تورکیا سوورییەکان دیپۆرتدەکاتەوە و گۆڕینی دیمۆگرافی ئەنجامدەدات
ئیحسان محەمەد-رەقە
تورکیا بەردەوامە لە پێشێلکارییەکانی بەرامبەر پەنابەرە سوورییەکان، بە دیپۆرتکردنیان بەبێ هیچ بنەمایەکی یاسایی، ئەوەی لەم پێشێلکارییانە قێزەونتر ئەو گۆڕانکارییە دیمۆگرافییەیە کە بەسەر ناوچەکانی سوریادا دەیسەپێنێت.
عەلی حەلقی، یەکێک لە دیپۆرتکراوەکانی دەستی هێزەکانی تورکیا، چەند ساڵێک لەمەوبەر لە پارێزگای دەرعای باشوری سوریا بەناچاری رووی لە تورکیا کرد، ئاواتەخوازەبوو دوای نەمانی ئالۆزییەکانی سوریا، خۆبەخشانە بگەڕێتەوە بۆ وڵاتەکەی خۆی و بە سەلامەتی بژی، “بەڵام دەسەڵاتدارانی تورکیا قسەی تریان هەبوو”.
عەلی حەلقی بە نۆرس پرێس دەڵێت: لە ئەستەنبوڵ دەستگیرکرام، چونکە باجی کەسایەتیم هەڵنەگرتبوو، یەکەم جار گواسترامەوە بۆ کەمپی کاراکلی و دواتر لەگەڵ چەند پەنابەرێکی دیکە گوازراینەوە بۆ پارێزگای ئەدەنە.
بە گوتەی حەلقی، دوای سێ ڕۆژ لە شاری ئەدەنە، لەگەڵ ئەوانەی لەگەڵیدا بوون، لە ڕێگەی دەروازەی باب ئەلسەلامەوە گواسترایەوە بۆ باکووری سوریا،بەڵام پێش ئەوەی دیپۆرتی سوریا بکرێن، لەلایەن هێزەکانی تورکیاوە، ناچارکرابوون لە سەر چەن کاغەزێک پەنجەمۆر بکەن.
دواتر عەلی حەلقی، زانیویەتی ئەو کاغەزانەی کە ناچاریان کردووە پەنجەمۆر لە سەریان بکات بۆ دیپۆرتکردنەوەی خۆبەخشانە بوون.
“تەنها بۆ ماڵەکەم”
ئەحمەد عاید، ناوی دانیشتوویەکی شاری سەراقیبە، بە نۆرس پرێسی راگەیاند: بەبێ ئەوەی هیچ هۆکارێکی دیار هەبێت، بە زۆر لە تورکیاوە دیپۆرتکراینەوە.
دەلێت:” کاغەزێکیان لەبەردەمم دانا و داوایان لێکردم واژۆی لەسەر بکەم وەک بەشێک لە رێکارەکانی راگواستنی زۆرەملێ، بۆ باکوری سوریا”.
عاید جەختی لەوەکرد، کە دامودەزگاکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا لە تورکیا “هیچ پشتیوانی و هاوکارییەکیان بۆ پێشگرتن لە دیپۆرتکردنەوەم پێشکەش نەکرد”، بۆیە بۆ دووەم جار ئاوارە بووم.
بە گوتەی عاید، ئەوەی بەسەریدا هاتووە “پروپاگەندەی دەسەڵاتدارانی تورکیا رەتدەکاتەوە کە دەلێت پەنابەرە سورییەکان خۆبەخشانە دەگەڕێنەوە شوێنی خۆیان و”ناوچەی ئارام”.
گوتیشی، “دەمەوێت بگەڕێمەوە سەر ماڵ و خاکی خۆم، نامەوێت مافی کەسانی دیکە وەربگرم و پڕۆژەی گۆڕینی دیمۆگرافی تورکیا کە لەگەڵ ڕژێمی سوریا کاری لەسەر دەکات، وەک ئەوەی لە غوتەی رۆژئاوا کردی، جێبەجێبکەم”.
سەرچاوەیەکی لە دەروازەی گرێ سپی بە نۆرس پرێسی راگەیاند، راگواستنی سورییەکان لە خاکی تورکیاوە بۆ باکوری سوریا بەردەوامە، بەتایبەتی بۆ گرێ سپی، بەجۆرێک لە مانگی تەمووزدا، کۆی ژمارەی دیپۆرتکراوەکانی دەروازەی گرێ سپی گەیشتە دوو هەزار و 300 کەس، لەنێویاندا ئافرەتان و منداڵ هەبوو. وتیش، رۆژانە 75 بۆ 200 کەس دیپۆرتەکرێن، کە هەموویان هیچ کەسوکارێکیان لەم ناوچەیەدا نییە، بەو پێیەی هێزەکانی تورکیا هەمووان ناچار دەکەن تەنها لە دەروازەی گرێ سپیەوە بگەڕێنەوە.
ئەحمەد شەلەبی، یەکێک لەو کەسانەی کە بە زۆر لە تورکیاوە بۆ سوریا دیپۆرتکراونەتەوە، وردەکارییەکانی دەستبەسەرکردنی و ئەو مامەڵە خراپەی پێش دیپۆرتکردنەوەی بۆ باکوری سوریا لەگەڵیدا دەگێرێتەوە.
ناوبراو بە نۆرس پرێسی گوتی: “کاتژمێر 5:30 خولەکی بەر بەیانی بوو، هێزێکی تورکیا هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەم و بردیانم بۆ ناوەندی ئۆزریک لە ئەنقەرە، ئێوارەی هەمان ڕۆژ دیپۆرتکرامەوە بۆ خاکەکانی سوریا”.
شەلەبی دەڵێت:” پۆلیسی تورکیا هیچ هۆکارێکی بۆ دیپۆرتکردنەوەکە نەخستەڕوو، “تەنها مامەڵەیەکی نامرۆڤانەیان لەگەڵ ئێمەدا کردووە، رێز لە مافی سوورییەکان ناگیرێت”. شەلەبی حکومەتەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە بەرپرسیار دەزانێت لە پاراستنی مافی پەنابەران و دابینکردنی پاراستن بۆیان.