چیرۆکی ژنە پەنابەرێکی سوریی لە هەولێر کە هاوسەر و کوڕە نەخۆشەکەی بەخێودەکات
سوها کامل – نۆرس پرێس
خەدیجە عومەر، هیچ بژاردەیەکی دیکەی نەبوو، جگە لەوەی ژوورێکی ماڵە بچووکەکەی، بۆ وەرشەی دروومان بگۆرێت، تاوەکو یارمەتی هاوسەرە نەخۆشەکەی و منداڵەکەی کە نەخۆشی داون هەیە بدات، ئەمە چیرۆکی ژنە پەنابەرێکی سورییە کە لە “کەمپی قوشتەپە” لە هەولێر، لە هەرێمی کوردستانی دەمێنێتەوە.
لە سەرەتای شەڕی سوریاوە، لە ساڵی 2011، زۆرێک لە خێزانە سورییەکان پەنایان بۆ هەرێمی کوردستانی برد، بەهۆی ئەوەی ژیانی پەنابەری سەختە، ژنانی سوریی دەستیانکرد بە یارمەتیدانی هاوسەرەکانیان، بۆیە چوونە نێو بازاڕی کار، بۆنمونە ئێستا بازاڕی کەمپی قوشتەپە پڕە لەو ژنانەی کە لە بواری دورمان و فرۆشتنی خواردن و خزمەتگوزاری و شتی تردا کاردەکەن.
خەدیجە لەگەڵ خێزانەکەی لە سوریاوە روویان لە هەولێر کرد، نزیکەی دە ساڵ لەمەوبەر، خۆی لەناو خێمەیەکی بچووکدا بینییەوە لەگەڵ مێردەکەی کە تووشی کەمئەندامییەکی جەستەیی پێی ڕاستی بووە، بۆیە دەستیکرد بە کارکردن لە وەرشەی دورینی ناو کەمپەکە، تاوەکو بارودۆخی دارایی خێزانەکەی کەمێک باشتر بوو، لە چادرگەیەکەوە چوونە خانوێکی پچوک کە پێکهاتبوو لە دوو ژوور و چێشتخانە.
سەرەتا خەدیجە عومەر دووجاری ماندوبونێکی زۆر و کێشە و رووبەرووی زۆر ئاستەنگی بووە، بۆ دەستەبەرکردنی خەرجی ڕۆژانەی هاوسەرەکەی و دوو منداڵەکەی، بەڵام پێنج ساڵ لەمەوبەر منداڵێکی تووشی نەخۆشی داون سیندرۆم بوو، بارگرانی داراییش لەسەری زیاتر بوو، ئەوەی لە وەرشەی بەرگەدووری بەدەستی دەخست، چیتر بەس نەبوو بۆ خەرجی خێزانەکەی، بۆیە ژوورێکی ماڵەکەی کردە دوکانێکی دوورین.
“خەدیجە عومەر” بە نۆرس پرێسی دەلێت: من لە ماڵەوە کار دەکەم، جل و بەرگ بۆ ژنانی کەمپەکە دەدوورم، چاکەت، کراس، ، جل و بەرگی کوردی، هەرچی داوای دەکەن، لە پشت ئامێری دروومانەوە دادەنیشم لە کاتژمێر هەشتی بەیانی تا هەشتی ئێوارە، بۆ ئەوەی پارە بۆ خێزانەکەم پەیدا بکەم، چونکە تاکە کەسم لە نێو ئەم خێزانەدا کە دەتوانم کار بکەم”.
منداڵەکەی نەخۆشی دڵ هەیە، دوای ئەوەی تەمەنی دەبێت بە سێ مانگ، پزیشکەکان بە خەدیجە دەلێن کە منداڵەکەی نەخۆشی داون سیندرۆمی هەیە، هەروەها کونێکی لە دڵیدا هەبووە، “کاتێک ئەوەم بیست، پێداگریم لەسەر کارکردن زیادیکرد، من ویستم خێزانەکەم لە برسێتی بپارێزم، بۆیە بڕە پارەیەکم قەرز کرد و ئامێری دورینم کڕی”.
“عومەر” پێی وایە کارکردن باشترین چارەسەرە بۆ ژنان لە ژیانی پەنابەریدا، بەو پێیەی “سەرچاوەی هاوکارییەکان بەرو نەمان دەچێت، و بەشە خۆراکمان بڕاوە. خێزانەکەم لە سوریا ناتوانن یارمەتیم بدەن، جگە لە کارەکەم کەسم نییە پشتیوانم بکات، بۆیە لەو کاتەوەی هاتوومەتە بەبەردەوامی کاری دورین دەکەم، لە ڕێگەی کارەکەمەوە دەتوانم خۆراک بۆ خێزانەکەم دەستەبەر بکەم، هەروەها دەرمان بۆ هاوسەر وکورە نەخۆشەکەم دابین بکەم”.