لە نێوان بڕینی ئاوی وێسگەی عەلوک و پڕۆژە ئالتەرناتیڤەکاندا.. حەسەکە بە تینوێتی ماوەتەوە

حەسەکە – نۆرس پرێس

دیمەنێک کە لە کۆڵانەکانی حەسەکەدا بووە بە رۆتین، ژنان و منداڵان و پیاوان سەرقاڵی گواستنەوەی ئاون لەو تانکەرانەوە کە لەلایەن ڕێکخراوەکانی گەڕەکەکانەوە دانراون، بۆ ماڵەکانیان لەڕێگەی گاڵۆن و ئەو سەتڵانەوە کە قەبارەیان بەپێی توانای هەڵگرتنی کەسەکان دەگۆڕێت.

لە کۆڵانەکانی تر دەنگی پەمپکردنی ئاو لە تانکەرەکانەوە بۆ تانکی سەربانی باڵەخانەکان دەبیسترێت، لە کاتێکدا لە هەندێک شەقام دانیشتووان تانکی لە پشت ئۆتۆمبێلەکانیانەوە دادەنێن و لە ڕێگەیانەوە ئاو لەو بیرانە دەگوازنەوە ماڵەکانیان، کە لە گەڕەکەکاندا هەڵیانکەندوون.

ئەوەی زۆر سەرنجڕاکێشە بەشداری ئەو منداڵانەیە کە تەمەنیان ناگاتە 10 ساڵ، لە گواستنەوەی ئاو لە ژێر خۆردا، هەروەها ژنانی سەرووی 50 ساڵ کە بەرمیلە بچووکەکانی ئاو، پاش پڕکردنەوەیان، پاڵ دەنێن، هەندێک جار بە دەست و هەندێک جار بە پێی، بۆ ئەوەی بیانبەنەوە بۆ ماڵەکانیان.

تا ئێستا کێشەی ئاوی حەسەکە چارەسەر نەکراوە، ئەوەش سەرەڕای بەڵێنی چەندین جار لەلایەن بەرپرسانی بەڕێوبەری خۆسەر لە حەسەکە و رۆژئاوای کوردستان، بۆ دۆزینەوەی ئەلتەرناتیڤێک بۆ وێستگەی عەلوک لە گوندەواری سەرێکانی کە لەلایەن تورکیاو و لایەنە دڵسۆزەکانیانەوە، دەستیان بەسەردا گیراوە.

ئەلتەرناتیڤەکان سەرکەوتوو نەبوون

بەپێی لێدوانی بەرپرسان، یەکێک لەو ئەلتەرناتیڤانە، پڕۆژەی بیرەکانی ئەلحەممە بوو، لە باکووری ڕۆژئاوای حەسەکە، کە بڕیار بوو نزیکەی لەسەدا 50ی پێداویستییەکانی ئاوی خواردنەوەی حەسەکە دابین بکات.

پڕۆژەکە لە کۆتایی مانگی ئازاری 2020 لەلایەن بەڕێوبەری خۆسەریەوە دەستیپێکرد، لەو کاتەدا ڕایگەیاندبوو کە لە ماوەی 29 ڕۆژدا 50 بیر لە وێستگەی ئەلحەممە هەڵدەکەنێت، بەڵام جێبەجێکردنی تا مانگی ئابی ئەمساڵ دواکەوت و ئاوەکەش بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک بڕدرا و دواتر خرایەوە کار.

ئەلتەرناتیڤی دووهەم کارکردن بوو لەسەر پرۆژەیەک بۆ راکێشانی ئاوی فورات لە گوندەواری دێرەزوورەوە بۆ حەسەکە.

لە سەرەتای ساڵی رابردوودا، بەڕێوبەری خۆسەر دەستی بە کارکردن کرد لەسەر ئەم پرۆژەیە، بڕیاربوو لە ماوەی سێ مانگدا کارەکانی تەواو بکرێت، بە تێچووی دارایی یەک ملیۆن و نیو دۆلار، بەپێی بەیاننامەیەکی پێشووی بەڕێوبەری خۆسەر .

بەڵام بە وتەی بەرپرسان، چەندین ئاستەنگ ڕووبەڕووی کارەکە بووەتەوە، گرنگترینیان ئەو پێشێلکاریانە بوون کە لەلایەن جوتیاران و دانیشتوانی گوندەواری باشوورەوە ئەنجامدراون بە ڕاکێشانی ئاو لە هێڵەکانەوە بەرەو ماڵەکانیان یان زەوییە کشتوکاڵییەکان، ئەمە جگە لە گیرانی هێڵەکان  کە ڕێگری دەکرد لە تەواوبوونی پڕۆژەکە لە ماوەی دیاریکراودا.

سەرپەرشتیاران لەو کاتەدا بەڵێنیان دا کە لە مانگی نیساندا پڕۆژەکە تەواو بکەن، بەڵام سەرەڕای تێپەڕینی زیاتر لە 20 مانگ بەسەر دەستپێکردنی پڕۆژەکەدا، ئاوی فورات نەگەیشتوە بە دانیشتووانی زۆربەی گەڕەکەکانی حەسەکە.

لە کاتێکدا بۆ یەکەمجار لە کۆتایی مانگی تەمموزدا ئاو گەیشت بە گەڕەکەکانی ساڵەحییە و موفتی، بەڵام تەنها دوو کاتژمێر هەبوو و دواتر وەستا.

بیرەکان وشکبوون

قەیرانی ئاو دوای ئەوە دەستی پێکرد کە تورکیا و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی دڵسۆزی وێسگەی ئاوی عەلوکیان لە سەرێکانی کۆنترۆڵ کرد، لە ئۆکتۆبەری 2019 دا، کە ئەو وێسگەیە بە خۆراکدەری سەرەکی حەسەکە و چەند ناوچەیەکی تر دادەنرێت.

پێشتر ئاڵدار ئامەد، هاوسەرۆكی لیژنەی شارەوانی لە كانتۆنی حەسەكە بە نۆرس پرێسی راگەیاندبوو، كۆنترۆڵی توركیا بۆ وێسگەی بیرە ئاوەکانی عەلوك و كارنەكردنی ژمارەیەكی پێویست لە بیرەكان وایان لێدەكات پەیڕەوی لە پەمپكردن و سەرخستنی ئاو بكەن بۆ گەڕەکەکانی حەسەکە.

بەپێی سیستمی دابەشکردنی ئاو، شاری حەسەکە بەسەر پێنج بەشدا دابەشکراوە، کە هەریەکەیان دوو بۆ سێ هەفتە جارێک پشکی خۆی لە پەمپکردن وەردەگرێت.

لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا، دانیشتووان بیری قووڵیان لەبەردەم ماڵەکانیان هەڵکەندووە، ئاوەکەش تاڵ و سوێرە، بەڵام بەگوتەی دانیشتووان، زۆربەی بیرەکانیش بە دابەزینی ئاستی ئاو، وشک بوون.

عەلی ئەلسالم، تەمەن 43 ساڵ، دانیشتووی گەڕەکی نەشوەی ڕۆژئاوا، دەڵێت بۆ کڕینی ئاو لە تانکەرەکان هەفتانە پێویستی بە نزیکەی 30 بۆ 40 هەزار لیرە.

ئاماژەی بەوەشکرد، “خێزان هەیە مانگانە 100 هەزار لیرە دەدەن بۆ چەند پڕکردنەوەی تانکییەکانیان”

قوستنەوەی قەیرانەکە

لەبەرامبەر ئەم دۆخەدا، عەباس ئەلعلێوی، دانیشتووی گەڕەکی ئەلنەشوەی رۆژئاوا لە حەسەکە، گلەیی  دەکات لە “قۆستنەوەی” قەیرانی ئاو لەلایەن خاوەن تانکەرەکانەوە، لە کاتی لاوازی پەمپکردن و دواکەوتنی هەڵکردنی ئاو لە هەندێک کاتدا بۆ ماوەی سێ هەفتە.

ئەو پیاوە دەڵێت، نزیکەی مانگێکە ئاوی تۆڕەکە نەگەیشتووەتە ماڵەکەی.

دەشڵێت: خاوەن تانكەرەكان نرخی تانكەر بە ئارەزووی خۆیان دیاری دەكەن، پێنج بەرمیل پڕدەكەنەوە، كە خۆی نرخەكەی لەنێوان 7 بۆ 8 هەزار لیرەی سوریدایە، بەڵام ئەوان  داوای 10 هەزار لیرە دەكەن بۆ هەر تانكەرێک لە ناوچە کەمئاوەکان یان ئەوانەی کە دورەسەستن.

بەڵام خالد جەمال (39 ساڵ) کە خاوەنی تانکەرێکی ئاوە، پێیوایە نرخی پڕکردنەوەی تانکیەکان “کەمن و بەهای هیچیان نییە بە بەراورد بە تێچووەکەی”.

ئەو دەڵێت، سووتەمەنی لە بازاڕی رەش دەكڕێت بە نزیكەی هەزار لیرە بۆ هەر لیترێك و هەر پێنج بەرمیلێك بە شەش بۆ حەوت هەزار لیرە دەیفرۆشێت، هەروەها لە گەشتێكدا نزیكەی 100 هەزار لیرەی دەست دەكەوێت، بەڵام ئەو 12 هەزار لیرە دەدات بە کڕینی ئاوەکە.

هەروەها خەرجی زۆری پێویستە بۆ نۆژەنکردنەوەی ئۆتۆمبیلەکەی، بەوپێیەی “گۆڕینی ڕۆنی بزوێنەر بۆ یەکجار نزیکەی 350 هەزار لیرەی سوری تێدەچێت، ئەمانیش هەفتانە دەیگۆڕن، ئەمە جگە لە تێکچوون و گۆڕینی تایەکان لە هەر ماوەیەکی کورتدا، بە وتەی خاوەن تانکەرەکە.

ئامادەکردن و داڕستنەوەی: سوزدار محەمەد