گرانی نرخ و داڕمانی لیرەی سوریی.. دانیشتوانی مەنبج و رەقە چۆن ژیان بەرێدەکەن؟
فادی ئەلحسێن – نۆرس پرێس
عەدنان لەماوەی دواییدا، نەیتوانی زۆربەی پێداویستییەکانی ماڵەکەی بکڕێت، داڕمانی بەردەوامی بەهای دراوی ناوخۆییش ئازارەکانی ئەو پیاوە زیاتر دەکات، بەو پێیەی تێکچوونی بەهای دراوەکە و کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر ئەو کەسانەی کە داهاتیان سنووردارە زیاترە.
عەدنان ئەلخەلەف (49 ساڵ) دانیشتووی شاری منبەج و شۆفێری تەکسییە، گلەیی لە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر بە لیرەی سوریی دەکات و دەڵێت، چوونە ناو دەرمانخانە بۆ کڕینی یەک پارچە دەرمان پێویستی بە پارەی هەفتەیەک کارکردن هەیە.
ئەلخەلەف دەشڵێت، داڕمانی ئەو دراوە دەبێتە هۆی لەکارکەوتنی ئیش و بژێوی خەڵک لە شارەکەدا، لە کاتێکدا دانیشتووان بەردەوام لە هەوڵدان بۆ دەستەبەرکردنی بژێوی ژیانیان، هەروەها ناوبراو، بارودۆخی ژیان بە “کارەسات” ناودەبات.
بەهەمان شێوە، ئەحمەد بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بە “شمشێرێک بەسەر ملی دانیشتوان و بژێوی ژیانیان” وەسفدەکات، چونکە هەڵاوسانی نرخی ئاڵوگۆڕی دراو بۆتە “کێشەیەکی گەورە” بۆ دانیشتوانی مەنبەج.
دانیشتووان ترسیان لە تێکچوون و خراپتربوونی بارودۆخی ژیان هەیە. داڕمانی ئەو دراوە ئازاری ئەو کەسانە زیاتر دەکات کە داهاتیان سنووردارە لە ژێر ڕۆشنایی سەقامگیری حەقدەستەکانیان لەبەرانبەر لیرەی سووری.
هاوسەنگی شکستیهێنا
ئەحمەد ئەلجیبۆ (52 ساڵ)، دانیشتووی شاری مەنبەج، کە وەک شۆفێری تەکسی لەو شارەدا کار دەکات و خێزانێکی 10 کەسی هەیە، لە گرانیی نرخی دۆلار بەرامبەر بە لیرەی سوریی ئاماژەی بەوەدەکات کە ناتوانێت هاوسەنگی لە نێوان کرێی رۆژانەی خۆی و بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخەکاندا دروستبکات.
ناوبراو بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەشکرد، نرخی دۆلار 10 هەزار لیرەی تێپەڕاندووە، لەکاتێکدا کارەکانیان هاوتا نییە لەگەڵ خەرجییەکانیان، پیاوەکەش بە کرێ کار لەسەر ئۆتۆمبێلەکەی دەکات، بەو پێیەی مووچەی ڕۆژانەی دەگاتە نزیکەی 20 هەزار لیرە، بەڵام ئەوە یەکسان نییە بە نرخی کیسەیەک شەکر، و بەس نییە بۆ کڕینی لەفەیەک و پاکەتێک جگەرە.
نرخی دۆلار 10 هەزار لیرەی تێپەڕاند، لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا، ئەمەش لە دابەزینێکی بەردەوامی بەهای دراوی ناوخۆییدا، کە مەترسی خراپتربوونی رەوشی ژیان هەیە.
بارودۆخی دانیشتوانی باکوری رۆژهەڵاتی سوریا بە گشتی هاوشێوەیە، بەو پێیەی دۆخی دانیشتوانی رەقە جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ دانیشتوانی مەنبەج نییە، هەروەها حەسەن ئەلشەریف (تەمەن 29 ساڵ)، دانیشتووی شاری رەقە و کاردەکات وەک کرێکارێکی رۆژانە و لە ئەنجامی داڕمانی بەهای دراوەکە، ناتوانێت پێداویستییەکانی خێزانەکەی بکڕێت.
شەریف خێزانێکی 6 کەسی هەیە، وە بە مووچەی رۆژانە کاردەکات کە لە 20 هەزار (واتە کەمتر لە دوو دۆلار) تێناپەڕێت، دوای بەرزبوونەوەی نرخی ئاڵوگۆڕی ئاڵوگۆڕی ئەم دواییە، لە کاتێکدا توێژینەوەکان باس لەوە دەکەن کە پێویستی بنەماڵە سورییەکان زیاتر لە 4 ملیۆن لیرەیە، لەکاتێکدا دۆلاری ئەمریکی لە مەودای ٧ هەزار لیرەدا بوو.
بەگوێرەی رێژەی هێڵی هەژاری نەتەوە یەکگرتووەکان، تاکێک رۆژانە پێویستی بە نزیکەی دۆلارێک هەیە، واتە بنەماڵەی “شەریف” بەلایەنی کەمەوە پێویستی بە 10 دۆلارە لە رۆژێکدا.
مووچەی کەم
دانیشتوانی شاری رەقە بە کرێکارانی رۆژانە و فەرمانبەرانی دامودەزگاکانی بەرێوبەرایەتی خۆسەریشەوە گلەیی لە کەمی حەقدەستەکانیان دەکەن، بەو پێیەی کرێی کرێکارانی رۆژانە لە زۆرترین ڕێژەیدا لە 25 هەزار تێناپەڕێت، لە کاتێکدا تێکڕای مووچەی فەرمانبەران لە دەوروبەری 600 هەزارە لە بەرزترین سنووردا.
حەمەد ئەلڕەحیل (46 ساڵ)، جووتیارێکی خەڵکی گوندی ئەلکەجلەی سەر بە شارۆچکەی ئەلکەرەمە لە رۆژهەڵاتی شاری رەقە، هەروەها توانای دابینکردنی پێداویستییەکانی خێزانەکەی نییە.
ئەو پیاوە لەبەر ڕۆشنایی ئەو ماددە خۆراکیانەی پەیوەستن بە نرخی دۆلاری ئەمریکییەوە، رووبەڕووی کێشە دەبێتەوە لە دەستەبەرکردنیان.