سورییەکان کە لە تورکیا گەراونەتەوە… بە زۆر دیپۆرتکردنەوە یان گەرانەوەی خۆبەخشانە بووە؟
موئەید شێخ – ئیدلب
شەوێک نەعیم لە سەر دەنگی هاتنەوەی هێزە ئەمنیەکانی تورکیا بۆ ژوورەکەی لە ناوچەی فاتحی ئەستەنبوڵ خەبەری بووەوە، لەو پرۆسەیدا لەگەڵ 25 پەنابەری دیکەی سوریا دەستگیرکران.
نەعیم ئەحمەد، تەمەن 23 ساڵە، ئاوارەیەکی خەڵکی “جەبەل زاوییە” لە باشووری پارێزگەی ئیدلب، بە نۆرس پرێسی راگەیاند: “هەرچەندە زۆربەی گەنجەکان کارتی پاراستنی کاتییان هەبوو، بەڵام گواستراونەتەوە بۆ ناوەندی دیپۆرتکردنەوە”.
لە کۆتایی ساڵی 2019 “ئەحمەد” بۆ باشترکردنی بژێوی ژیانی خێزانەکەی، ئیدلبی بەجێیهێشت، رووی لە تورکیا کرد، بەڵام ئێستا لە شارۆچەکەی گرێ سپی لە پارێزگەی رەقە دەمێنێت، دوای ئەوەی لەلایەن هێزەکانی تورکیاوە بۆ ئەو ناوچەیە دیپۆرتکرا.
ئەحمەد نەعیم دەلێت، دوای دەستگیرکردنیان بۆ ماوەی یەک هەفتە لە ناوەندێکی نزیک ناوچەی فاتح راگیران، دواتر “ئەفسەرێکی بەرپرس هات بۆ ئەوەی بە هەموو کەسانی نێو ناوەندەکە بڵێت کە ژمارەیان زیاتربوو لە 150 کەس، کە یەک لە دوای یەک دیپۆرتدەکرێنەوە بۆ باکووری سوریا، هەر کەسێک مافی ئەوەی هەیە شوێنێک یان شارێکی باکوری سوریا هەلبژێرێت”.
دەشڵێت: “لێرەدا بۆم دەرکەوت کە هیچ دەربازبوونێک لەو کێشەیە نییە کە تێکەوتووم، هیچ رێگەیەکم نەبوو جگە لە دیپۆرتکردنەوە، کاتێک نۆرەی من هات، تەنها دوو شوێنیان بۆ من دەستنیشانیانکرد، گرێ سپی لە باکووری رەقە، یان سەری کانی لە باکووری حەسەکە”.
سەرەتا “ئەحمەد” رەتیکردەوە ئەو دوو شوێنە هەڵبژێرێت، بەو پێیەی خەڵکی ئیدلیبە، “بەڵام پێیان وتم یان ئەو ناوچانە یان زیندانیکردن بۆ ماوەی پێنج مانگ و دواتر راگواستن بۆ یەکێک لەو ناوچانە، بۆیە ناچار بووم رازی بم، ئێستاش لە گرێ سپیم”.
ئەحمەد دەپرسێت، کەواتە باسی چ گەرانەوەی خۆبەخشانە دەکەن؟
ئەمرۆ “ئەحمەد” بەدوای رێگایەکدا دەگەرێت بۆ پەرینەوە بۆ باکووری حەلەب، پاشان بۆ لای خێزانەکەی لە ئیدلب، کە تەنها رێگای قاچاخی پر لە مەترسی لە نێوان گرێ سپی و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆن لە باکووری حەلەب هەیە، جگە لە گرانی نرخی قاچاخ.
قاچاخچییەکان سوود لە دۆخی ئاوارەکان وەردەگرن، نرخی قاچاخکردنی کەسێکیان لە گرێ سپی یان سەرێ کانی بۆ جەرابلوس لە باکووری رۆژهەڵاتی حەلەب لە نێوان 300 دۆلار بۆ 650 دۆلار بەرزکردووەتەوە.
لەم دواییانەدا ئەنقەرە دەستکیردووە بە راگواستنی زۆرەملێی پەنابەرانی سوریی لە خاکی تورکیاوە بۆ باکووری رۆژئاوای سوریا.
هەرچەندە تورکیا بە زۆر سورییەکان دیپۆرتدەکاتەوە، بەڵام بە “گەرانەوەی خۆبەخشانە” ناوی دەبات، هەروەک رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە دوایین لێدوانەکانیدا باسی لەوە کرد کە زیاتر لە ملیۆنێک سوریی خۆبەخشانە گەراونەتەوە “ناوچە ئارامەکانی” باکوور و باکووری رۆژئاوای سوریا.
چیرۆکی عوبادە نەعسان (30 ساڵە) کە خەڵکی ریف دیمەشقە، جیاوازییەکی زۆری لەگەڵ چیرۆکی ئەحمەد نەعیم دا نییە، چونکە ئەویش، کاتێک دەچووە مارکێتەکەی نزیک ماڵەکەی لە ئەستەنبوڵ بۆ ئەوەی هەندێک پێداویستی بۆ ماڵەکەی بکرێت دەستگیرکرا.
عوبادە نەعسان دەلێت، پۆلیسی تورکیا رێگەی گرت و دەستگیریکرد و دەستبەجێ لەگەڵ دەیان ژن و پیاوی سوری گواسترایەوە بۆ ناوەندی دەستبەسەرکردن، کە بۆ ماوەی سێ رۆژ لەوێ راگیرابوون و دواتر ناچارکران واژوو لەسەر کاغەزەکان بکەن بۆ “گەرانەوەی خۆبەخشانە” بۆ ناوچەی گرێ سپی.
نەعسان کێشەی دیپۆرتکردنەوەی نەبوو، بەڵام داوای کرد خێزانەکەی لەگەڵ خۆی بهێنرێت، بەڵام هێزەکانی تورکیا داوەکاریەکەی رەتکردەوە.
خۆشبەختانە “نەعسان” بۆ ماوەیەکی زۆر لە ناوەندی دەستبەسەرکردنەدا نەمایەوە، دوای سێ رۆژ لە راگرتنەوە دیپۆرتکرایەوە، پاشان توانی بنەماڵەکەی ئاگادار بکاتەوە کە بە زۆرەملێ بەرەو باکووری سوریا دیپۆرتکرایەوە.
نەعسان ئاماژەی بەوەدا، ئێستا لە گەل 15 کەسی دیکەی خەڵکی ناوچە جیاوازەکانی سوریان لە خانوویەک لە نزیکی شاری گرێ سپی نیشتەجێیە و هەموویان تەنها لە دوو ژووردا دەخەون، بەبێ ئەوەی بچوکترین پێداویستی بۆ ژیان و بژێوی ژیانیان هەبێت.
عوبادە نەعسان دەلێت: “سەرۆککۆماری تورکیا وتی سەدان هەزار شوقەی بۆ ئەو کەسانە دروست کردووە کە خۆبەخشانە گەراونەتەوە باکوری سوریا، لە کوێن؟ بۆ نایبینن! هەرکەسێک دیپۆرتکرابێت، شوێنەکی نییە تێیدا بخەوێت یان بەتانییەک نییە خۆی پێداپۆشێت، ئێمەی پیاو دەتوانین کاروبارەکانمان بەرێوەببەین، بەڵام ژنان چۆن لە شەقام و مزگەوت و پارکەکاندا بخەون؟”.
سەرچاوەیەکی لە دەروازەی گرێ سپی لە سەر سنوری – تورکیا بە نۆرس پرێسی راگەیاند، پرۆسەی دیپۆرتکردنی پەنابەرە سورییەکان لە خاکی تورکیاوە بۆ باکوری سوریا بەردەوامە، بەتایبەتی بۆ ناوچەی گرێ سپی، بە جۆرێک لە سەرەتای ئەم مانگەوە کۆی ژمارەی دیپۆرتکراوەکانی دەروازەی گرێ سپی گەیشتە دوو هەزار و 300 کەس، لەنێویاندا ئافرەت و منداڵ هەن.
ئەو سەرچاویە دەستنیشانکرد، رۆژانە ژمارەی دیپۆرتکراوەکان لە نێوان 75 بۆ 200 کەسدایە، کە هەموویان هیچ کەسوکارێکیان لەم ناوچەیەدا نییە، بەو پێیەی هێزەکانی تورکیا هەمووان ناچار دەکەن تەنها لە دەروازەی گرێ سپیەوە بگەرێنەوە.