و نوێنەرایەتی ئەمەریکا بۆ گەشەپێدان (US AID) کۆنفرانسی ژینگە و دەستڕاگەشتن بە سەرچاوەکان لە هەولێر لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد.

کۆمەڵێک کەسایەتی باڵا و بەرپرس و بەڕێوەبەرانی بانک و سەرکردە سیاسییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی عێراق، بەشدارییان لە کۆنفرانسەکەدا کرد.

لە کۆنفرانسەکەدا گوتاری وەزیری پلاندانان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، دارا رەشید مەحمود پێشکەشکرا، پاشان ئێلیس جینس، بەڕێوەبەری نوێنەرایەتی ئەمەریکا بۆ گەشەپێدان لە عێراق (US AID)، لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا باسی لە ئەگەری گەشتن بە چارەسەر لە رێگەی پاراستنی سروشتەوە کرد، بۆ گۆڕانی کەشوهەوای عێراق و گۆڕانکاری لە وزەی بەکارهاتوودا.

بە گوتەی رێکخەرانی، ئامانجی کۆنفرانسەکە بەدواداچوونە بۆ چارەسەر و رەخساندنی دەرفەتی داهێنەرانەیە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوەکان لە عێراق.

لە کۆنفرانسەکەدا لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رێکخراوە بەخشەرەکان، دامەزراوە داراییەکان و کەرتی تایبەتی کۆکردەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چارەسەرەکان، بەمەبەستی کردنەوەی قفڵی دارایی و زیادکردنی دەرفەتەکان بۆ بازرگانییە ناوخۆییەکان بۆ دەستەبەرکردنی سەرچاوەکانی دارایی.

هەر لەو کۆنفرانسەدا، چەندین گفتوگۆ و پانێڵی زانیاری بەخش پێشکەشکرا، کە تیشکیان دەخستە سەر لایەنە سەرەکییەکانی دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوە داراییەکان و دۆسیەی پاراستنی ژینگە، هەروەها ئەو رێگاچارانەی کە کاریگەرییان لە عێراقدا هەبووە و سەلمێنراون.

کۆنفرانسەکە دەرفەتی پەیوەندیکردنی رەخساند بۆ ئاسانکاری پەیوەندییە مانادارەکانی نێوان بانکەکان، دامەزراوە داراییەکان و کۆمپانیا بچووک و مامناوەندەکان کە دەیانەوێت سەرمایە یان قەرز وەرگرن.

دارا رەشید مەحمود، وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە نۆرس پرێسی گوت: “کێشەی کەش و هەوا کێشەیەکی جیهانییە و عێراق و هەرێمی کوردستانیش بەدەرنین لەم کێشەیە”.

گوتیشی: ” سەرچاوەی ئاو لە عێراق و هەرێمی کوردستان تەنها ئاوی رووبارەکان و ئاوی ژێرزەوییە، بۆیە رێژەی ئاوی رووبارەکان و ئاوی ژێرزەویش بەخراپی دابەزیووە، ئێمە لە هەرێمی کوردستان درکمان بەوکێشانە کردووە، بۆیە هەوڵمانداوە چەند بەنداوێک دروستکەین”.

وەزیرەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند کە کێشەی ئاو و دروستکردنی بەنداو دەبێت وەک کێشەیەکی سیادی تەماشابکرێت و ئاسایشی ئاو پارێزراوبێت”.

باسمە عەبدولرەحمان، دامەزرێنەر و بەڕێوبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای “کەسک” بە نۆرس پرێسی گوت، کە کۆمپانیاکەیان کار دەکات بۆ بەکارهێنانی وزەی خۆر وەک وزەیەکی جێگرەوە، هەروەها رێککەوتوون لەگەڵ حکومەتی ناوەندی کە هاوڵاتیان و خاوەن کارە بچووک و مامناوەندەکان بتوان قەرز وەرگرن بۆ دروستکردنی پرۆژەی کارەبا بە وزەی خۆر.

راشیگەیاند، کە ئەوان لە شاری بەغدای پایتەختەوە دەستیانپێکردووە و بەمزوانە پرۆژەکەیان دەگوازنەوە بۆ شارەکانی دیکەش.